فیزیا پێویستی بە فەلسەفەیە/ فەلسەفە پێویستی بە فیزیایە

کارلۆ ڕۆڤێلی
وەرگێڕانی سەروەر محەمەد

هەمیشە فەلسەفە لە بەرەوپێشچوونی زانستدا ڕۆڵی بنەڕەتیی گێڕاوە، ئەمەش بەتایبەت لە فیزیادا ڕەنگی داوەتەوە و زۆر پێدەچێت لەسەر ئەم نەزمە بەردەوام بێت.
پێچەوانەی ئەو بانگەشانەی دەڵێن فەلسەفە پەیوەندی بە زانستەوە نییە، فەلسەفە هەمیشە پەیوەندی بە فیزیاوە هەبووە، هەیەتی و لەوە کاریگەرترە لەسەر زانست کە بەشێوەی گشتیی گریمانە کراوە. لە ئێستادا ئایدیلۆجیایەکی دژە-فەلسەفی دیاریکراو کاریگەریی نەرێنی لەسەر بەرهەمداریی زانست هەیە. ئەو هەنگاوە بایەخدارانەی بەم دواییانە لەلایەن فیزیای تاقیکارییەوە نراون هەموویان ئەو بۆچوونانە بەتاڵ دەکەنەوە کە لە فیزیای تیۆرییدا لەخۆوە قەبڵێنراون. دەرەنجامە ئەزموونییەکان، وەکو دەرخستنی تەنۆلکەی هیگز، شەپۆلەکانی کێشکردنیی و سەرنەکەوتنی ئەوهەوڵەی بۆ دەرخستنی بەرزە-هاوتایی  درا کە زۆرێک لە خەڵک پێشبینیان کردبوو، نیشانەی پرسیار دەخەنە سەر ڕەوایەتی ئەو گریمانە فەلسەفییەکانی لەناو فیزیکزانە تیۆرییەکاندا بڵاون، بانگهێشتمان دەکەن بۆ بەشداریکردن لە بیرکردنەوەیەکی فەلسەفیانەی ڕوونتر لەهەمبەر میتۆدی زانستیی.

کارلۆ ڕۆڤیلی، زانای بواری فیزیایی تیۆری

“لەدژی فەلسەفە” بریتییە لە ناونیشانی بەشێکی کتێبێک کە لەلایەن فیزیکزانی گەورەی نەوەی ڕابردوو ستیڤن واینبێرگ-ەوە نووسراوە. واینبێرگ ڕەوانبێژانە بەڵگەسازیی دەکات کە فەلسەفە زیاتر زیانی  بۆ فیزیا هەیە تا سوود – زۆرجار کۆتوبەندێکە کە پێویستە فیزیکزانان خۆیانی لێ ڕزگاربکەن. ئەو قسەیەی ستیفن هۆکینگ بەناوبانگە کە نووسیویەتی “فەلسەفە مردووە” لەبەرئەوەی ئەو پرسیارە گەورانەی کە دەبوو لەلایەن فەیلەسووفانەوە گەنگەشە بکرێن ئێستا لەژێر دەستی فیزیکزانان دان. نیڵ دیگراس تایسن بەئاشکرا وتویەتی : “… لەبارەی گەردوونی فراوانبووەوە فێردەبین، … لەبارەی فیزیای کوانتەمەوە فێردەبین، هەریەک لەوانە دەکەونە دەرەوەی ئەوەی تۆ لە کورسییەکەتەوە [مەبەستی فەلسەفەیە] ئەنجامگیریی دەکەیت کە تەواوی کۆمەڵەی فەیلەسوفان … لەبنچینەدا کرابوون بە کۆنەخواز ” هاوڕانیم. هەمیشە فەلسەفە لە بەرەوپێشچوونی زانستدا ڕۆڵی بنەڕەتیی گێڕاوە. ئەمەش بەتایبەت لە فیزیادا ڕەنگی داوەتەوە و زۆر پێدەچێت لەسەر ئەم نەزمە بەردەوام بێت. ئەمە وتووێژێکی دوورودرێژە. بەشێکی دیاری ئەم وتووێژە لە سەردەمی کلاسیکدا لە ئەسینا کراوە. لەو کاتەدا، گەنجان لە خوێندنگا بەناوبانگەکاندا فێرکراون. دوو لەوانە دیارن: خوێندنگای ئایزۆکراتیس و ئەکادیمی کە لەلایەن پلاتۆ-وە دامەزراوە. ڕکابەرییەکەی نێوانیان تەنها لەبارەی کواڵتییەوە نەبوو: ڕێگای فێرکردنیان جیاوازبوو. ئایزۆکراتیس فێرکردنی کردارەکیی ئاست بەرزی پێشکەش کردووە. ئەو توانا و زانینەی فێری گەنجانی ئەسینا دەکرد کە ڕاستەوخۆ پیویست بوو بۆئەوەی ببن بە سیاسەتمەدار، پارێزەر، دادوەر، تەلارساز و شتی لەو شێوەیە. ئەکادیمی تیشکی خستبووە سەر گەنگەشەکردنی پرسیارە گشتییەکانی هەمبەر بنەماکان: دادپەروەریی چییە؟ باشترین یاساکان چین؟ جوانیی چییە؟ مادە لەچی درووست بووە؟ پلاتۆ ناوێکی باشی بۆ وەستان لەسەر ئاریشەکان داهێنابوو : “فەلسەفە”.
ڕەخنەکانی ئایزۆکراتیس لە ڕێبازەکەی پلاتۆ بۆ فێرکردن و زانین ڕاستەوخۆ و نایابانە وەکو ئەو بانگەشەیە بوون کە ئێستا لەلایەن زانایانی سەردەمەوە دەکرێت و مشتومڕ لەسەر ئەوە دەکەن کە فەلسەفە هیچ ڕۆڵێکی لە زانستدا نییە: ” ئەوانەی خەریکی فەلسەفەن، سەلماندنەکان و ئاڕگومێنتەکان دیاریدەکەن…  و ڕاهاتوون لەسەر پرسیارکردن، بەڵام بەشدارییان لە هیچ لایەنێکی کردارەکییدا نییە،… تەنانەت ئەگەر ڕووبدات بتوانن شتێک ئەنجام بدەن، بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی خراپتری دەکەن، لەکاتێکدا ئەوانەی هیچ زانینێکیان لەبارەی ئاڕگومێنتەکانی فەلسەفەوە نییە، ئەگەر لەسەر زانستە بەرهەستییەکان ڕاهێنرابن و بۆچوونی ڕاستیان هەبێت، ئەوا بۆ هەموو مەبەستە کردارەکییەکان لەئاستێکی بەرزتردان. بۆیە فەلسەفە بۆ زانستەکان بەتەواوەتی بێسوودە.”
لەو سەروبەندەدا، خوێندکارێکی گەنجی گەشاوە لە خوێندنگاکەی پلاتۆ لە وەڵامی ڕەخنەکانی ئایزۆکراتیس-دا نامیلکەیەکی نووسی: پڕۆتڕێپتیکەس (Protrepticus)، نووسینێک کە لەکۆندا بەناوبانگ بوو. ئەو گەنجە بەتوانایەی کە دانەری نامیلکەکە بوو دواتر ئەسینای بەجێهێشت، بەڵام لەکۆتاییدا بەمەبەستی کردنەوەی خوێندنگای خۆی گەڕایەوە، دەستی بە کارکردن کرد. ناوی ئەرستۆتاڵ بوو. دوو هەزار ساڵ لە پێشکەوتنی فەلسەفە و زانست داکۆکییەکەی ئەرستۆتاڵ لە فەلسەفە لەبەرامبەر تۆمەتەکانی ئایزۆکراتیس کە  دەیوت فەلسەفە بێ سوود و بێ بەرهەمە، پاساودەدات یان بەلایەنی کەمەوە بەهێزی دەکات. هێشتا ئاڕگومێنتەکانی بەسوودن و دەتوانین سەرۆیان لێوەربگرین بۆ ئەوەی وەڵامی ئەو بانگەشانەی ئێستای پێ بدەیتەوە کە دەڵێن فەلسەفە بێ سوودە بۆ فیزیا.
یەکەم ئاڕگومێنتی ئەرستۆتاڵ ئەو ڕاستییەیە کە دەڵێت تیۆریی گشتیی پشتگیر و بەسوودە بۆ بەرەوپێشچوونی  پراکتیس. ئێستا، دوای دوو هەزار ساڵ کە تێیدا هەریەک لە فەلسەفە و زانست بەشێوەیەکی بەرچاو بەرەوپێش چوون، بەڵگەی مێژوویی پەیوەست بە کاریگەریی فەلسەفە لەسەر زانست گەلێک زۆرە.

