لە پەراوێزی کۆوانەکانی سروشتناسیی ئەڕستۆدا (٢)
نوسین و ئامادەکردن: هاوار بەرزنجی
پێداچوونەوەی: د. عیرفان مستەفا
فیزیکا
کتێبی 1
2§
ئەگەر ئەڕستۆ لە خاڵی یەکدا بەگشتی باسی لە هەرسێ هۆکان و بنەماکان و توخمەکان کردبێت؛ ئەوا خاڵی دووەم بە چڕی کۆڵیوەتەوە لە بنەماکان و وەڵامدانەوەی قسەی پێشینان سەبارەت بەو بابەتە. پرسە گریکییەکە بریتییە لە پرسیارکردن سەبارەت بە هیولا؛ هۆکاری ئەمەش لای تۆماس ئەکواینەس ئەوەیە، کە سروشتناسە کۆنەکان تەنها هۆکاری ماتەریییان ناسیوە، وە پێیان وابووە هەرچی هۆکاری فۆرمیییە عەرەزین و جەوهەری نین. پرسی بنەما پرسێکە دەمانباتە نێو کاتیگۆری چەندێتی، ئێمە گەر بە کاتیگۆری چەند بیرمان کردوە، بهناچاری بیرمان بۆ ئەوە بچێت کە بنەما یەکە یان زیاتر، هەربۆیە زۆر گرنگە بزانین ئەڕستۆ چۆن دەڕوانێتە ژمارەکان.
ئەو لە کاتیگۆرییەکاندا پی وایە کە کاتیگۆری چەندەکییەکی پچڕ پچڕە و نابەردەوامن، سنورێکی هاوبەش نادۆزیتەوە بۆ یەکگرتنی ژمارەکان، ئەگەر پێنج بەشێک بێت لە ژمارە دە، ئەوا دوو ژمارەی پێنج لە هیچ کاتێکدا یەک ناگرن. چەندەکی پێچەوانە وەرناگرێت، چوار پێچەوانەی پێنج نییە، بەڵکو پەیوەندییان پێکەوە هەیە (Categories, 6, 4b24-5a14, 5b12-5b29). چەندێتی بوونێکی سەربەخۆی نییە و هەمیشە دەبێت لەگەڵ ئەو شتەدا بێت کە وەسفی دەکات، ئێمە هەرگیز نابینین ژمارە چوار بە جیا بەڕێگادا بڕوات، مەگەر ئەوەی لەگەڵ ئاژەڵێکی چوار پێدا بێت؛ لێ ئەم شتە لە هزردا دەکرێت.
ئێستا با بێینە سەر یەکەم پەرەگرافی خاڵی دووەم.
بە زەروورەت بنەکانمان دەبێت دانەیەک یان چەند دانە بێت؛ ئەگەر دانەیەک بوو، یان دەبێت نەجووڵاو بێت (وەکو ئەوەی پارمەندیس و میلیسوس گوتویانە)؛ یان دەبێت جووڵاو بێت (وەکو ئەوەی سروشتگەراکان پێیان وایە). لێ ئەگەر لە دانەیەک زیاتر بوو، یان دەبێت کۆتادار بێت، یان بێکۆتا؛ ئەگەر هاتوو کۆتادار بێت، دەبێت (٢ یان ٣ یان ٤، …هتد) بێت، وە ئەگەر ناکۆتا بێت، ئەوا دەبێت بەو شێوەیە بێت کە دیمۆکریتوس گوتویەتی(Physics §2, 184b15-184b22).

بنەماکان
ئێمە ناچار بۆ ئەوەی لەم پەرەگرافە تێبگەین، دەبێت پێشتر بڕۆینە لای فەیلەسووفەکانی پێش ئەڕستۆ و، ئاگاداری هەریەکێکیان بین؛ وە گرنگترنین ئەوانەش کە ئەڕستۆ ناوی هێناون، پارمەندیس، میلیسوس، هیراکلیتوس و، دیمۆکیریتۆسە.
