گەردون لە تاوداندایە!

ئەوەی باسی دەکەین، هەندێک بە گەورەترین کێشەی فیزیکی حسێب دەکەن. گەردون لە تاوداندایە، واتە زۆر بە خیرایی لە کشاندایە. مەسەلەکە دەگەڕێتەوە بۆ هەبوونی بڕێکی زۆر بچکۆلە(ناکۆتای بچکۆلە) وزەی نێگەتیڤ. ئەمە سەیرە، غەریبە، بەڵام لای ئاینشتاین وزە بارستایی هەیە. بەمجۆرە بچوکترین کایەی وزە بارستایی هەیە. بارستایی بە هۆی کێشكردنەوە هەرەس بە مادە دەهێنێت. ئەم هێزە هێزی یەکتر کێشکردنە. بەڵام فیزیک بوارمان پێدەدات کە وزەی نگەتیڤمان هەبێت. ئەمە بە شتێکی غەریب دێتە بەرچاو، بەڵام بە راستی و بە وردی وزەی بە قودرەت potential بەو جۆرەیە، ئەمە لە کایەی کێشكردندا بەمجۆرەیە. راکێشانی لاستیکێک نمونەیەکە لە وزەی بە قودرەت. قۆچەقانیش وزەی بە قودرەتی هەیە.

سەرچاوەی هێزی کێشكردن مادەیە. بەڵام ئەوەی هەقیقەتە بریتییە لە کۆی مادە و فشار. عادەتەن فشار پۆزەتیڤە، سیستەمێک بەرەو هەڵوەشان دەبات. بەڵام دەکرێت نێگەتیڤیش بێت، هەروەک لە نمونەی لاستیکەکەی ئیشارەمان پێدا کاتێک رادەکێشرێت.

خۆ ئەگەر فشاری پۆزەتیڤی زاڵبوو، ئەوا دەچێتە سەر هێزی کێشكردنەکە. بەڵام کاتێک فشارەکە نێگەتیڤ بێت ئەوا بە پێچەوانە ئیشەکە دەکات.

ئەگەر وزە نێگتیڤەکە لە هی پۆزەتیڤەکە زیاتر بوو لە سیستەمێکدا، ئەوا دەکشێت، بەڵام هەرەس ناهێنێت، تەنانەت دەچێتە تاودانیشەوە. بەڵام ئەگەر وزە پۆزەتیڤەکە لە سەرچاوەیەکی وەکو بڵێین چڕی مادەوە بێت، کە بە کێشكردن حسابە، ئەوا کەم دەکات.

تیوری کوانتەم پێمان دەڵێت وزە لە هیچیشدا هەر هەیە. پرینسیپی نایەقینی هایزنبێرگ لە ناو دڵی تیوری کوانتەمدایە. بێ توانایی ئنسان بۆ ئەنجامدانی پێوانەیەکی وردی مەوقیعی ئەلکترۆنێک دەگەڕێتەوە بۆ ئەو تێڕامانەی ئەنجامی دەدەین، هەر ئەمەش وا دەکات لە رێگای گواستنەوەی فۆتۆناتدا، نایەقینییەکی ناوەکی لە مەوقیع و زەمەندا کورت دەکاتەوە. نایەقینییەکە یەکسانە بە هەڵبەز و دابەزی بچکۆلە لە فەزا و زەمەندا. ئەم هەڵبەزانە دەبن بە هۆی پەخشکردنی بڕێک وزە. بەمجۆرە، تەنانەت بۆشاییەکی کەماڵیش، هەتا لە فەزا و زەمەندا بێت، ئەوا بڕێکی ئێجگار بچکۆلە(ناکۆتا بچکۆلە). بەڵام لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا، ئاینشتاین بەم مەسەلەیەی نەزانیبوو. هات کۆزمۆلۆژیایەکی پەرەپێدا کە تەنها مادە و وزەی لەخۆگرتبوو، کە ئەمانەش وەک سەرچاوەی کێشکردن رۆڵیان هەبوو. لای ئاینشتاین فەزا، مادە و کێشكردن کۆمەڵە شتێکن کە یەک بۆ یەکتر دەگۆڕێن. دەکرێت مادە بە هۆی چەمانەوەی فەزاوە جێگۆڕکێی پێ بکرێت، ئنجا جوڵەی مادە یان تیشکی روناکی بە هۆی چەمانەوەی فەزاوە ئاراستە دەکرێت.  