ئەمانە هەندێک نموونەی ئەو کاریگەرییەن لە بوارەکانی ئەستێرەناسیی و فیزیادا. ئەستێرەناسیی کۆن- واتە؛ هەموو ئەوەی دەیزانین لەبارەی خڕێتی زەوی، قەبارەکەی، قەبارەی مانگ و خۆر، دووریی مانگ و خۆر، جووڵەی هەسارەکان لە ئاسماندا و ئەو بنچینانەی کە لێیانەوە ئەستیرەناسیی مۆدێرن و فیزیای مۆدێرن سەریان هەڵداوە- بەرهەمی ڕاستەوخۆی فەلسەفەیە. ئەو پرسانەی کە هاندەری ئەم بەرەوپێشچوونە بوون لە هەریەک لە ئەکادیمی و لایسوم [ ئەو شوێنەی ئەرستۆتاڵ لە ئەسینا وانەی تێدا دەگوتەوە] دا لەسەریان وەستاون. هاندەرەکان بابەتی تیۆریی بوون تا کردارەکیی. چەندین سەدە دواتر، هەنگاوی گەورەیان بەرەو پێشەوە نا بەڵام بە ئەندازەیەکی زۆر پشتیان بە میراتە کۆنەکە بەستبوو. زانینی پێشوویان بەرفراوانکرد، دووبارە لێکدانەوەیان بۆکرد، لەقاڵبیان دایەوە، ئینجا لەسەر ئەو بنچینەیە دەستیان کرد بە کارکردن. بەبێ فیزیای ئەرستۆتاڵ-یی کارەکەی گالیلیۆ نەکردە دەبوو. ئاشکرایە کە نیۆتن قەرزداری فەلسەفەی کۆنە، بەتایبەت دێمۆکرایتەس، بۆ ئەو ئایدیایانەی کە بەشێوەیەکی بنچینەیی لە هاندەرە فەلسەفییەکانەوە هەڵقوڵیوون، وەکو فیکرەی فەزای بەتاڵ، [تیۆریی] ئەتۆمیی و جووڵەی سروشتیی هێڵی ڕاست. گەنگەشە گرنگەکەی لەمەڕ سروشتی فەزا و کات لەسەر گەنگەشەکەی لەگەڵ (و لەدژی) دەیکارت بیناکراوە.
لە سەدەی بیستەمدا، هەردوو پیشکەوتنە گەورەکەی ناو فیزیا بە ئەندازەیەکی زۆر لەلایەن فەلسەفەوە کاریان تێکرا. میکانیکی کوانتەم لە تێگەیشتنی ڕاستەوخۆی هایزنبێرگ-ەوە هەڵتۆقی، لەسەر ئەو ڕەوشە پۆزەتیفیستە فەلسەفییە بنیاتنراوە کە خۆی تێدا دۆزیەوە:  کەسێک زانین بەدەست دەهێنێت تەنها بە پشتبەستن بەوەی کە بینراوە. پوختەی پەیپەرە گرنگەکەی ساڵی ١٩٢٥ ی هایزنبێرگ لەبارەی تیۆریی کوانتەم بە ڕوونی ئاماژە بەمە دەدات: ” مەبەست لەم کارە دانانی بنچینەیەکە بۆ تیۆریی میکانیکی کوانتەم بەتەنها بینا لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ئەو بڕانەی کە لە بنچینەدا بینراون “. هەمان ئەو بۆچوونە ڕوونە فەلسەفییانە هاوکاری دۆزینەوەی تیۆریی ڕێژەیی تایبەتی ئاینشتایین بوون: بەتەنها پشتبەستن بەوەی کە بینراوە، دەزانین کە فیکرەی هاوکاتیی سەرلێشێوێنەرە.  ئاینشتایین زۆر بە ئاشکرا هەستی بە قەرزداریی خۆی لەبەرامبەر نووسینە فەلسەفییەکانی ماخ و پۆنکارێ کرد. تەنانەت کاریگەرییە فەلسەفییەکانی سەر بیرۆکەی ڕێژەیی گشتیی بەهێزتربوون. جارێکی تر، ئاینشتایین بەڕوونی هەستی بە قەرزداریی خۆی لەبەرامبەر ئارگومێنتە فەلسەفییەکانی هەریەک لە لایبنز، بێرکلی و ماخ کرد. ئاینشتایین وتویەتی کە تەنانەت شۆپنهاوەر کاریگەرییەکی بەربڵاوی لەسەر هەبووە. لەوانەیە ناسینەوەی ئایدیاکانی شۆپنهاوەر لەبارەی کات و نواندنەوە لەناو ئەو ئایدیایانەی ئاینشتایین-یان بەرەو ڕێژەیی گشتیی پەلکێش کرد، قوورس نەبێت. بۆ گەورەترین فیزیکزانی سەدەی بیست کە سەرنجێکی ئاشکرای لەسەر فەلسەفە بووە و لە تەمەنی پانزە ساڵیدا هەرسێک کتێبەکەی کانت-ی لەبارەی ڕەخنەوە [ ڕەخنەی ئەقڵی پەتی، ڕەخنەی ئەقڵی پڕاکتیکیی و ڕەخنەی دادگەریی] خوێندۆتەوە، ئایا دەکرێت ئەمە تەنها ڕێکەوتێک بێت؟