هیراکلیتوس
وەحدەت لە لێکدژی و لێکدژی لە وەحدەت، ڕیاڵیتی یەکە و زۆرە لە هەمانکاتدا، ئەم زۆرییە عەرەزی نییە، بەڵکو زاتییە. لای هیراکلیتوس بوون لە صەیروورە(becoming)دایە و هیچ شتێک وەستاو نییە؛ ڕێک بە پێچەوانەی پارمەندیسەوە، لە گەردوونی هیراکلیتوسدا تۆ ناتوانیت دوو جار لە ئاوێکدا مەلە بکەیت؛ ڕێگای سەرەوە هەمان ڕێگای خوارەوەیە. ئەگەر لای ئەناکسیمەندەر لێکدژی هۆیەک بێت بۆ بێنەزمی، ئەوا لای هیراکلیتوس نەک هەر وانییە، بەڵکو بوونی لێکدژییەکان ئەمرێکی بەدیهین. یەک ئەوکات دەتوانێت ئیدامە بە بوونی خۆی بدات ئەگەر لێکدژییەکان بپارێزێت. بۆ هیراکلیتوس ئەم بنەما یەکەمینەیە (Urstoff-ئورشتۆف) بریتییە لە ئاگر. ئاگر بۆ ئەوەی بژێت، پێویستی بەوی تر هەیە، دەبێت مادەی دیکەی وەکو دار، بگۆڕیت بۆ خۆی؛ ئەمە تێرمی ئاوفهێبونگم دەهێنێتەوە یاد کە هیگڵ بەکاری دەهێنێت، Aufhebung، بە کوردی واتە نەفیکردن لە هەمانکاتدا هەڵگرتن و پاراستن؛ ئەوەی لە نێوەندەکەدا دەڕوات، نەفی تەواو ناکرێت، بەڵگو دەگۆڕدرێت.
پارمەندیسی ئیلیایی
لای پارمەندیس بوون هەیە و ناکرێت نەبێت، نەبوون نییە و پێویستە نەبێت. ئەمیان ڕێگای دڵنیاییە و دەناسرێت و ئەویان ناکرێت بناسرێت و کەسیش ناتوانێت گەڕانی تێدا بکات. گۆڕان وەهمە؛ چونکە جووڵە یان لە بوون بۆ بوونە، کە ئەمە جووڵە نییە؛ یان لە نەبوون بۆ بوونە، کە نەبوون نەبێت، ئەمەش نییە؛ کەواتە جووڵە و صەیروورە وهمە. گرنگترین شتێک لە پارمەندیسەوە بۆمان بەجێمابێت پارچەیەک شیعرە و دایەلۆگێکی ئەفلاتون لەسەر پارمەندیس؛ ئەم دایەلۆگە هیگڵ لە پێشەکی فینۆمینۆلۆژیای ڕۆحدا بە گەورەترین دەستکەوتی بیرکردنەوەی دایەلێکتیکیانەی دێرینی دادەنێت (Hegel, Phenomenology of Spirit, Translated by: A. V. Miller, Pp. 44) ؛ بە بڕوای من وەستانی هیگڵ لەسەر ئەو دایەلۆگە و گرنگی پێدانی بەو شێوەیە بۆ ئەو جەدەلە دەگەڕێتەوە کە لەسەر بەش و گشت هەیە لە دایەلۆگەکەدا.
ف. چ. کاپڵستن(F. Ch. Capleston) لە مێژووی فەلسەفە و بێرتراند ڕاسل، لە حیکمەتی ڕۆژئاوادا ئەوەیان هێناوە کە بنەما لای پارمەندیس دانەیەکی نەجووڵاوە، کە لە ڕووی کاتەوە بێکۆتا و لەڕووی شوێنەوە کۆتادار؛ میلیسوس پێی وایە نابێت بوون کۆتاداربێت، چونکە ئەگەر وابێت، ئەوا دەبێت لە پشتی ئەمەوە ناشت هەبێت، واتە بوون بە نەبوون دەورە درابێت. ئەمە گرنگترین شتێکە لە میلیسوسەوە ئێمە بیزانین.