با بگەڕێینەوە بۆ ساڵی 1916، کاتێک ئاینشتاین تیورییە نوێکەی لەمەڕ کێشکردن پەرەپێدا، ئەو تیورییەی پێی دەگوترێت تیوری گشتی نسبییەت، کە لە بناواندا تیورییە تایبەتەکەی ساڵی 1905 بوو بەڵام  سیمایەکی گشتی پێ بەخشی، ئەویش پێمان دەلیت کە پێوانە فیزیکییەکان پێویستە سەربەخۆبن لە خێرایی چاودێرێک، وەک دەرەنجامێکیش هیچ تەنێک هەرگیز ناتوانێت لە خێرایی روناکی گەورەتربێت. ئامانجی ئاینشتاین بریتی بوو لە سەپاندنی ،” ئایا دەکرێت وەدوی چەمکی نسبییەت، هەر لە ئەوەڵەوە هەتا کۆتایی بکەین، یان دەمان گەیەنێتە دژەسازی contradiction .”

ئەو پێشبینییەی تیوری ئاینشتاین لەمەڕ چەمانەوەی فەزاوە کردی، لە ساڵی 1919 دا لە لایەن تیمەکەی سێر ئارتەر ئەدینتنەوە سەلمێنرا. ئەو کاتە دونیا تازە لە تاریکایی جەنگ هاتبووە دەر، سەردێری رۆژنامەکان ئەنجامی هەردوو گەشتەکەی ئێدینتنیان بە جۆرێک بڵاوکردەوە کە ئەوەی ئاینشتاین لەمەڕ چەمانەوە یان لاربوونەوەی روناکی گووتی راستە و لە شەوورۆژێکدا ئاینشتاین بووە ئەستێرەیەکی بەناوبانگ. تێڕامانە مەیدانییەکانی ئەدینتن و هەردوو تیمەکەی سەلماندیان کە خۆرگیرانەکەی ئەو ساڵە(مایسی 1919)  ئەوەیان سەلماند کە مەوقیعی ئەستێرەکان لە نزیک خۆردا روبەڕوی جێگۆڕکێ دەبن.  پێشبینییەکی تری گەورە و گرنگی تیوری گشتی نسبییەت پەیوەست بوو بە چاڵە رەشەکانەوە، ئەویش بریتی بوو لە دۆزینەوەی شەپۆلەکانی کێشكردنی کە سەدەیەک دوای پێشبیننیەکەی ئاینشتاین ئەنجامدرا. ئاینشتاین گەردونی وەک پێخەفێک ناساند بۆ تەجروبەکردنی تیورییە نوێکەی. لە ساڵی 1917 دا تیوری گشتی نسبییەتی وەک یەکەیەکی سەراپایی و شمولی بەسەر گەردوندا واریکرد. لای وی گەردون لە هەموو گۆشە و کەنارێک و بە هەموو ئارستەکاندا وەک یەکە، ئەمە ئەو چەمکەیە کە خۆی ناوینا پرینسیپی کۆزمۆلۆژی. لای ئاینشتاین، تیورییەکەی لەمەڕ کێشکردن بە تەبیعەت رێگایەکە بۆ تەفسیری گەردونی گالاکسییەکان. بۆ ئەوەی بزانین ئەمە چۆنە و چۆن کاردەکات، با بە هێمایەکی سادە ئیشارە بە هاوکێشەی گشتی نسبی، واتە تیوری کێشکردن، بدەین، وەک ئەمەی خوارەوە وەهایە.

کێشكردن/ چەمانەوەی فەزا = بارستایی / وزە.

GRAVITY/CURVATURE OF SPACE = MASS/ENERGY.