بۆچی ئەم کاریگەرییە؟ لەبەرئەوەی فەلسەفە میتۆدگەلی وا دابین دەکات کە بەرەو بۆچوونی نوێ و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە ئاڕاستەت دەکەن. فەیلەسوفان ئەو تووڵ و توانایانەیان هەیە کە فیزیا پێویستی پێیەتی، بەڵام ناکەونە ناو کایەی پێگەیاندنی فیزیکزانانەوە: شیکردنەوەی هزریی، سەرنجدان لە ناڕوونیی، وردیی لە دەربڕین، توانای دەرخستنی کەلێنی ناو ئاڕگومێنتە ستانداردەکان، داهێنانی بۆچوونی تەواو نوێ، دیاریکردنی خاڵە لاوازە هزرییەکان و گەڕان بەدوای لێکدانەوە هزرییە جێگرەوەکان. کەس لە ئاینشتایین خۆی باشتر ئەمە ناڵێت: ” زانینێک لە باگراوندی مێژوویی و فەلسەفییەوە بێت جۆرێک لە سەربەخۆیی لە ئالیگرییەکانی ئەو کاتە دیاریکراوە دەڕەخسێنێت کە زۆرێک لە زانایان دەناڵینن بەدەستییەوە. ئەو سەربەخۆییەی لەلایەن بیرکردنەوە فەلسەفییەکانەوە درووست کراوە -بەبۆچوونی من- نیشانەی جیاکردنەوەی شارەزا یان پسپۆڕێکی ڕووتە لە هەڵوەدایەکی ڕاستەقینە بەدوای ڕاستیدا “. هەندێک جار دەوترێت زانایان هیچ شتێک ناکەن تا سەرەتا ڕوخسەت لە فەلسەفە وەرنەگرن. ئەگەر ئەوە بخوێنینەوە کە گەورەترین زانایان چییان لەبارەی بەسوودیی فەلسەفە وتووە، فیزیکزانانی وەک هایزنبێرگ، شرۆدینگێر، بۆڕ و ئاینشتایین، دەبینین بۆچوونەکانیان پێچەوانەی بۆچوونەکانی هۆکینگ و واینبێرگ-ە.
ئەمەش دووەم ئاڕگومێنتی ئەرستۆتاڵە: ئەوانەی ئینکاریی لە بەسوودیی فەلسەفە دەکەن، خەریکن کاری فەلسەفی دەکەن . ئەم قسەیە هێندە بێ بەها نییە وەک لەیەکەم خوێندنەوەیدا دەردەکەوێت. ستیڤن واینبێرگ و ستیفن هۆکینگ دەرەنجامی زانستیی گرنگیان بەدەست هێناوە. لەم بارەدا خەریکی کاری زانستیی بوون. لێ لە نووسینی شتی وەک “فەلسەفە سوودی بۆ فیزیا نییە” و ” فەلسەفە مردووە” خەریکی کاری فیزیایی نەبوون. بەڵکو بیریان لە باشترین ڕێگا بۆ بەرەوپێشبردنی زانست کردۆتەوە. کێشەکە ڕێبازناسیی(میتۆدۆلۆجیی) زانستە: بابەتی سەرەکیی لە فەلسەفەی زانستدا ئەوەیە کە بپرسی زانست چۆن ئەنجام دراوە و دەبێت چۆن ئەنجام بدرێت تا زیاتر کاریگەربێت. زانا باشەکان بیر لەو ڕێگایانە دەکەنەوە کە خەریکن زانستی پێ ئەنجام دەدەن، شتێکی گونجاوە کە واینبێرگ و هۆکینگ ئەو شتەیان کردووە. بەڵام چۆن؟ ئەوان ئایدیایەکی دیاریکراو لەمەڕ ڕێبازناسیی زانست دەردەبڕن. ئایا ئەمە یەکەم و کۆتا ڕاستییە لەبارەی ئەوەی کە زانست هەمیشە چۆن ئیشی کردووە و پێویستە چۆن ئیش بکات؟ ئایا ئەمە باشترین تێگەیشتنە لە زانست کە ئێمە لە ئێستادا هەمانە؟

هیچیان نییە. لەڕاستییدا، شوێنهەڵگرتنی بنەچەی ئایدیاکانیان قوورس نییە. ئەم ئایدیایانە لە باگراوندی پۆزەتیڤیزمی لۆجیکییەوە هاتوون، کە لەلایەن کاڕل پۆپەر و تۆماس کون-ەوە ڕاستکراوەتەوە. ئێستا لە فیزیای تیۆرییدا، ئایدیۆلۆجیای ڕێبازناسیی فەرمانڕەوا پشت دەبەستێت بە فیکرەکانی پەیوەست بە پووچەڵکاریی و شۆڕشی زانستیی، کە لەناو فیزیکزانانی تیۆرییدا بەربڵاوە؛ ئەمانە بۆ ئاڕاستەکردن و هەڵسەنگاندنی کاری زانستیی پێشنیاردەکرێن و بەکاردێن.