ئەڕستۆ لە ڕەددی پارمەندیسدا، پێی وایە ئەو تێڕوانینەی بوون بە یەکێکی نەجووڵاو دەبینێت، تێڕوانینێکی سروشتییانە نییە، وە کەسێک ئەو تێێڕوانینەی هەبێت، دژی سروشتە، چونکە سروشت لای ئەڕستۆ ئەوەیە کە لە جووڵە و وەستان دایە(Physics, Book I, §2, 185a12-20). ئەو قسەیەی کە پێی وایە بنەما یەکە و نەجووڵاو، تەنها دەکرێت وەکو کاردانەوەیەک بۆ قسەکەی هیراکلیتوس گوترابێت، کە دەڵێت شتەکان هەمیشە لە جووڵاندان.
دیمۆرکریتوسی ئابدرا(Abdera)
دیارترینی ئەتۆمەیستەکانی گریکە؛ بە بڕوای دیمۆکریتوس ژمارەیەکی دوانەهاتوو لە یەکەی نەبینراو هەیە، پێیان دەوترێت ئەتۆم. هێندە بچووکن کە دەرکیان پێناکرێت لەلایەن هەستەکانەوە. لە شێوە و قەبارەدا جیاوازن، لێ خاوەنی چۆنێتی نیین. ژمارەیان دوانەهاتووە و لە بۆشاییدا دەجووڵێنەوە. لای دیموکریتوس شیرین و تاڵ، گەرم و سارد، ڕەنگ، تەنها لە قانوونی سروشتدا بوونیان هەیە، لێ لە ڕاستیدا تەنها ئەتۆمەکانن. هەستەکان هیچ ئاگاییەکمان سەبارەت بە ڕیاڵیتی پێ نابەخشن؛ بەڵکو مەعریفەیەکی هەڵەمان دەدەنێ. ئەتۆمەکان تەنها لەڕێی عەقڵەوە قابیلی دەرکن؛ هەر ئەمەشە وا دەکات کە گوایە هەردوو چاوی خۆی دەرهێناوە، هەتا ڕۆشنایی هەستەکیی چاوەکان، ڕێگر نەبێت لە ڕۆشنایی هێزی عەقڵ. ئێمە خاوەنی دوو مەعریفەیەن، هەستەکانی وەکو بینین، بیستن، بۆنکردن، لەمسکردن، هەموو ئەمانە سەر بە ناسینی ناڕاستەقینەن، لێ مەعریفەی حەقیقی شتێکی جودایە لەمە.
کاڕڵ مارکس، تێزی دکتۆراکەی خۆی لەسەر جیاوازی نێوان فەلسەفەی دیمۆکریتس و ئەپیکۆر دەهێنێت؛ گرنگرتین شتێک کە ئەو جەختی لەسەر دەکاتەوە بوونی لەڕێدرەچوونە لەسەر هێڵی ڕاست(انحراف-Declination) کە لە ئەتۆمی ئەپیکۆردا هەیە و لای دیموکریتوس بوونی نییە. ئەمە وادەکات قەید و بەندی زەروورەتی جەبری دیموکریتوس بشکێت و سودفە بێتە ناو ئەتۆمەوە. ئەگەر لە تێڕوانینی کوانتەم میکانیکەوە لەم بابەتە بڕوانین، ئەپیکۆر زیاتر نزیکترە لە فەهمی ئەمڕۆیی بۆ پارتیکڵەکان وەک لە هیراکلیتوس.
ئێستا تاڕادەیەک قسەکانی ئەڕستۆ سەبارەت بە پێشینەکان ڕوونترە بۆمان، کە دەڵێت ئەگەر بنەما لەڕووی ژمارەوە ناکۆتابێت وەکو ئەوەی دیموکریتوس دەیڵێت، لە جۆردا یەکن، لێ لە شێوە و قەبارەدا جیاواز، یان لە جۆردا جیاواز و لێکدژ.