لە ساڵی 1916 دا، ئاینشتاین پێێ گوتین کە پێناسی کێشکردن بریتییە لە چەمانەوەی فەزا لە لایەن مادەوە، ئنجا مادە–وزە سەرچاوەکەیەتی. بەڵام کێشەیەک لە ئارادا بوو. ئاینشتاین هەر زوو زانی کە گەردون مادەی تێدایە و کێشكردنیش هێزێکی راکێشانە یان لە یەک نزیکردنەوەی تەنەکانە لە یەکتری، بەمجۆرە ئەم هاوکێشەیە دەمان گەیەنێتە ئەوەی کە گەردون هەرەس بهێنێت. مادە و وزەش، بەو جۆرەی کە رۆڵیان لە هێزی کێشکردندا هەیە، دوو هێزن، بە هەمان شێوە تەن کێش دەکەن. لە راستیدا یەکێک لە پەیامەکانی تیورییەکەی ئاینشتاین ئەوە بوو کە تەنانەت فشاری ئاساییش بە هۆی مادەوە لە کایەی کێشکردندا شت بۆ خۆی رادەکێشێت. دەتوانم ئەم هاوکێشەیە بە وردی بە فۆرمی کالکیولەسی تێنسەر tensor بنوسم، بەڵام بە واقیعی پێویست ناکات. لە راستیدا دەگوترێت کە سیمبوڵی تێنسەر بۆ ئەوە داتاشراوە کە ئاییناسان لە کۆزمۆلۆژیای هاوچەرخ پەراوێز بخرێن.

ئاینشتاین قەناعەتی وابوو کە گەردون سەقامە، یان بڵێین جێگیرە، هەروەک چۆن هەموو هاوچەرخانەکانی لەو سەردەمەدا هەمان بیرکردنەوەیان هەبوو. لە یەکەم پەیپەریدا لەمەڕ کۆزمۆلۆژی، لە ساڵی 1917 دا ئیشارەی بە پرسی سەقامگیری گەردون داوە، هەر لێرەدا نەگۆڕی کۆزمۆلۆژی پێشکەشکردووە، ئەو زاراوەیەی بە لامدا LAMBDA  ناسراوە، و دژی کێشکردن دەوەستێت، چونکە بە بێ ئەمە، گەردون ناسەقام دەبێت و هەرەس دەهێنێت.

با ئێستا بە زمانەکەی ئاینشتاین گوزارشت لە هاوکێشەکە بکەین:

(کێشکردن / چەمانەوەی فەزا)  لامدا = بارستایی / وزە.

GRAVITY/CURVATURE OF SPACE – LAMBDA = MASS/ENERGY.

وا تەسەوربکە کە لامدا هێزی دژە کێشكردنە. بەڵام کاتێک فەلەکانسی هۆڵەندی ویلیام دی سیتەر سەرنجیدا و وردبوەوە کە پێشکەشکردنی نەگۆڕی لامدا (cosmological constant) بە هەمان شێوە دەرفەتمان بۆ دروستدەکات کە گەردون بەتاڵ بێت. مادە و وزە هیچ رۆڵێکیان نابێت. دی سیتەر لە حلەکەیدا شتێکی کرد، هات بۆ تاقیکردنەوەی هاوکێشەکانی، ئەگەر بڕێک تەنۆلکە بڕژینە گەردونە بەتاڵەکەی ئاینشتاینەوە، ئەوا حلەکەی پێشبینی تیشکدانەوەی بە جۆرێک کرد کە لادانی سور لەخۆدەگرێت. ئەم ئەنجامە سەرنجی فەلەکناسانی راکێشا، بە تایبەت کاتێک بەڵگەکانی فەلەکناسی ئەمەریکی، ڤێستۆ سلایفەر، لە بنکەی فەزایی ئەریزۆنا بڵاوبونەوە. بەڵگەکانی سلایفەر بە جۆرێک بوو کە شەبەنگی گازییەکان، کە دوایی ناوەکەیان گۆڕا بە گالاکسییەکان، ئەوە دەردەخەن کە بە شێوەیەکی سیستەماتیکی بەرەو سور دەجوڵێن، واتە لادانی سوریان هەیە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە گالاکسییەکان لە یەکتر دوردەکەونەوە. بێگومان هەواڵێکی زۆر ناخۆشبوو بۆ ئاینشتاین.

هەنگاوی داهاتوو لە داستانەکەدا فیزیکناسی ماتماتیکی گەورەی روس، ئەلێکسندەر فرەیدمان، لە ساڵی 1922 و لە تەمەنی 34 ساڵیدا ئەنجامیدا. فرەیدمان چەند حلێکی کۆزمۆلۆژییانەی بۆ هاوکێشە گشتییەکانی نسبییەتی ئاینشتاین دۆزییەوە کە پیشانیدا گەردون لە کشاندایە. ئاینشتاین بە ئەنجامەکان رازینەبوو، حلە نوێکانی رەتکردەوە، گوتی هەڵەی ماتماتیکی تێدایە، ئنجا دیسانەوە لە ساڵی 1923 دا رەتیکردنەوە لەسەر ئەو بنەمایەی هیچ ریالیستی نین. لە راستیدا، ئاینشتاین خۆی لەمەڕ تێڕوانینی لە هەمبەر کشانی گەردوندا هەڵەی ماتماتیکی کردبوو.