لەبەرئەوە، لە ڕاگەیاندنی بێسوودیی فەلسەفەدا، واینبێرگ، هۆکینگ و زانا دژە- فەلسەفییەکانی تر لەڕاستییدا لایەنگریی خۆیان بۆ ئەو فەیلەسوفانەی زانست ئاشکرا دەکەن کە خوێندویاننەتەوە، یان ئایدیاکانیان کە لە ژینگەی ئەوانەوە وەریان گرتووە. کاریگەرییەکە بەڕوونی دیارە. کاتێک وەکو کۆکراوەیەکی زڕە-گوتە دەبینرێن، واتە ئەو وشانەی کە وەکو گوتە دەردەکەون بەڵام هیچ مانایەکی گونجاویان نییە، لەوێنەی ئەو جۆرە تازانەی نیل دیگراس تایسن کە قەشمەریی بە فەلسەفە دەکات، ئەم ڕەخنانە بەئاسانی شوێن پێیان هەڵدەگیرێت بۆ هەڵوێستە دژە-مێتافیزیکییەکانی بازنەی ڤیەننا. لە پشتی ئەو نەفرەتانەی دژی “فەلسەفە”، دروشمی بازنەی ڤیەننا دێتە بەرگوێ کە دەڵێت “نا بۆ مێتافیزیک!
بەم جۆرە، کاتێک واینبێرگ و هۆکینگ دەڵێن فەلسەفە بێسوودە، دەچنە تەک فەلسەفەیەکی تایبەتی  زانست. لە بنچینەدا، شتێکی خراپ لەمەدا نییە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە ئەمە فەلسەفەیەکی زۆر باشی زانست نییە. لەلایەکەوە، نیۆتن، ماکسوێل، بۆڵتزمان، داروین، لەڤۆزیێ و زۆرێک لە زانا گەورەکانی تر لە گۆشەنیگایەکی ڕێبازناسیی جیاوازتردا کاریان کردووە، بەهەمان شێوە کاری زۆر باشیان لە زانستدا کردووە. لەلایەکی ترەوە، لە سەردەمی کارناب، پۆپەر و کون-ەوە فەلسەفەی زانست پێش کەوتووە، داننان بەوەدا کە ئەو ڕێگایەی زانست کاریگەرانە کاری پێدەکات دەوڵەمەدترە و زۆر دەگمەنترە لەو ڕێگایەی کە لەلایەن ئەو بیرمەندانەوە وێنەکێشراوبوو.  هەڵەی وینبێرگ و هۆکینگ گشتاندنی بەهەڵەی تێگەیشتنێکی تایبەتی، بەشێوەی مێژوویی سنووردراوی، لەچوارچێوەگیراوی زانستە بۆ هەموو لۆجیکی زانست خۆی. لاوازیی بۆچوونەکەیان نەبوونی ئاگادارییە لە لاوازیی زەرورەتە مێژووییەکەی. ئەوان زانست وەکو ڕێچکەیەک پیشاندەدەن کە شێوازی کارکردن تێیدا ئاشکرا و بێ چەندوچوونە، وەک ئەوەی ئەمە لەسەردەمی بەیکۆن-ەوە تا دەرخستنی شەپۆلە کێشکردنییەکان بەم شێوەیە بووبێت، یان وەک ئەوەی هەمیشە ڕوون و ئاشکرابووبێت لەکاتی کاری زانستییدا پێویستە چی بکەین و چۆن بیکەین.
حەقیقەت جیاوازە. هاوشان لەگەڵ هەدەفەکانی، میتۆدەکانی و ئامرازەکانی، زانست بەبەردەوامی تێگەیشتن لە خۆی پێناسەکردۆتەوە. ئەو مرونەتە ڕۆڵێکی گەورەی لە سەرکەوتنەکانیدا بینیوە. با هەندێک نموونە لە فیزیا و ئەستێرەناسیی وەربگرین. لەژێر ڕۆشنایی تیۆرییە گریمانەییە بێئەنداز سەرکەوتووەکانی هیپارکەس و تولەمای، هەدەفی ئەستێرەناسیی دۆزینەوەی کۆمەڵە بازنە تەواوەکان بوو بۆ وەسفی جووڵەی تەنە قوورسەکان بەدەوری زەوییدا. بەپێچەوانەی چاوەڕوانییەکان، دەرکەوت کە زەوی بۆخۆی یەکێک لە تەنە قوورسەکانە. لەدوای کۆپەرنیکۆس، وادەرکەوت هەدەف دۆزینەوەی کۆمەڵە تەواو بازنەییە جووڵاوەکان بێت کە جووڵەی هەسارەکان بەدەوری خۆردا درووست دەکەنەوە. بەپێچەوانەی چاوەڕوانییەکان، دەرکەوت کە خوولگە هێلکەییە ئابستراکتەکان لە بازنەییەکان باشرن. لەدوای نیۆتن، بەڕوونی دیارە کە هەدەفی فیزیا دۆزینەوەی ئەو هێزە بوو کە کار دەکاتە سەر تەنەکان. بەپێچەوانەی ئەمە، دەرکەوت کە باشترە جیهان بەهۆی بوارە داینامیکییەکانەوە وەسفبکرێت تا تەنەکان. لە دوای فارادای و ماکسوێڵ، ڕوون بوو کە پێویستە فیزیا یاساکانی جووڵە لەناو فەزادا بدۆزێتەوە، هەڵبەت بە تێپەڕبوونی کات. بەپێچەوانەی گریمانەکان، دەرکەوت کە فەزا و کات بۆخۆیان  داینەمیکیین. لەدوای ئاینشتایین، ڕوون بوو کە پێویستە فیزیا تەنها بەدوای یاسا جەبرییەکانی سروشتدا بگەڕێت. بەڵام دەرکەوت کە دەتوانین لە باشترین حاڵەتدا یاسا ئەگەرییەکان پێشکەش بکەین، وە هەروەها. ئەمانە چەند پێناسەیەکی پەیوەستن بەوەی کە زانایان پێیان وابووە کە دەبێت زانست چۆن بێت: ئەنجامگیریی یاسا گشتییەکان لە دیاردە چاودێریکراوەکانەوە، دۆزینەوەی پێکهاتە سەرەکییەکانی سروشت، دۆزینەوەی لێکدانەوە بۆ نەزمەکانی ناو چاودێرییە ئەزموونییەکان، دۆزینەوەی نەخشە هزرییە کاتییەکان بۆئەوەی مانا بە جیهان بدەن (ئەوەی کۆتاییان ئەوەیە کە من حەزی پێ دەکەم). زانست پڕۆژەیەک نییە ڕێبازەکەی لەسەر بەرد نووسرابێت، یان پێکهاتەیەکی هزریی جێگیر نییە. بەڵکو تەقەلای هەمیشە گەشەسەندووی ئێمەیە بۆ تێگەیشتنی باشتر لە جیهان. لە ڕەوتی بەرەوپێشچوونی دا بەبەردەوامی یاساکانی خۆی و گریمانە میتۆدۆلۆجییەکانی خۆی پێشێل کردووە.
وەسفی ئێستای ئەوەی زانایان چی دەکەن ئەوەیە کە داتا کۆدەکەنەوە و بەهۆی تیۆرییەکانەوە مانای پێ دەبەخشن. لەگەڵ تێپەڕبوونی کات، داتای نوێ پێویست دەبێت و تیۆرییەکان پەرەدەستێنن. لەم تابلۆیەدا زانایان وەکو بوونی عەقڵانیی وێنەکراون کە بەهۆی بەکارهێنانی هۆشمەندییان، زمانێکی دیاریکراو و پێکهاتەیەکی پتەوی هزریی و کلتووریی ئەم یارییە دەکەن. کێشەی ئەم تابلۆیە ئەوەیە کە پێکهاتە هزرییەکانیش پەرەدەستێنن. زانست هەروا بەئاسانی تەنها تۆپەڵێک لە زانیاریی هەمیشە زیادبووی ئەزموونیی و زنجیرەیەک لە تیۆرییە گۆڕاوەکان نییە. بەڵکو پەرەسەندنی پێکهاتەی هزریی خۆشمانە. گەڕانێکی بەردەوامە بەدوای باشترین پێکهاتە هزرییەکان بۆ تێگەیشتن لە جیهان لەو ئاستەی زانیندا کە هەمانە. پێویستە چاکسازی پێکهاتەی هزریی لەناو خودی بیرکردنەوەی خۆمانەوە بەدەست بێت، وەکو  چۆن کوین (Quine) ئەو گویەتەی ئۆتۆ نۆراس (Otto Neurath) دەهێنێتەوە کە دەڵێت دەریاوانێک پێویستە لەکاتی دەریاوانیدا بەلەمەکەی درووست بکاتەوە.
ئەم بەیەکداچوونەی فێربوون و گۆڕانی هزریی و ئەم پەرەسەندنەی ڕێبازناسیی و بابەتەکان بەشێوەی مێژوویی لە دایەلۆگی نێوان زانستی کردارەکیی و بیرکردنەوە فەلسەفییەکاندا بەرەوپیش چووە. نەمامی تێڕوانینەکانی زانایان، جا حەزی لێ بکەن یان نا، بە فەلسەفە ئاودراوە. ئێستا دەگەڕێینەوە سەر ئەرستۆتاڵ: فەلسەفە ڕێنوێنی بۆ چۆنیەتی کردنی توێژینەوە دابین دەکات. نەک لەبەرئەوەی فەلسەفە دەتوانێت وەڵامی کۆتایی لەهەمبەر ڕێبازی ڕاستی زانست پێشکەش بکات ( پێچەوانەی بیرکردنەوە فەلسەفییەکانی واینبێرگ و هۆکینگ). بەڵکو لەبەرئەوەی ئەو زانایانەی نکوڵی لە ڕۆڵی فەلسەفە لە بەرەوپێشچوونی زانستدا دەکەن ئەوانەن کە پێیان وایە ڕێبازە ڕاستەکەیان دۆزیوەتەوە، گەیشتوونەتە ئەنجام و وەڵامی هەموو پرسیارەکانی هەمبەر ڕێبازناسییان داوەتەوە. بەم شێوەیە ئەو کرانەوە هزرییەیان کەمە کە پێویستە بۆ بەردەوامبوون. ئەوانەن کە لەناو ئایدۆلۆجیای سەردەمەکەی خۆیاندا گیریان خواردووە.
یەکێک لەو هۆکارانەی کە وایکردووە لە چەند دەیەی ڕابروودا فیزیای تیۆریی هەندێک نەزۆک بێت لەوانەیە ڕێک ئەوەبێت کە لە ئێستادا زۆرێک لە فیزیکزانان بەدەوری فەلسەفەیەکی هەڵەی زانستدا دێن و دەچن. پۆپەر و کون، بەناوبانگ لەناو فیزیکزانانی تیۆرییدا، تیشکیان خستۆتە سەر کۆمەڵێک لە لایەنە گرنگەکانی ئەو ڕێگایەی زانستی باش کاری پێ دەکات، بەڵام وێنەی ئەوان بۆ زانست تەواو نییە و پێم وایە، وەکو میراتێک  و ناڕەخنەگرانە، بۆچوونەکانی ئەوان توێژینەوەیان بە ڕێگایەکی هەڵەدا بردووە.
سووربوونی  تۆماس کون لەسەر  نابەردەوامیی و لەپێوانەنەهاتوویی زۆرێک لە فیزیکزانە تیۆریی و تاقیکارییەکانی بەو ڕێگا هەڵەیەدا برد تا لە نرخی ئەو هەموو لایەنە کەڵەکەبووانەی زانینی زانستیی کەم بکەنەوە کە لەبەردەست دان. سووربوونی پۆپەر لەسەر پووچەڵکاریی ، کە لە بنەڕەتدا پێوەری جیاکردنەوەیە، تەواو بەهەڵە وەکو پێوەری پەرەسەندن لێکدراوەتەوە. کۆی ئەم دووانە بوونەتە هۆی شێواندنی کارەساتباری ڕێبازناسیی: ئەو ئایدیایەی کە زانینی ڕابردوو لەکاتی گەڕان بەدوای تیۆرییە تازەکاندا پەیوەندیدار نییە، ئەوەی کە هەموو ئایدیا نەسەلمێنراوەکان وەکو یەک سەرنجڕاکێشن و هەموو دیاردە هەژمارنەکراوەکان وەکو یەک ئەگەری ڕوودانیان هەیە، هەروەها ئەوەی کە ئیشی تیۆرییسازێک پێکدێت لە لەخۆوە هێنانی شیمانەکان بەشێوەی هەڕەمەکیی و پەرەپێدانیان، چونکە هەرشتێک کە هێشتا پووچەڵنەکراوەتەوە لەوانەیە لەڕاستییدا ڕاست بێت.
ئەمە ئایدیۆلۆجیای ئێستای “بۆچی نا؟” یە: هەر ئایدیایەکی نوێ شایەن بە لێکۆڵینەوەیە، تەنها لەبەرئەوەی هێشتا پووچەڵ نەکراوەتەوە؛ ئەگەری هەموو ئایدیاکان یەکسانە، لەبەرئەوەی هەنگاوێک زیاتر بەرەوپێشچوون لە زانیندا لەوانەیە نابەردەوامییەکی کون-یی Kuhnian هەبێت کە بنەما لەسەر زانینی ڕابردوو چاوەڕوانکراو نەبوو؛ هەموو تاقیکردنەوەکان وەکو یەک سەرنجڕاکێشن، چونکە شتێک تاقیدەکاتەوە کە هێشتا تاقینەکراوەتەوە.
پێموایە کە ئەم فەلسەفەی ڕێبازناسییە بووەتە هۆی ئەندازەیەکی زۆر لە کاری بێسوودی تیۆریی لە فیزیا و ژمارەیەکی زۆر لە وەبەرهێنانە تاقیکارییەکاندا. بازبازێنی هەڕەمەکیی لەناو فەزایەکی بێسنووری شیمانەکاندا هەرگیز ڕێگایەکی کاریگەر نەبووە بۆ کردنی کاری زانستیی. هۆکارەکە دوولایەنە: یەکەم، ژمارەیەکی هێجگار زۆر شیمانە هەن و شیمانەی تووشبوونی شیمانەیەکی باش بەشێوەی چانس هێجگار کەمە؛ لەوەش گرینگتر سرووشت هەمیشە سەرساممان دەکات و ئێمە، بوونەوەری سنووردار، زۆر لەوە کەمتر بەرهەمدار و داهێنەرین کە پێمان وایە. کاتێک بەشانازییەوە وەکو ئەوە چاو لە خۆمان دەکەین کە ” مەودای قەبڵاندنەکانمان فراوانە”، زیاتر خەریکین دەربڕینە کۆنەکان بە شێوازێکی نوێ پەرەپێدەدەین: تازەیی ڕاستەقینەی کارا شتێک نییە تەنها لە گۆترە بدۆزرێتەوە.