زانستە گشتییەکان
ئەڕستۆ پێی وایە کەسێک کە دژی بنەماکانی هەندەسە دەوەستێتەوە، وەزیفەی زانایەکی هەندەسی نییە وەڵامی بداتەوە، بەڵکو ئەمە پەیوەستە بە زانستێکی دیکەوە، کە زانستە گشتییەکانە(common science) کە فەلسەفەیە. ئەرکی ئەم زانستە وەڵامدانەوەی ئەو پرسارەیە کە زانستە فەرعییەکان پێیان وەڵام نادرێتەوە؛ واتە لە شوێنێکدا هەریەک لەو زانستانە پێویستیان بە وەڵامدانەوەی پرسیارێکە کە خۆیان پێیان وەڵام نادرێتەوە. هیگڵ لە فینیۆمینۆجیی ڕۆحدا زۆر بە ڕوونی لەسەر ئەم زانستە دواوە و دەڵێت با زانستەکانی تر بەبێ فەلسەفە هەوڵ بدەن چەند پێیانخۆشە مشتومڕ بکەن؛ بەبێ فەلسەفە، زانستەکان ناتوانن نە ژیان و ڕۆح، وە نە حەقیقەت هەڵ بگرن. (G. F. W. Hegel, Phenomenology of Spirit, Translated by A. V. Miller, Preface, Pp. 41). کە لە ئەڕستۆوە دەگەڕێیتەوە بۆ هیگڵ، کۆدەکانی سیستەمە فەلسەفییەکەی هیگڵ باشتر خۆیان نومایان دەکەن. ئەو فەلسەفەیەی هیگڵ لێرەدا باسی لێوە دەکات، هەمان ئەو زانستە گشتییەیە کە ئەڕستۆ لە کتێبی فیزیکادا لەسەری دەدوێت.

با زانستەکانی تر بەبێ فەلسەفە هەوڵ بدەن چەند پێیانخۆشە مشتومڕ بکەن؛ بەبێ فەلسەفە، زانستەکان ناتوانن نە ژیان و ڕۆح، وە نە حەقیقەت هەڵ بگرن. هیگڵ (١٧٧٠-١٨٣١ز)
بەڵگەکەی ئەنتیفۆن
ئەنتیفۆن سۆفیستاییەکەی هاو سەردەمی سۆکراتە، ئەڕستۆ نموونەی بەڵگە هێنانەوەکەی ئەنتیفۆن دەهێنێتەوە لە چوارگۆشەکردنی بازنە(Squaring a circle)، هەرچەندە ئەڕستۆ پێی وایە وەزیفەی زانایەک نییە وەڵامی ئەم بەڵگانە بداتەوە. ئەو تەنها دەبێت ڕەدی ئارگیومێنتە نادروستەکان بداتەوە. لێ ئێمە هەڵوەستەی تەواوی لەسەر دەکەین.
دەکرێت بەڵگەکەی ئەنتیۆفۆن لە ڕووی هۆکاری ماتەریی و کاتیگۆری چەندێتیەوە دروست؛ بۆ نموونە دەکرێت چوارگۆشە و بازنە هەردووک لە یەک ماتەر دروست کرابێتن؛ یان دەکرێت ئەو گورێسەی بازنەیەکی دروست کردووە، هەڵوەشێنرێتەوە و چوارگۆشەیەکی پێ دروست بکرێت؛ لێرەدا پێوەر و ماتەرەکە یەک شت دەبێت لە هەردووکیاندا. زیاتر لەمە، دەکرێت بازنە دابەش بکەین بۆ چوار بەشی یەکسان، پاشان پارچە بڕاوەکان بکەین بە هێڵی یەکسان و چوارگۆشەیەکی پێ دروست بکەین.(لهو وانهیهدا پهرهگرافهكهم به دروستی نهخوێندهوه ئهرستۆ دهڵێت ئهندازیارهكان به زانستهكهی خۆیان دهتوانن ئهوه رهت بكهنهوه بهڵام بهڵگهكاریهكهی ئهنتیفۆن رهت ناكرێتهوه، بۆ ئهمهش هیچ روونكردنهوهیهكی نهداوه. من له لێكدانهوهی ئهوهدا ئهوهم روونكردهوه كهبۆچی چوارگۆشهبوونی بازنه مومكین نییه؟ ئهوهش له رێگهی ئۆنتۆلۆجیاوه رهتكردهوه بهوهی كه دهكرێت هیولای چوارگۆشهیهك و بازنهیهك ههمان هیولاو ههمان چهندیهتی بێت بهڵام ههم چوارگۆشه به هیولاكهی چوارگۆشه نییهو ههم بازنهش به هیولاكهی بازنه نییه، ئهوان به فۆرمهكهیان چوارگۆشهو بازنهن. ئهوهش وا دهكات چوارگۆشهبوونی بازنه مومكین نهبێت فۆرمی ئهوانه كه بوونی ئهوان وهك دوو بوونهوهری جیا دیاری دهكات كه له هیولادا یهكسانن بهڵام له فۆرمدا جیاوازن. بۆیه به پێچهوانهی ئهوهی كه ئهرستۆ دهیڵێت له رێگهی زانستی ئهندازهوه ئهو ئارگۆمێنتانه ههڵناوهشێنرێنهوه كه بۆ سهلماندنی چوارگۆشهبوونی بازنه كراون چونكه زانستی ئهندازه زانستی فۆرمهكان نییه و پهیوهندی بهوهوه نییه كه لهشێوه ئهندازهییهكاندا چۆنیهتی و شێوهیه، ئهندازه سهرقاڵه به پێوانی ئهو چهندییهتیانهوه كه شێوه ئهندازهییهكان ههیانه. بۆیه بۆ ههڵوهشاندنهوهی بهڵگهكارییهكان تهنها دهتوانین پشت به ئۆنتۆلۆجیا ببهستین كه له چیهتی شێوه ئهندازهییهكان دهكۆڵێتهوه چیهتیهكهیان به شێوهكانیانهوه دهبهستێت. نموونه پهتهكهم بۆ ساغكردنهوهی ئهمه هێناوهتهوه. گرنگه لێرهدا ئاماژه به كۆوانهكانی سروشتناسی بكرێت. زیادکراوی د. عیرفان مستەفا)

بەڵگەکەی ئەنتیفۆن لە مەڕ چوارگۆشەکردنی بازنە.
هەردوو گەورە شاریحی ئەڕستۆ، تۆماس ئەکواینەس و، و. د. ڕۆس (W. D. Ross) لە شەرحی فیزیکادا بە درێژیی لەسەر بەڵگەکەی ئەنتیفۆن ڕۆیشتوون؛ بەڵگەکە تارادەیەک ناڕوونە، هەریەکە و بەجۆرێک هێناویەتی. بەکورتی ئاوایە، وێنای بازنەیەک بکە، چوارگۆشەیەکی لەناودایە، بە دابەشکردنی ئەو ئارک(arc)ەی بازنە کە لە بەرامبەر لایەکانی چوارگۆشەکەیە بۆ نیوە، پاشان کێشانی هێڵی ڕاست لەنێوان هەر هەشت گۆشەکەدا، هەشت لایەک(octagon) دروست دەبێت. هەمان پرۆسیجەر دووبارە بکەرەوە، ئەوجارە ١٦ لامان بۆ دروست دەبێت؛ بە بەردەوامی ئەم کردارە بکەین، لە کۆتادا دەگەین بە شێوەیەک کە زۆر نزیکە لە بازنەوە.
لێ بەڵگەکەی ئەنتیفۆن دەکرێت لە چەند ڕوویەکەوە وەڵام بدرێتەوە، یەکەم ئەوەی کە لە ئەندازەدا هاتووە، لە پێناسەی بازنەدا هاتووە، کۆمەڵە خاڵێکن کە بە هەمان دووری لە خاڵی چەقەوە لە سەنتەرەوە دوورن؛ لێ چوارگۆشە چوارلایەکی خاوەن چوار گۆشە وەستاوە و هەر چوارلاکەی یەکسانە و تەریبە بە یەکتر؛ کە ناکرێت ئەم دوو پێناسەیە هیچکات یەکسان بن. تەنانەت لە ئەندازەدا چوارگۆشە بە فرەلا(Polygon) دادەنرێت، لێ بازنە لەو پۆلبەندییەدا جێی نابێتەوە، چونکە مەرجێکی فرەلا ئەوەیە کە لە هێڵی ڕاست دروست بووبێت، لێ بازنە لە هێڵی چەماوە دروست بووە. نەک هەر ئەمە، لە ئەندازەدا، تەنها یەک خاڵی یەکتربڕین هەیە لەنێوان هێڵێکی چەماوە و هێڵێکی ڕاستدا؛ لە ئەندازە ئیقلیدسدا هێڵی ڕاست هەرگیز یەکسان نییە بە هێڵی چەماوەی بازنە (arc). (ئهمهیان رهتكردنهوهی حوكمهكهیهله رێگهی ئهندازهوه، بهڵام ئهم رەتكردنهوهیه دهچێته دهرهوهی بابهتهكهی و له رێگهی جیاوازی پێوهرهكانی چوارگۆشه و بازنهوه كه پێوهری راستههێڵ و چهماوهیه تهماهیكردنهكهی چوراگۆشهو بازنه ههڵدهوهشێنرێتهوه. واته جیاوازی پێوهرهكان بهه ئهنالۆگی جیاوازی پێوهراوهكان دهسهلمێنێ. بهڵام ههڵوهشاندنهوه ئۆنتۆلۆجیهكه له رێگهی بازنهو چوارگۆشه خۆیانهوهیه نهك پێوهرهكانیان. زیادکراوی د. عیرفان مستەفا)
دژ بە ئیلییەکان
ئەڕستۆ بە درێژیی لەسەر بەڵگەی ئیلییەکان دەڕوات، سەبارەت بەوەی کە دەڵێن بنەما یەکە. ئەو پێی وایە کەسانێک کە باوەڕیان وایە هەبوو یەکە، دەبێت ڕوونی بکەنەوە کە ئایا مەبەستیانە بڵێن کە هەبوو جەوهەرە (وەکو پیاوێک، ئەسپێک)، یان چۆنێتییە (وەکو گەرمی، سپێتی)، یان چەندێتییە؛ چونکە ئەمانە قسەگەلی جیاوازن. جەوهەر لای ئەڕستۆ، یەکێکە لە دە کاتیگۆرییەکان، کە هەموو ئەوانی تر دەبنە بار بۆ جەوهەر، لێ جەوهەر نابێتە بار بۆ بۆ هیچ یەکێک لەوان و، پێچەوانەی نییە، جەوهەر هەمیشە بنەیە(بارهەڵگرە). بەڵگەکان دژ بە ئیلییەکان لەم چەند خاڵەدا چڕ دەبێتەوە:
١.ئەگەر ئەو هەبووە کە دەڵێن یەکە، جەوهەر و چۆنێتی و چەندێتی هەبێت (جیابن لە یەکتر یان نا)، کەواتە هەبوو زۆرە نەک یەک.
٢.ئەگەر مەبەستیان ئەوەیە هەبوو تەنها خاوەنی کاتیگۆری چەندێتی و چۆنێتییە، ئەوا بانگەشەکەیان نامەعقولە، چونکە ئەگەر جەوهەر وەکو بارهەڵگر بوونی نەبێت، ئەوا باری چۆنێتی و چەندێتیش بوونیان نابێت.
٣.ئەوەی میلیسوس دەیڵێت، کە هەبوو ناکۆتایە، کەواتە دەبێت هەبوو خاوەنی کاتیگۆری چەندێتی بێت، چونکە ناکۆتا بەشێکە لە کاتیگۆری چەند؛ ئێمە لە پێناسەکردنی چەندێتیدا، پێویستمان بە کاتیگۆری جەوهەر و چۆنێتی نابێت لە کاتێکدا جەوهەر و چۆنێتی مومکین نییە ناکۆتا بن، مەگەر لە عەرەز. کەواتە ئەگەر هەبوو هەم جەوهەرە هەمیش چەند، ئەوا لەو حاڵەتەدا دووە نەک یەک.
٤.ئەگەر تەنها جەوهەرە، ئەوا نە ناکۆتایە، وە نەیش خاوەنی چەندە؛ ئەگەر نا، ئەوا دیسانەوە دەبێتەوە بە چەند.
* دەکرێت بە سێ شێوە “یەک” بەکار دەهێنرێت. یان نەپچڕاوە(بەردەوام) وەکو هێڵ و جەستە؛ یان دابەشنەبوو وەکو خاڵ؛ یان ئەو شتانەی کە لە ڕووی پێناسەوە یەک شتن، وەکو شەراب و خواردنەوە.