بە داخەوە، فرەیدمان بە گەنجی لە ساڵی 1925 دا مرد، کارەکانی لە رۆژئاوا پەراوێزخران. ئنجا جۆرج لێمەیترا هات. لێمەیترا، فیزیکناسێکی بەلجیکی بوو، تازەش بووبوو بە قەشە، لە ساڵی 1927 دا، بێ ئەوەی ئاگاداری توێژینەوەکانی فرەیدمان بێت لەمەڕ کشانی گەردون، بەرهەمەکەی خۆی بڵاوکردەوە. لە نێوان لێمەترا و فرەیدماندا جیاوازییەکی بەرچاو هەبوو. لێمەیترا ئاگاداری ئەنجامەکانی سلایفەر بوو سەبارەت بە دورکەوتنەوەی گالاکسییەکان لە یەکتر، جگە لەوەی پێوانەکانی هەبڵی لەمەڕ دووری گالاکسییەکان بیستبوو. لێمەیترا مۆدلەکانی کشانی گەردونی پێشكەشکرد و ئەوەی خستەڕوو کە کشانی گەردون پڕ بە پڕی داتا ئەسترۆنۆمییەکانە، هیچ پێویستیش ناکات بگەڕێینەوە بۆ نەگۆڕی کۆزمۆلۆژی ئاینشتاین. ئەم پرسەی لە کۆنفرانسی سالڤۆی فیزیک لە ساڵی 1927 دا پێشکەشکرد.

ئاینشتاین لە نێو میوانەکاندا بوو، بەڵام هیچ ئینتیباعێکی لە لادروست نەبوو، بەڵکو بە لیمەیترای گوت:

”ماتماتیکەکەت جوانە، بەڵام فیزیاکەت کارەساتە.”

کاتێک ئەدوین هەبل، لە ساڵی 1929 دا، دۆزینەوە ئەسترۆنۆمییەکانی خۆی لەمەڕ لە یەک-دورکەوتنەوەی گالاکسییەکان بڵاوکردەوە، ئاینشتاین بۆی دەرکەوت کە کشانی گەدرون هەرەسهێنانی گەردون دەوەستێنێت. چیتر پێویست بە لامدا ناکات، ئەو نەگۆڕەی ئاینشتاین لێی پەشیمان بووەوە. دوایی، کاتێک جۆرج گامۆڤ، کە بایۆگرافی خۆی بڵاوکردەوە، بە حسێب ئاینشتاین لەم بارەوە پێی گوتووە،” هێنانە ناوەوەی زاراوەی (نەگۆڕی) کۆزمۆلۆژی گەورەترین هەڵەی ژیانی بووە،”

لە ساڵی 1931 دا، ئاینشتاین هاتە سەر ئەو قەناعەتەی لەسەر پرسی مۆدڵی کشانی گەردون سازش بکات. دوای دوو ساڵی تر، لەگەڵ لێمەیترا دا سەفەری کرد بۆ ئەوەی لە کالیفۆرنیا چەند موحازەرەیەک پێشکەش بکات. لیمەیترا گوتارێکی زۆر نایابی پێشکەشکرد، ئاینشتاین لە موحازەرەیەکەدا تانەیەکی زۆر جوانی لەمەر باسەکەی لیمەیترا نوسی و گوتی،” ئەمە جوانترین و نایابترین تەفسیری ئەفراندنە کە من گوێم لێ بووە.” بەڵام لیمەیترا هەرگیز لەگەڵ وشەی ئەفراندندا کۆک نەبوو. لای وی، هاوکێشەکان ئاماژەدەدەن بە سەرەتایەکی فیزیکییانەی گەردون، بەڵام هیچ شتێک دەربارەی پێش سەرەتای ئەفراندنی گەردون ناڵێن. ئەمەش بۆ خۆی کەم و زۆر دیدی زانستی هاوچەرخانەی ئێستایە، هەر هیچ نەبێت هەتا رۆژیک یەکێکی تر دێت، تیوری کوانتەم و کێشکردنی نسبییەتمان لە بۆتەیەکدا پیشکەشدەکات و تەفسیریکمان بۆ دەخاتەڕوو.