بێگومان، گۆڕانە ڕادیکاڵە هزرییەکان و ئایدیا هەرە ناباوەکان، کە لەڕاستییدا کارابوون، هەمیشە بەشێوەی مێژوویی یان لەلایەن قورسایی ژمارەیەکی زۆر لە ئادیای نوێ یان بەهۆی  شیکارە پڕزانیارییەکانی هەمبەر دژبەیەکییە ناوەکییەکانی تیۆرییە سەرکەوتوو و ئامادەبووەکان، بزوێنراون و ناچاری دەرکەوتن کراون. زانست لەبەردەوامییدا کاردەکان نەک لە نابەردەوامییدا.
نموونەی باری یەکەم- تازەیی بە هێزی داتا- خوولگە هێلکەییەکانی کیپلەر و تیۆریی کوانتەمن. کیپلەر ڕێک ” ئایدیای” خوولگە هێلکەییەکانی بۆ نەهات : پێویست بوو سرووشت خوولگە هێلکەییەکان بکێشێت بە دەموچاویدا پێش ئەوەی بتوانێت بیانبینێت. ئەو خوولگە هێلکەییەکانی وەک ڕێگایەک بەکاردەهێنا بۆ دەرە جووڵەی سەربازنەیی (deferent-epicycle) مەریخ و سەرسام بوو بەدۆزینەوەی ئەوەی کە ڕێگایەکە باشتر لە مۆدێلەکەی خۆی کاریدەکرد. بەهەمان شێوە. فیزیای ئەتۆمیی لە سەرەتای سەدەی بیست-دا بۆ ماوەیەکی درێژ و بەهێزەوە کێشمەکیشمی بوو لەدژی ئایدیای نابەردەوامییەکان لەناو یاسا بنچینەییەکاندا، هەرشتێک لەتوانایاندا بوو کردیان بۆ خۆدزینەوە لە قبووڵکردنی پەیامە ڕوونەکەی شەبەنگناسیی، کە پیشانی دەدا لەڕاستییدا لەناو جەرگەی میکانیکدا نابەردەوامیی هەیە. لە هەردوو نموونەکەدا ئایدیا تازە گرنگەکان بەهێزی داتا هاتنە ئاراوە.
نموونەکانی باری دووەم- تازەیی ڕدیکال لە تیۆرییە کۆنەکانەوە- بریتیین لە سیستمی خۆرسەنتەریی و ڕێژەیی گشتیی. نە کۆپەرنیکۆس و نە ئاینشتایین بەشێوەیەکی بەرچاو پشتیان بە داتا نەبەست. بەڵام ئایدیاکانیشیان لەخۆەوە بۆنەهات. هەردووکیان بەچاوێکی کراوەوە لە شیکاری تیۆرییە سەرکەوتووە دامەزراوەکانەوە دەستیان پێکرد: ئەستێرەناسیی تولەمای، کێشکردنی نیۆتن-یی و ڕێژەیی تایبەت. ئەو دژبەیەکیی و یەکگرتنەوە ڕووننەکراوانەی لەوانەدا دۆزیانەوە ڕێگایەکی کردەوە بۆ هزراندنی نوێ.
ئەمە هەڵبژاردنی تیۆرییە پووچەڵنەکراوەکان و پشکنینیان نییە، کە دەرەنجامی لێوە پەیدا دەبێت. بەڵکو، بەکارهێنانێکی کارامەی ئەنجامگیرییە [ لە کەمەوە بۆ زۆر]، لەسەر بڕێکی هێجگار زۆر و بەردەوام-گەشەسەندووی زانینی تیۆریی و ئەزموونیی کەڵەکەبوو بیناکراوە کە ئەو ئاماژانە دەرەخسێنێت کە پێویستن بۆ بەردەوامبوون. ئەمە بەهۆی تیشک خستنە سەر تێڕوانینە سەرکەوتووەکانە بەشێوەی ئەزموونیی کە بەردەوامین. “ڕێژەیی” ئاینشتایین “ئادیایەکی تازە” نەبوو: ئەوە درکپێکردنی ئاینشتایین بوو بە ڕەوابوونی ڕێژەیی گالیلیۆ-یی بۆ فراوانبوون. هیچ نابەردەوامییەک نەبوو: لەڕاستییدا بەردەوامیی بوو لە باشترین حاڵەتدا. ئەوە “کۆنەپارێزیی” تێگەیشتووانەی ئاینشتایین بوو لەبەردەم ئەوانەدا کە تەنها لەبەر هاوکێشەکانی ماکسوێڵ تەواو ئامادەبوون خێرایی ڕێژەیی تووڕ بدەن .
پێموایە زۆرێک لە فیزیکزانانی سەردەم لەو کاتەدا کە ئاڕاستەگەلێکی زۆری توێژینەوە زۆر بەخێرایی بەرەو ئەوە دەڕۆن دەستبەرداری ئەوە بن کە پێشتر لەبارەی سروشتەوە دۆزیومانەتەوە، ئەم وانەیان لەبیرکردووە.
سێ دەرەنجامی گەورەی ئەزموونیی فیزیای بنچینەیی ئێستایان نیشانە کردووە: شەپۆلەکانی کێشکردنیی، هیگز و ئامادەنەبوونی بەرزە-هاوتایی لە بەیەکداکیشەری گەورەی هادرۆن LHC دا. هەرسێکیان پشتڕاستکردنەوەی فیزیای کۆنن و پووچەڵکردنەوەی قەبڵاندنە بەرفراوانەکانن. لە هەر سێ حاڵەتەکەدا سروشت پێمان دەڵێت: هەروا لەگۆترە قەبڵاندن مەکە. با وردتر لەم نموونانە بڕوانین.
دەرخستنی شەپۆلەکانی کێشکردنیی، کە بە خەڵاتی نۆبڵی پێشوو پاداشت درایەوە، پشتڕاستکردنەوەیەکی ڕادیکاڵی تیۆریی ڕێژەیی گشتیی تەمەن سەد ساڵ بوو. دەرخستنی هاوکاتی ئەم دواییانەی سیگناڵەکانی کێشکردنیی و کارۆموگناتیسیی لە یەکخستنی دوو ئەستێرەی نیوتڕۆن-ییەوە GW170817 زانینی ئێمەی لەمەڕ ڕێژەی نێوان خێرایی بڵاوبوونەوەی کێشکردن و کارۆموگناتیسیی بە ژمارەیەکی وەک  ١٤ سفر لەدوای ژمارەوە لە یەک تاکە لێداندا، بەرەوپێش برد. دەرەنجامێکی ئەم زیادبوونە بایەخدارە لە زانینی ئەزموونیی ئێمەدا ئەوە بوو کە ژمارەیەکی زۆر تیۆریی کە وەکو جێگرەوەی ڕێژەیی گشتیی پەرەیان پێدرابوو، کرانە دەرەوە. لەبری ئەوە، ئەو ئایدیایانەی کە لەماوەی دەیەکانی ڕابردوو لەلایەن کۆمەڵی گەورەی تیۆریسازانەوە لێکۆڵینەوەیان لەسەر کرابوو ئەوەیان پشتڕاست کردەوە کە ڕێژەیی گشتیی تەمەن سەد ساڵ لە ئێستادا باشترین تیۆریی بەردەستە بۆ کێشکردن. دەرخستنی تەنۆلکەی هیگز لە سێرنCERN ، کە دەنگدانەوەیەکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا، دووپاتی کردەوە کە  ستاندارد مۆدێڵ Standard Model لە ئێستادا باشترین تیۆرییە بۆ فیزیای وزە-بەرز، لە دژی هەوڵەکانی [تیۆرییە] جێگرەوەکان کە بۆ ماوەیەکی درێژ چاوێکی زۆریان لەسەربوو.
بەڵام سووربوونی سێرن لەسەر دۆزینەوەی هیگز لەکاتی دەستبەکاربوونی بەیەکداکێشەری گەورەی هادرۆن بەهەمان شێوە لە شاردنەوەی ڕاستییە سەرسووڕهێنەکە دەوری هەبوو: ئامادەنەبوونی تەنۆلکە بەرزە-هاوتاییەکان کە نەوەیەک لە فیزیکزانانی تیۆریی چاوەڕوانی دۆزینەوەیان دەکرد. سەرباری نووسینێکی هێجگار زۆر و خەیاڵپڵاوییەکی زۆر، لەناکاو مۆدێلی نزمترین بەرزە-هاوتایی تووشی کێشەبوو. بۆیە جارێکی تر، سروشت بەڕشدی لەگۆترە قەبڵاندنەکانی ژمارەیەکی زۆر لە کۆمەڵەی فیزیکزانە تیۆرییەکانی پووچەڵکردەوە کە بڕوایەکی پتەویان هەبوو پێیان.
بەرەنگاریی بەردەوامی سروشت لە ڕێبازی کارکردنی ئێستای فیزیای تیۆریی پێویستە لە تێڕوانینە فەلسەفییەکانماندا لەبری لووتبەرزیی هاندەربێت بۆ خاکەڕایی.
بەشێکی کێشەکە ڕێک ئەوەیە کە ئایدیای زاڵی پۆپەر و کون (تەنانەت لەوانەیە تەواو هەزم نەکرابن) لێکۆڵینەوە تیۆرییەکانی ئێستای بە ڕێگایەکی هەڵەدا بردووە. فیزیکزانان زۆر کەمتەرخەم بوون لە وەلانانی تێڕوانینەکانی تیۆرییە دامەزراوە سەرکەوتووەکان. بە سووربوونی تۆماس کون لەسەر لەپێوانەنەهاتوویی لەنێوان شۆڕشە زانستییەکاندا بەلاڕێدا براون، سەرکەوتوو نەبوون لە بنیاتنان لەسەر ئەوەی پێشتر زانیومانە، کە زانست هەمیشە هەر بەو شێوەیە پێشکەوتووە. نموونەیەکی باش بۆ ئەمە بریتییە لە پشتگوێ خستنی باگراوندی سەربەخۆی ڕێژەیی گشتیی لە زۆرێک لەو هەوڵانەدا کە بۆ دانانی کێشکردن لەناو تەواوی فیزیای بنچینەییدا دراون.
بەهەمان شێوە، پێداگریی لەسەر پووچەڵکاریی فیزیکزانانی لەئاست لایەنە بنچینەییەکانی زانینی زانستیی کوێر کردووە: ئەو ڕاستییەی کە متمانەپێکراویی پلەی هەیە و پشتپێبەستراویی دەکرێت لە ئاستی هەرە بەرزدا بێت، تەنانەت کاتێک دڵنیاییەکی ڕەهاش نییە. ئەمە دوو کاریگەریی نەرێنیی هەیە: لەبەرچاوگرتنی تێڕوانینەکانی تیۆرییە سەرکەوتووەکان وەک شتێکی ناپەیوەند بە بەرەوپشچوونی زانست (لەبەرئەوەی دەکرێت سبەینێ پووچەڵ بکرێنەوە)، هەروەها شکست هێنان لە بینینی ئەوەدا کە دەکرێت لێکۆڵینەوەیەکی دیاریکراو کەمێک ماقووڵیەتی تێدابێت تەنانەت ئەگەر هێشتا پووچەڵ نەکرابێتەوە.
پڕۆژەی زانستیی لەسەر پلەکانی متمانەپێکراویی بیناکراوە، کە بەبەردەوامی لەسەر بنەمای داتای نوێ یان بەرەوپێشچوونی نوێی تیۆریی تازەدەکرێتەوە. گرنگیدانی ئەم دواییانە بە هەژمارەکانی[ تیۆرییەکانی] تۆماس بەیز Bayesian accounts بۆ پشتڕاستکردنەوەی زانست  لە فەلسەفەی زانستدا بەربڵاوە، بەڵام بەشێوەیەکی بەرفراوان لەناو کۆمەڵەی فیزیکزانانی تیۆرییدا پشتگوێ خراوە، کە بەبۆچوونی من کاریگەری نەرێنیی درووست کردووە.
ئەوەی من لێردا مەبەستمە ڕەخنەگرتن نییە لە پۆپەر و کون، کە نووسینەکانیان بەبڕشت و ژیرانەیە. ئەوەی دەیڵێم ئەوەیە کە لەلایەن زۆرێک لە فیزیکزانانەوە ڤێرژنێکی ساویلکانەی بۆچوونەکانیان نابەرپرسانە وەک کۆتا قسە لەسەر ڕێبازناسیی زانست وەرگیراوە.
نەک هەر لە فەلسەفە دانەبڕاوە، فیزیای ئێستا بەقووڵی لەلایەن فەلسەفەوە کاری تێکراوە. بەڵام نەبوونی ئاگایی پێویستی فەلسەفیی بۆ پێزانین بەو کاریگەرییە و گوێ نەگرتن لەو فەیلەسووفانەی هەوڵدەدەن کەموکوڕییەکانی نەهێڵن، سەرچاوەیەکی لاوازییە بۆ فیزیا.
ئەمە ئارگومێنتی کۆتاییە لەلایەن ئەرستۆتاڵەوە: لەکوێدا ئاستەنگەکان گەورەتر بوون لەوێدا زانستەکان زیاتر پێویستییان بە فەلسەفەیە.
لە ئەمڕۆدا فیزیای بنچینەیی لە دۆخی گۆڕانێکی هزریی قووڵدایە، لەبەر سەرکەوتنی ڕێژەیی گشتیی و میکانیکی کوانتەم و ئەو “تەنگژە” (بەپێی تۆماس کون، دەڵێم “دەرفەت”) دیارانەی لە ئێستادا بەهۆی قبووڵنەکردنی تیۆریی کێشکردنی کوانتەمییەوە درووست بوون. لەبەرئەوەیە هەندێک زانایان، بە منیشەوە، کار لەسەر کێشکردنی کوانتەمیی دەکەن، وردتر ئاگاداری گرنگیی فەلسەفەی زانستن. ئەمانە لیستێک لەو بابەتانەن کە لە ئێستادا لە فیزیای تیۆرییدا گەنگەشەیان لەسەر دەکرێت: فەزا چییە؟ کات چییە؟ “ئێستا” چییە؟ ئایا جیهان جەبرییە؟ ئایا لە وەسفکردنی سروشتدا پێویستە حساب بۆ چاودێر بکرێت؟ ئایا باشترە فیزیا بەپێی “حەقیقەت” یان بەپێی “ئەوەی چاودێری دەکەین” فۆرمولە بکرێت، یان ئایا بژاردەی سێهەم هەیە؟ نەخشە شەپۆلی کوانتەمیی چییە؟  بەوردی مانای “دەرکەوتن” چییە؟ ئایا تیۆریی یەکانگیریی گەردوون ژیرانەیە؟ ژیرانەیە ئەگەر وا بیربکەینەوە کە یاساکانی فیزیا بۆخۆیان بکرێت پەرەبسێنن؟ بۆمن ڕوونە کە لە وەڵامدانەوەی ئەم بابەتانەدا ناکرێت بیرکردنەوە فەلسەفییەکانی ئێستا و ڕابردوو نادیدە بگیرێن.
لە کێشکردنی کوانتەمیی لووپیدا [ئەڵقەییدا[ ، بواری تەکنیکی خۆم، فەزا و کاتی نیۆتن-یی وەکو دەرکەوتەی شتێک کە دانەدارە، ئەگەرییە و لە فەزایەکی کوانتەمییدا هەڵبەزودابەز دەکات، دووبارە لێکدراوەتەوە. فەزا، کات، تەنۆلکەکان و بوارەکان دەبن بە تاکە قەوارەیەک: بوارێکی کوانتەمی کە نە لەفەزادایە و نە لە کاتدا. گۆڕاوەکانی ئەم بوارە تەنها لە کارلێکەکانی نێوان نیمچە-سیستمەکاندا سنوورداریی بەدەست دەهێنن. هاوکێشە بنچینەییەکانی تیۆرییەکە هیچ گۆڕاوێکی ئاشکرای فەزا و کاتیان نییە.  ئەندازە تەنها لە نزیککردنەوەکاندا دەردەکەوێت. تەنەکان لەناو نزیککردنەوەکاندا بوونیان هەیە. ڕیالیزم بە بڕێکی بەهێز لە پەیوەندییگەریی(ڕیلەیشناڵیزم) ئاودراوە. پێموایە ئێمە وەک فیزیکزانان پێویستە گەنگەشە لەگەڵ فەیلەسوفان بکەین، لەبەرئەوەی پێموایە بۆ تێگەیشتن لە هەموو ئەم شتانە پێویستمان بە یارمەتییە.

با ئەوەش بڵێین، دەرکەوتنی هەندێک بۆچوونی دژە-فەلسەفی لە بازنەکانی زانستدا کاردانەوەیەکن بۆ بۆچوونە دژە-زانستییەکان لە هەندێک بواری فەلسەفە و زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا. لە ڕەوشی پۆست- هایدیگەر-ییدا کە بەسەر هەندێک لە بەشەکانی فەلسەفەدا زاڵە، بێئاگایی لە زانست شتێکە بە شانازییەوە دەخرێتە ڕوو. هەروەکو باشترین زانست لەنزیکەوە گوێ بۆ فەلسەفە دەگرێت، باشترین فەلسەفەش لەنزیکەوە گوێ بۆ زانست دەگرێت. بەدڵنیاییەوە لە ڕابردوودا بەم شێوەیە بووە: هەر لە ئەرستۆتاڵ و پلاتۆ-وە بۆ دەیکارت، هیوم ، کانت، هەسڕەڵ و لویس، هەمیشە باشترین فەلسەفە لەنزیکەوە گوێی بۆ زانست گرتووە. هەرگیز هیچ کام لە گەورە فەیلەسوفانی ڕابردوو بۆ ساتێکیش بیریان لەوە نەکردۆتەوە ئەو زانینە پشتگوێ بخەن کە لەو کاتەدا زانست پێشکەشی کردووە.

زانست بەشێکی بنەڕەتیی و تەواوکەری کلتووری ئێمەیە. ناتوانێت وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە بداتەوە کە ئێمە دەیانکەین، بەڵام تووڵێکی هەرە بەهێزە. زانینی گشتیی ئێمە دەرەنجامی بەشداریکردنەکانی بوارە جیاوازەکانە، هەر لە زانستەوە بۆ فەلسەفە تا دەگاتە ئەدەب و هونەر و توانای ئێمە بۆ درووستکردنی هەمەئاهەنگی لەنێوانیاندا.

ئەو فەیلەسووفانەی لە نرخی زانست کەمدەکەنەوە، کە ژمارەیەکی زۆرن، زیانێکی گەورە بە ڕۆشنبیریی و شارستانییەت دەگەیەنن. کاتێک دەڵێن کە هیچ کام لە بوارەکانی زانین بەناو زانستدا تێناپەڕن و پێیان وایە ئەوە خۆیانن باشتری لێ دەزانن، دوو پیاوە پیرە گرگنەکانی سەر کورسی پارکەکەم بیردەخەنەوە: یەکێکیان دەڵێت؛”ئەهااااا”، بە دەنگێکی لەرزۆکەوە، ” ئەوهەموو زانایانە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لە ئاگایی یان لە سەرەتای گەردوون دەکۆڵنەوە”. ئەوەی تریان دەڵێت؛ “ئۆەەە” “چەند بێ مانایە! بێگومان ئەوان ناتوانن لەو شتانە تێبگەن. ئێمە لێیان تێدەگەین!”

لەبارەی کارلۆ ڕۆڤێلی

زانای فیزیایی و نووسەری ئیتالیایی کارلۆ ڕۆڤێلی لە ٥/٣ /١٩٥٦ لەدایک بووە. لە ئیتالیا و ئەمریکا کاری کردووە و لە ساڵی ٢٠٠٠ وە لە فەرەنسا کاردەکات. زۆربەی کارەکانی لە بواری کێشکردنی کوانتەمیدان، کە تێیدا یەکێکە لە دامەزرێنەرانی تیۆریی کێشکردنی کوانتەمیی ئەڵقەیی.
هەروەها لە بواری مێژوو و فەلسەفەی زانستدا کاری کردووە. هاوکاری چەند ڕۆژنامەیەکی ئیتالیاییە بەتایبەت پاشکۆی کلتووریی Corriere della Sera و Il Sole 24 Ore و La Repubblica. کتێبە زانستییە گشتییەکەی، واتە “حەوت وانەی کورتی فیزیا”، بۆ ٤١ زمان وەرگێڕدراوە و لە جیهاندا ملیۆنان کۆپی لێ فرۆشراوە. لە ساڵی ٢٠١٩ دا گۆڤاری Foreign Policy ڕۆڤێلی وەک یەکێک لە ١٠٠ بیریاری کاریگەر لە جیهاندا لە قەڵەمدا.

سەرچاوە:-

https://blogs.scientificamerican.com/observations/physics-needs-philosophy-philosophy-needs-physics/?redirect=1