سەبارەت بە بەردەوامیی
ئەگەر مەبەستیان لە یەک، شتی پێکبەستراوە(بەردەوامە)، کەواتە یەک زۆرە، چونکە شتی پێکبەستراو تا ناکۆتا دابەشبووە. لەبەر ئەوەی بەردەوامی تا ناکۆتا دابەش دەبێت، ئەمە وا دەکات نەک هەر زۆربن بەهۆی جیاوازی بەشەکانە، بەڵکو لەنێوان بەش و گشتیشدا ئەمە ڕوو دەدات.
ئەمە دەمانباتە نێو دایەلێکتیکی بەش و گشت، ئایا بەش و گشت یەک شتن یان زیاتر، ئەگەر یەک شتن، بە چ مانایەک یەک شتن؛ ئەگەر زۆرن، بە چ مانایەک زۆرن. ئەگەر بڵێین دوو بەش لەگەڵ یەک گشتدا یەکن، ئەوا بەدیهییە کە دەبێت ئەو دوو بەشەش لەگەڵ یەکدا یەکسان بن. ئەگەر أ=ب، وە ب=ج، ئەوا أ=ج.
و. د. ڕۆس لە شەرحی ئەم قسەیەی ئەڕۆتسۆدا دەڵێت، ئەگەر دەستی من لەگەڵ مندا یەکە، وە پێی من لەگەڵ مندا یەکە، کەواتە دەستی من، پێی منە.
سەبارەت بە دابەشنەبوو
ئەگەر مەبەستیان لە یەک، دابەشنەبووە، کەواتە هەبوو مومکین نییە خاوەنی کاتیگۆری چۆنێتی و چەندێتی بێت. کەواتە بەو شێوەیە نییە کە میلیسوس دەیڵێت ناکۆتایە و نە بەوشێوەی کە پارمەندیس دەیڵێت کۆتادار.
سەبارەت بە پێناسە
ڕەخنەی گەورەی ئەڕستۆ لەوێدایە کە ئەگەر ئیلییەکان مەبەستیان لەوەیە هەبوو یەکە لەڕووی پێناسەوە، کەواتە هەمان ئەو شتە دەڵێن کە هیراکلیتوس دەیڵێت، کە لەوێدا خراپبوون و چاکبوون یەک شتن؛ وە لەو کاتەدا هەموو هەبووەکان دەبن بە یەک (بوون و نەبوون دەبن بە یەک، ئەگەر هەموو بوون بێت، کەواتە هەموو نەبوونە.) و ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە هیچ شتێک بوونی نییە.
کۆتایی
فەیلەسووفەکانی کۆن هەستیان بەو مەترسیە کردووە کە بوون هەمیشە کێشە دروست دەکات، یەک و هەموو تێکەڵ دەکات؛ هەربۆیە بۆ ئەوەی خۆیان بەدوور بگرن لە یەک، فرمانی (is)ی ئینگلیزی کە دەبێتە (ه) لە کوردیدا، لابردووە. وە لە باتی ئەوەی بڵێن “مرۆڤ سپییە”، شێوەی بەیانکردنی قسەکەیان گۆڕیوە و گوتویانە “مرۆڤ سپی بووە”؛ د. عیرفان مەستەفا پێی سەیرە کە چۆن مارتن هایدگەر لە کتێبی بوون و کاتدا دەرکی بەم خاڵە نەکردووە، کە دەڵێت گریکییەکان بوونیان لەبیرکردووە.
سەرچاوەکان
– Physics, Aristotle, Translated by R. P. Hardie and R. K. Gaye
-Aristotle’s Physics, A revised text with introduction and commentary, W. D. Ross, 1936.
St. Thomas Aquinas, Commentary on Aristotle’s Physics-
– Frederick Copleston, A History of Philosophy, Vol I: Greece and Rome, From Pre-Socratics to Plotinus
– Karl Marx, The Difference Between the Democritean and Epicurean Philosophy of Nature, Doctoral Dissertation, 1840-1841
– Parmenides, On nature, Translated by: John Burnet, 1892
– حمکة الغرب، تأليف: برتراند رسل، ترجمة: د. فؤاد زكريا.
– ارسطو، سماع طبیعی (فیزیک) ، ترجمە: محمد حسن لطفی
– کۆوانەکانی سروشتناسیی ئەڕستۆ، د. عیرفان موستەفا