ئنجا با تۆزێک بە خێرایی هەفتا ساڵێک بەرەو پێشەوە هەنگاوهەڵگرین. تاودانی گەردون لە ساڵی 1998 دا دۆزرایەوە. دوو گروپی فەلەکناسی ئەمریکی سەربەخۆ لە یەکتر سەرقاڵی پرسەکە بوون. هەردوو گروپەکە سەیریان کرد سوپەرنۆڤایەک دورورییەکەی لە سەدا بیست کاڵتر دیارە لەوەی کە پێویستە. باوەڕی باڵادەست بەو جۆرە بوو کە سوپەرنۆڤاکان، یان ئەو ئەستێرانەی دەتەقنەوە لە ئاسابەدەر درەوشاوەن و ئەوەندەی گالاکسییەک شەوقیان هەیە، ئەم ئەستێرانە، یان سوپەرنۆڤایانە بارستاییان نیو ئەوەندەی خۆرە و بە هۆی هەرەسهێنان بە ئاراستەی ناوەوەی خۆیان دەتەقنەوە. ئەم جۆرە دیاردەی سوپارەنۆڤایانە بە هۆی گەورەیی و فراوانی شەوقەکەیانەوە لە نێو گالاکسییە هەرە دورەکانەوە دەردەکەون

هەروا ئاسان نییە ئنسان بتوانێت بەهانە بۆ ئەنجامەکەی بهێنێتەوە. پێویستە دڵنیا بێت کە هەڵبژاردنی سوپەرنۆڤا دوورەکان ئەو بابەت و تەنانەمان دەداتێ کە هاوشێوەی تەنەکانی نزیک سوپەرنۆڤاکەن. ئنجا ئەو کاتە ئنسان دەتوانێ دڵنیابێت لە فەرزییەی بۆمبا ستانداردەکە، ئەوەش بەهانەیە بۆ نمونەکانی ئەو نزیکانە.

پاشان، ئنسان دەبێت هەموو تەفسیرەکانی تر بسڕێتەوە. بۆ نمونە، ئەو تۆزەی لە نێو ئەستێرەکان یان لە نێو گالاکسییەکاندایە هۆکاری کزی روناکییە. سوپەرنۆڤا زیاتر دوررەکانیش بە هۆی مۆڵگەی ئاپورای ئەو ئەستێرانەی کە هێشتا نوێن و بڕی کانزایان کەمە. ئەمەش دەبێت بە هۆی پەرەسەندن و جیاوازی لەو دەوروبەرەی سوپەرنۆڤا دوور و نزیکەکاندا هەیە. ئەم هەموو رەتکردنەوانە بە شێوەیەکی سیستەماتیکی سڕانەوە. یەک دەرەنجاممان ماوەتەوە. کزبوونی سیستەماتیکی سوپەرنۆڤا هاوشێوە دورەکانی تر تاقە یەک تەفسیری هەیە، ئەویش تەنها ئەگەر کشانی گەردون سیمایەکی تاودان ( acceleration) لەخۆگرتبێت. لە راستیدا، یان بە واتایەکی تر، ئەمە لە کاتێکدا رودەدات کە بەهای نەگۆڕی کۆزمۆلۆزی نابێت سفر بێت. لە ساڵی 2011 دا، بە هۆی ئەم دۆزینەوە نایابەوە، هەر سێ فەلەکناس، ساوڵ پێرمەتەر، برایان شمیدت و ادام رەیسی خەڵاتی نۆبڵیان لە فیزیکدا وەرگرت.

ئا بەمجۆرە لامداکەی LAMBDA ئاینشتاین، بوژایەوە، بەڵام ئێستا بە وزەی تاریک تەفسیردەکرێت. وزە ئەگەر نێگەتیڤ بوو ئەوا سیمای تاودان وەردەگرێت.ئەمەش پێچەوانەی فشارە. نەگۆڕی کۆزمۆلۆژی وەک وزەی بۆشایی تەفسیردەکرێت، کە دەروکەوتوە دەبێت نێگەتیڤ بێت. وزەی بۆشایی لە هاوکێشەکەی ئاینشتاین لەمەڕ کێشکردن بریتییە لە نەگۆڕی کۆزمۆلۆژی وەک دژە-کێشکردن خۆی نمایش دەکات. بەمجۆرە کۆزمۆلۆژی نوێ ئاوا بوو:

کێشکردن / چەمانەوەی فەزا = لامدا + بارستایی/ وزە.

GRAVITY/CURVATURE OF SPACE = LAMBDA + MASS/ENERGY.

بەمجۆرە مۆتەکەکەی ئاینشتاین دیسانەوە ژیایەوە و ئەوەش دەگەیەنێت کە دوو لەسەر سێی بارستایی وزە لە گەردوندا وەکو لامدا دەردەکەوێت و لە کشانی گەردوندا خۆ نمایش دەکات و دژی کێشكردن دەوەستێتەوە.

دۆزینەوەی تاودانی کشانی گەردون شۆرشێک بوو لە کۆزمۆلۆژیادا. مانای ئەمەش ئەوە بوو لە فیزیکی کلاسیکیدا هیچ حسابێک بۆ دوو لەسەر سێی بارستایی وزە لە گەردوندا نەکرابوو. هەر زوو ئاشکرابوو کە ئەم لایەنە نوێیە لە بۆشاییدا حزوری هەیە. ئەمە کایەیەکی وزەییە و خۆی هیچ خەسڵەتێکی هێزی کێشکردنی نییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە، سیمای لێکدورکەوتنەوە لەخۆدەگرێت.

لێرەدا هۆکارێک دەخەینەروو کە بۆچی ئنسان رازییە بەوەی بەهای نەگۆڕی کۆزمۆلۆژی بچکۆلەیە. لە راستیدا کایەیەکی نوێیە و تاودان دروست دەکات. بەڵام دیاردەیەکی تری لەم شێوەیە لە رابردوویەکی زۆر دووردا رویداوە. ئەم دیاردەیە پێی دەگوترێت هەڵئاوسان (Inflation) ، لە قۆناغێکدا دروست دەبێت کە گەردون لە تاوداندایە. لە راستیدا تاودانەکە ئەوەندە گەورە دەبێت، بە جۆرێک کە پرۆسەی هەڵئاوسانەکە گەردون بە جۆرێک فراوان دەکات کە زۆر لەوە گەورەترە بتوانین بە گەورەترین تەلەسکۆپ بیبینین. هەڵئاوسان کاری خۆی دەکات چونکە کایەیەکی نەگۆڕی وزەیی دەخوڵقێت کە بە شێوەیەکی کاتی بەسەر چڕی وزەی گەردوندا زاڵ دەبێت. خۆ ئەگەر وزە نەگۆڕ بێت، ئەوا گەردون بە خێرایی و تەرزی ئێکسپۆنێنشیاڵی (e^x) دەکشێت. ئێمە بە هەڵئاوسان قایلین، چونکە حسێب بۆ ژمارەیەک پرسی قوڵ دەکات، شەش هۆکار هەن وامان لێدەکەن ئیمانمان بە هەڵئاوسان هەبێت:

  1. قەبارەی گەردون. بۆچی ئەوەندە گەورەیە؟
  2. سیمای تەختی فەزا. بۆچی فەزا ملکەچی جیۆمەتری ئەکلیدسییە؟
  3. تۆوی گالاکسییەکان. ئەم هەڵبەزودابەزە fluctuations لە کوێوە هاتون؟
  4. پلەی گەرمی بچکۆلەی ناکۆتای هەڵبەزودابەزەکان لە پاشخانی مایکرۆیڤیدا. بۆچی تینەکەیان strength بە هۆی چەند ژمارەیەکی کەمەوە وەسفکراوە؟
  5. بۆچی ئەم هەڵبەزودابەزانە هەتا مەودایەکی وەها گەورە بەردەوام دەبن؟ ئەم مەودایانە هیچ تەماسێکی ئاساییان بە زەمەنی سەرەتاییەوە نییە؟
  6. بۆچی ئەم هەڵبەزودابەزانە تەواو لەخۆڕا دێن؟ هیچ کڵێشەیەک pattern لە رەوشی دابەشبونیاندا بەدی ناکەین.

تیوری هەڵئاوسان وەڵامی هەموو ئەم پرسیارانەی داوەتەوە. ناتوانین بیسەلمێنین کە تیورییەکە راستە. لە هەقیقەتدا ناتوانین هیچ تیورییەک بسەلمێنین کە راستە. بەڵام بەڵگەی ئەسترۆنۆمی لە ئارادا هەیە کە بە جدی پشتگیری هەڵئاوسان دەکەن.

لەوانەیە هەڵئاوسان دوا تیوری نەبێت. رەخنەگران دەڵێن کە بناخەکەی لەرزۆکە. بەڵام لە ئێستادا باشترین تیورییە کە جێگای متمانە بێت. بێگومان نزیکترین تەخمینە لە راستییەوە. وەسفی قۆناغێکی گەردون دەکات کە تەمەنی تەنها 10^-36 (واتە 1 لەسەر 10 و ئنجا 36 سفر لەبەردەمیدا بێت، زۆر زۆر بچکۆلەیە) چرکەیە دوای لەدایکبون. دوای چەند بلیۆن ساڵێک، فەرزییەیەک، کایەیەکی وزەیی زۆر زۆر بچکۆلەی هاوشێوەی ئەمە، بە هەمان شێوەی هەڵئاوسان، خۆی قوت کردووەتەوە. هەر بۆیەش پێویستە ژیاندنەوەی نەگۆڕی کۆزمۆلۆژی وەک شتێکی تەواو سەیر نەیەتە بەرچاومان.

لەگەڵ ئەوەشدا، جیاوازییەکی سەرەکی هەیە. مەودای هەڵئاوسان بە زمانی فیزیکی تەنۆڵکەیی مەودایەکی سروشتییە. هەر هیچ نەبێت، لە باری بڕ و بارستاییەوە تەمسیلی ئەو مەودا وزەیە دەکات کە هێزە بنەڕەتییەکانی سروشت، هێزی کێشكردنی لێدەرچێت، لە بۆتەیەکدا یەکیان گرتووە. بەڵام هەرچۆنێک بێت مەودای ئەو وزەیەی پەیوەستە بە نەگۆڕی کۆزمۆلۆژییەوە لە هەر مەودایەکی سروشتی تری فیزیکی تەنۆڵکەیی بچوکترە. هیچ تەفسیرێکی فیزیکی بۆ مەودای نەگۆڕی کۆزمۆلۆژی بونی نییە. دوو بژاردەمان لە بەردەمدایە. یا ئەوەتا دەبێت رازی بین بەوەی کە ئەویش یەکێکە لە بڕە ژمارەیەکی تر یان نەگۆڕێکی تری سروشت کە وەسفی گەردون دەکات. دەشێت رۆژێک بێت کە دواهەمین تیوری لەم بارەیەوە سەرهەڵبدات، لای هەندێک ئەم تیورییە بە تیوری هەمو شت ناودەبرێت، کە ئەویش نەگۆڕە بنەڕەتییەکانی سروشت دیاری دەکات، بە تایبەتیش بەهای نەگۆڕی کۆزمۆلۆژی. یاخود دەتوانین قایل بین بە یەکێک لە دەرسەکانی تیوری ژێ، ئەویش ئەوەیە کە دەشێت نەگۆڕەکانی سروشت بە وردی بە پێی گەردونی سێ رەهەندی بگۆڕێن کە لە ئەنجامی یەکخستنی دە رەهەندەکەوە دێتە ئاراوە. دواییش پەنا دەبەینە بەر تیوری هەڵئاوسان بە تەرزە شمولییەکەی یان گشتییەکەی، کە پسپۆڕان باوەڕیان وایە ژمارەیەکی ناکۆتا گەردونی جیا پێشبینی دەکات. لە سایەی ئەم مشتومڕەدا، هەڵئاوسان دیاردەیەکی ئەبەدییە و پێدەچێت لە هەر زەمەن و شوێنێکدا ڕوبدات.

حەتمەن ئەمە دەمان گەیەنێتە چەمکی فرە–گەردونی. ژمارەی گەردونەکان لە فرە–گەردونیدا ناکۆتایە. هیچ یەکێک لەم گەردونانە پەیوەندی و ئاڵوگۆڕیان پێکەوە نییە، بە واتایەکی تر ناتوانین ئەم تیورییە بسەلمێنین، یاخود هیچ نەبێت گەردونێکی تر کەشف بکەین. بەڵام نەبونی بەڵگەی تەجریبی نەبووە بە هۆی تەرەکردنی زۆر لە فیزیکناسان کە باوەڕیان بە فرە–گەردونی لەق بێت.

بێگومان هەر هەموو گەردونەکان لە فرە–گەردوندا ( multiverse ) بەهای نەگۆڕی سروشتییان دەبێت، بە تایبەتیش نەگۆڕی کۆزمۆلۆژی، کە دژ بە هەبونی ژیانە. زۆر گەرم، زۆر سارد و تەمەن کورت دەبن. تەنها یەک گەردون لە فرە–گەردونەکەدا لە ئارادا دەبێت، کە لەم دیدەوە گونجاو دەبێت، ئەستێرە و هەسارەی پێویست لەخۆدەگرێت کە تەمەنیان درێژ دەبیت و نەگۆڕە سروشتییەکانیان جیاواز نابێت لەوەی پێوانەیان دەکەین، بە واتایەکی تر ژیان تێیدا لەدایک دەبێت.

گەردون دەستیکردووە بە تاودان و بەردەوامیش دەبێت لە کشاندا، بەڵام بە خێراییەکی زۆر زیاتر. تاودانەکە، نزیکەی حەوت بلیۆن ساڵ پێش دەستی پێکردووە، واتە کاتێک یەکەم لادانمان لە یاسای هەبڵدا دۆزییەوە، کە لە خۆیدا پەیوەندییەکی راستە-هێڵییە لە نێوان دووری گالاکسییەکان و لادانی سوردا، یان خێرایی دوورکەوتنەوە. لە سەد و چل بلیۆن ساڵێکی ئایندەدا، پرۆسەی تاودانی گەردون ئەوەندە خێرا دەبێت کە رێچکەی-شیری (واتە گالاکسییەکەی لەمەڕ خۆمان) و دراوسێ نزیکەکانیشی لە گەردونی بەرچاودا بە تەنها دەمێننەوە. هەموو گالاکسییە دورەکانی تر بە جۆرێک خۆیان تاوداوە و دورکەوتونەوە، چیتر لە گەردونەکەماندا نەماون و کەوتونەتە دەرەوەی ئاسۆکەمان. تەنها مەگەر پرۆسەی تاودان بوەستێت، ئەو کاتە جارێکی تر دەتوانین پەیوەندی بە هاوسێکانمانەوە بکەین. ئەم پرۆسەیە لەگەڵ یەکەم پەردەی هەڵئاوساندا رویدا کاتێک تۆوی هەڵبەزودابەز (fluctuations) کە ئامانجەکەی دروستکردنی گالاکسییەکان بوو، دیسانەوە خۆی کردووەتەوە بە ئاسۆدا. بەڵام هیچ هۆیەک نییە کە باوەڕ بەوە بکەین خۆمان و گالاکسییەکەمان لە ئایندەیەکی دووردا بەردەوام دەبین. جگە لەوەی بە دڵنیاییەوە عەرد، دوای پێنج بلیۆن ساڵی تر هەرەس دێنێت، ئەویش دوای ئەوەی خۆر وەک سورەی زەبەلاح دەمرێت و چیتر وزەی بۆ سوتاندن تێدا نامێنێت، بەمجۆرە هیچ مەخلوقێکی سەر هەسارەی عەرد نامێنێت کە لە ئایندەدا بێت شتێک گەواهی بدات.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، مایەی دڵخۆشییە کاتێک دەبینین ئەستێرە گرگنەکان، کە بارەستاییان تەنها لە سەدا بیستی(%20) بارستایی خۆرە، تەمەنیان دەگاتە تریلیۆنێک ساڵ یان زیاتریش. ئەستێرەی ئاوا لە گالاکسی رێچکە-شیرییەکاندا زۆر زیاترن لە ئەستێرە هاوشێوەکانی خۆر. لای فەلەکناسان زۆر لەم ئەستێرانە بۆ بژێوی و نیشتەجێبون گونجاون، تەنانەت لەم دواییانەدا سێ هەسارەی دەرەکی(سیانەیەک) نزیک ئەستێرەی گرگنەی تراپیس 1 (TRAPPIST 1 ) دۆزراونەتەوە، کە نزیکەی بیست و نۆ ساڵی روناکی دوورە. بەمجۆرە هەر شارستانییەک لە ئایندەیەکی دووردا نەمرێت و بە سەلامەتی بمێنێتەوە، ئەوا کۆزمۆلۆژییەکەی جیاوازی دەبێت.

شێرکۆ رەشیدا قادر بە دەستکارییەوە.

لەم گوتارەی جۆزیف سیلکەوە وەرگیراوە:

image_pdfimage_print

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *