گالیلۆ و کێپلەر: بەرەو کۆپەرنیکۆسی


” خۆم بە بەختەوەر دەزانم، کە لە گەڕان بە دوی ڕاستیدا هاوڕێیەکی وەک تۆم هەبێت، مایەی خەمێکی گەورەیە کە ژمارەیەکی وەها کەم لە خەڵک بە دوی هەقیقەتدا وێڵن. ئەمە جێگای ڵاڵانەوە نیە بۆ نەهامەتیەکانی ئەم زەمەنەمان، بەڵام پیرۆزباییت لێدەکەم سەبارەت بە کەشفکردنی هەقیقەتەکان بەو جوانیە”
نامەی گالیلۆ بۆ کێپلەر.

هەرچەندە گالیلۆ وەک ماتماتیکناسێکی بێ وێنە و زانایەکی بێهاوتا ناوبانگی بڵاوبوبوەوە، بەڵام هەتا ساڵی 1595 هیچ بەڵگەیەک لە ئارادا نیە کە هیچ خولیایەکی تایبەتی چوبێتە سەر ئەسترۆنۆمی و ئاشنایەتی لەگەڵ سیستەمی چەقە – خۆری کۆپەرنیکۆسیدا پەیداکردبێت، ئەو سیستەمەی کە سەرەنجام بوە هۆی دەستبەسەری ئەبەدی گالیلۆ لە لایەن کڵێسەوە. ڕۆژێک بە ڕێکەوت دەچێتە موحازەرەیەکەوە لەمەڕ تیۆری کۆپەرنیکۆسیەوە کە لە لایەن زانایەکی بیگانەوە پێشکەش دەکرا، لێرەدا زاناکە باس لەوە دەکات کە عەرد و هەمو هەسارەکانی تر بە دەوری خۆردا دەسوڕێنەوە. سەرەتا گالیلۆ خۆی دورگرت لەم جۆرە موحازەرانە، چونکە لای وی شتێکی ناقۆڵایە کە دەڵێن عەرد بە دەوری خۆردا دەسوڕێتەوە. بەڵام لێرەدا پێویستە ئیشارە بەو هەقیقەتە بدەین کە گالیلۆ کەسایەتیەکی لە ئاسابەدەر فزوڵی بوە و خولیای ئەوە بوە بە قوڵایی پرسەکەدا بچێتەخوارێ. دوای تەواوبونی موحازەکە، گالیلۆ لەگەڵ گەلێک لەو کەسانەی لە موحازەرەکەدا ئامادەبون کەوتە ئاخاوتن و وتووێژ، زۆریان ڕایان وابو کە سەرباری گاڵتەیان بەم جۆرە تیۆرە بێ مانایانە دێت، بەلام دەشێت کە کۆپەرنیکۆس لەسەر هەق بێت و مۆدڵەکەی شتێکی ڕاست بێت.

لە لایەکی تریشەوە کاتێک گالیلۆ ویستی تەفسیرێکی میکانیکی بۆ دیاردەی هەڵکشان و داکشانی مانگ بنوسێت، سەیری کرد ئەم دیاردەیە پێویسی بە دو جۆرە جوڵەی بازنەیی عەرد هەیە، ئەو جوڵانەی کە کۆپەرنیکۆس باسی کردون. پێدەچێت ئەمە سەرەتای وەرچەرخانی بیرکردنەوەی گالیلۆ بێت سەبارەت بە ئەسترۆنۆمی نوێ کە لە ناوەندە فکریی و فەلسەفیەکاندا لە ئارادا بو. بەمجۆرە هێدی هێدی بەرەیەکی نوێ بۆ گالیلۆ هاتە ئاراوە بۆ ئەوەی لە هەمبەر زانستی ئەرستۆیی و مۆدڵی پەتلیمۆسیدا بوەستێت، چونکە ئاشکرایە کە تەفسیری ئەرستۆیی سوڕانەوی عەرد بە تەواوی ڕەتدەکاتەوە.

لە وڵاتێکی وەک ئیتالیادا، کە کڵێسە هێشتا دەسەلاتێکی ڕەهای هەبو، ڕەتکردنەوەی ئەم چەمکە ئەرستۆییە، واتە بەرگریکردن لە سیستەمی کۆپەرنیکۆسی هەروا کارێکی هاسان نەبو، چونکە مۆدڵی کۆسمۆلۆژی ئەرستۆیی و سیستەمی چەقە – عەردی پەتلیمۆسی، هەردوک پێکەوە وەها تێکەڵ بە ئایینی مەسیحی بوبون، بە جۆرێک کە ڕەتکردنەوەی هەر یەک لەمانە بریتی بو لە دژایەتی کردنی ئاینی پیرۆزی مەسیح و کفرکردن بە کتێبە ئاسمانیەکەی. بناوانی تێکەڵکردنی کۆسمۆلۆژیای ئەرستۆ و سیستەمی چەقە – عەردی پەتلیمۆسی دەگەڕێتەوە بۆ فەیلەسوفی مەسیحی تۆماس ئەکوینەس.

گالیلۆ سەرنجیدا کە کەسانێک ئێستا هەواداری مۆدڵی کۆپەرنیکۆسین لە بناواندا ئیمانی تەواویان بە سیستەمی پەتلیمۆسی هەبوە و لەم سیستەمەوە گۆڕاون و چونەتە سەر میتۆدی کۆپەرنیکۆسی، بەڵام هەرگیز کەس لە کۆپەرنیکۆسیەوە پێچی نەکردوەتەوە و ببێتە هەواداری مۆدڵی چەقە – عەردی پەتلیمۆسی. گالیلۆ سەبارەت بە قەناعەتی خۆی لە هەمبەر مۆدڵی کۆپەرنیکۆسی دەنوسێ و دەڵێت کە ” کەوتمە باوەڕکردن بەوەی کە هەر کەسێک ئەو بیروباوەڕە ڕەت بکاتەوە کە ژمارەیەکی ڕەها خەڵک ئامێزی بۆ کردوەتەوە، ئەوا گومانی تێدا نیە کە ئەو بیروباوەرەی لە لایەن کەمینەکەوە تەبەنناکراوە و هەمو قوتابخانەکان مەحکومیان کردوە، زۆریان لێنەکراوە، بەڵکو بە قەناعەتەوە و لە ئەنجامی مشتومڕێکی قایلکەرەوە بوە باوەشیان بۆ بیروڕاکە گرتوەتەوە.”[i]

گالیلۆ تەواو گیرۆدەی ئەو چەمکە بوبو کە خۆر، نەک عەرد، چەقی گەردونە، کەچی لەگەڵ ئەوەش کە هەر زو گومانی.لە بیروڕای یۆنانەکان سەبارەت بە عەرد وەک چەقی گەردون کردبو، هێشتا هەر سیستەمی پەتلیمۆسی لە زانکۆدا پەیڕەودەکرد و وەک وانەیەکی زانستی بە قوتابیانی دەگوتەوە. دیارە ئەمە ئەوە دەردەخات کە گالیلۆ هێشتا بە فەرمی نەبۆتە هۆگرێکی تیۆری کۆپەرنیکۆسی، بەڵام ساڵی 1595 دەشێت بە ساڵی وەرچەرخانی گالیلۆ دابنرێت کە تێیدا بەرەو سیستەمی کۆپەرنیکۆسی چەقە – خۆری هەنگاو هەڵبگرێت. هەرچەندە بیروڕای باو و فەرمانڕەوا لە مێژوی زانستدا وەها هاتوە کە تەبعی گالیلۆ بە جۆرێک بوە کە خۆی هەمیشە بەر لەوەی بە شتێک قایل بوبێت، خۆی لە مێشکیدا لێکدانەوەی قوڵی بۆ شتەکە کردوە و ئنجا قەناعەتی پێ هێناوە، بەڵام لای ڕۆشنبیری گەورەی ڕۆژئاوا ئارسەر کۆسلەر، هەروەک لە کتێبە پڕ مشتومڕەکەی، ”خەواڵوە گەڕۆکەکان” دا دەڵێت کە گالیلۆ خۆی کاتێک هاتوەتە سەر تیۆری تازەی کۆپەرنیکۆس کەسێکی بە جورئەت نەبوە، هەروەک چۆن کێپلەر زو ئیمانی خۆی بە سیستەمی کۆپەرنیکۆسی ڕاگەیاندوە و بانگەشەی بۆ پەیامەکەی کردوە[ii].

کێپلەر یەکێک بو لە هاوچەرخە هەرە بلیمەت و گەورەکانی گالیلۆ و هەردوک پێکەوە و دور لە یەکتر و بە دو تێگەیشتن و میتۆدی جوداوە توانیان سیستەمی کۆپەرنیکۆسی بە ئاڕاستەی سەرکەوتن بەرن. ئەم دو ڕابەر و کەسایەتیە پڕ بەهرەیەی شۆڕشی زانستی سەدەی شازدە و هەڤدە هەرگیز لە بەرانبەر یەکتردا دانەنیشتون و فکری خۆیان بە زیندویی بگۆڕنەوە، بەڵام بە نامە ئاڵوگۆری بیروباوەڕیان کردوە و هەردوک پەرۆشییان بۆ مۆدڵی چەقە – خۆری کۆپەرنیکۆسی بۆ یەکتر دەربڕیوە. کێپلەر و گالیلۆ هەردوک لە ڕوی کەسایەتی، بەدەن و باری خێزانییەوە تەواو لە یەکتر جودابون.

یۆهان کێپلەر لە ساڵی 1571 دا لەدایکبوە، واتە حەوت ساڵێک منداڵتر بوە لە گالیلۆ و نزیکەی سی ساڵێک بو کە شاکارە تاک و هەرە ناودارەکەی کۆپەرنیکۆس، سوڕانەوەی گۆ ئاسمانیەکان چاپکرا و بڵاوبوەوە، هەر هەمان ئەو ساڵەی، واتە 1543،  کە کۆپەرنیکۆس خۆشی تێیدا مەرگ یەخەی دەگرێت و بەرەو فەننای ئەبەدی ڕاپێچی کرد.

کێپلەر زاتێکی هەمیشە گۆشەگیر و کەمدو، تەنها و بێ هاوڕی بو، ژیانێکی هەتا بڵێی پڕ کڵۆڵ و هەژارانەی هەبو، ڕۆژانی منداڵی پڕبون لە بیرەوەی تاڵ، ئاهی سارد و نائومێد بوە لە بابی. تەنانەت لە تەمەنێکی زۆر منداڵیدا چوە ژێر باری کارکردن لە کێڵگەکاندا، چونکە پێویست بو قەردی بابە سەرسەرییە بەرەڵاکەی بپۆشێت. هەرچەندە بە ئەسڵ لە بنەماڵەیەکی نەجیبزادە بوە، بەڵام لە خێزانێکی تەواو دەستکورت و نامەسولەوە هاتۆتە دونیاوە. خەڵکی شارۆچکەی وەیل دێر ستادت Weil der Stadt سەر بە شتۆتگارتی ئەڵمانیە، بابی وی هەتا بڵێی ئادەمێکی بێئارام و شەڕانگیزی خوێڕی و بەرەڵا بوە و هەمیشە وەک کرێگرتەی جەنگ مندالەکانی جێهێشتوە و بۆ پارە چوە شەڕی بۆ هەمو لایەنێک کردوە، پارەوپولی دونیای لە مەشروبدا سەرفکردوە و هەمیشە سەرخۆش بوە. دایکی ژنێکی دڵ پڕ لە قین و بوغزاوی بوە، هەر خەریکی جادوگەری بوە و نوشتە و دوعای بە پارە نوسییوە، هەمیشە گرفتی گەورەی بۆ کێپلەر خوڵقاندوە، سەرەنجام کاتێک لەسەر مەسەلەی جادوگەری دەگیرێت و خەریکە وەک چەندەها جادوگەری تری ئەو ڕۆژگارە بسوتێنرێت، بەڵام بە هۆی پێگەی کێپلەرەوە لە کۆشکی شاهانەدا نەجاتی دەبێت و لە سوتاندن دەربازدەبێت.

کێپلەر هەر لە منداڵیەوە هەستیکردوە زۆربەی کات نەخۆشە و دو چاوی کزی هەیە کە ناتوانێت بە وردی لە ئاسمان بڕوانێت و خۆی داتاکان بە دڵی خۆی تۆمار بکات، بەدەنێکی بچکۆلە و ڕیوەڵەی هەبوە، هەرچەندە زاتێکی متەوازیع بوە، بەلام هەروەک خۆی دەڵێت کەس خۆشی بە چارەی نەهاتوە، هەمیشە عەوداڵ بوە بەڵکو خودایە کەسێک ئیشێکی مامۆستایی بداتێ و بتوانێت بەهۆیەوە بژێوی خۆی دابین بکات. کێپلەر بە مەزەب پرۆتستانتێکی تەواو بە دڵ ئیماندار بو.

هەرچی گالیلۆیە، وەک لە سەرەتادا باسمان کرد، گەلێک هاوڕێی ناوداری هەبوە، لە ناز و کۆشی دایک و باب و خێزانێکی ڕۆشنبیر دا گەورەبوە و گۆشکراوە، ژیانێکی ئاڵوواڵای وەهای هەبوە کە زیاتر لە ژیانی ئەکتەرەکانی هۆلیودی ئەمڕۆ بچێت. بە قامەت کەسێکی بەخۆ و باڵابەرز بوە و لە ناوەندێکی مۆسیقیدا گەورەبوە و بابی بە ڕۆشەنفکرانی ئەو دەمە دەورەدرابو. گالیلۆ زو توانی پێگەیەکی ڕۆشنبیری بەرز لە نێو نەجیبزادەکاندا بۆ خۆی مسۆگەر بکات. خۆی زۆر بە گەورە زانیوە و هەتا بڵێیت کارەکتەرێکی ڕەوانبێژ بوە و گەلێک جاران بە زمان – درێژ، یاخود دەم – هەراش، لە زانکۆدا ناوبانگی دەرکردوە. گالیلۆ بە مەزەب کاتۆلیکێکی دڵسۆز بو.

هەر لە منداڵیەوە کێپلەر بلیمەتیەکی ناسا و داهێنەرانەی تێدا بەدەرکەوت، سەرباری ئەو هەمو لاوازی و چاوکزییەی لەسەرەوە ئیشارەمان پێدا، ئەم مرۆیە بەهرەیەکی بەرزی لە ماتماتیک و توانستێکی ئەقڵی سەرسوڕهێنی لە ژمارەکاریدا و دەسەڵاتێکی نایابی بەسەر جیۆمەتریدا هەبو. لە هەمو ئەمانەش گرنگتر ئیمانێکی ئیلاهی پایەدار و گەورەی هەبو کە گەردون پێکهاتەیەکی ماتماتیکیە و خوداوەندی مەزن جیۆمەتری بەگەڕخستوە بۆ خەڵقکردنی سروشت و گەردون. لای کێپلەر گەردون نیزامێکی هارمۆنی پەنهانی هەیە و پێویستە مرۆڤ، وەک ئەرکێکی ئایینی و فەرمایشێکی خودایی، ئەم نیزامە کەشف بکات. لای کێپلەر، تاکە ئامێری نایاب بۆ ئەم مەبەستە بریتیە لە ماتماتیک، ئەوەش چونکە خوداوەند خۆی ماتماتیکناسە و لەسەر بنەمایەکی ماتماتیک گەردونی خوڵقاندوە.

چەمکی بنیات و نیزامی ماتماتیکیانەی گەردون مێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ فەلسەفەی ماتماتیکیانەی فیساگۆرسەکان لە سەدەی شەشەمی پێشزایین. فیساگۆرس، هەرچەندە کەسایەتیەکی غەیبناسی و پڕ لوغز بو، بەلام یەکەم فەیلەسوف بو کە دەرکی بە بونی پەیوەندیەکی ژمارەیی کرد لە گەردوندا و لای وی ئەو نیزام و هارمۆنییەی لەسایەیدا گەردون کاردەکات هۆکارەکەی دەگەڕیتەوە بۆ بونی ئەم پەیوەندییە ژمارەییە(ماتماتیکیە بە زمانی ئەم چەرخە). دوای سەدەیەکیش ئەفلاتون ڕادیکاڵانە تەبەننای کرد و کردیە کرۆکی فەلسەفەکەی، تەنانەت لەسەر دەروازەی ئەکادیماکەی نوسرابو: ” هاتنەژور بۆ کەسانی ناشی بە جیومەتری قەدەغەیە”، پاشان دوای سەرهەڵدانی ئایینی مەسیحی بە چەند سەدەیەک، ئەم فەلسەفەیە لە لایەن قەشەکانی ئەم ئاینەوە، بە تایبەت لە لایەن هەر یەک لە قەشە ئەکوینەس و قەشە ئۆگەستنینۆ تێکەڵ بە ئایینی مەسیحی کران. لە چەرخەکانی ناوەڕستدا پیاوانی تیۆلۆژی و کڵێسە کەوتنە هاندانی زانایان کە هەوڵبدەن پەنهانییەکانی بناتنانی سروشت و گەردون بۆ بەشەرییەت ئاواڵە بکەن، بە تایبەت لە باری ماتماتیکییەوە، چونکە ئەمە گەورەیی و مەزنی خودامان بۆ نمایش دەکات.

سەرباری تاڵی ڕۆژانی منداڵی، کێپلەر هەمیشە یەکەم ئەزمونی خۆی لەگەڵ دونیای ئەسترۆنۆمیدا وەک یادگارێکی شیرین و زیندو لە یادە، چونکە وەک خۆی دەڵێت هێشتا تەمەنی شەش ساڵان کە دایکی بردی بۆ شوێنێکی بەرز بۆ ئەوەی بە چاوانی منداڵی خۆی کۆمێتی ساڵی 1577 ببینێت، ئەو کۆمێتەی کە تیکۆ براهە، فەلەکناسی وردبین توێژینەوەی لەسەر دەکات و دوای چارەکە سەدەیەکی تریش کێپلەر دەبێتە یاریدەری.

کێپلەر، وەک لاوێکی ئیمانداری لە خواترس، بەو هیوایەی وەک پیشە بچێتە بواری ئایین و کڵێسەوە، ڕویکردە زانکۆی تۆبینگتن بۆ خوێندنی دکتۆرا لە تیۆلۆژیادا، یاخود زانستەکانی ئایین، لێرە ئاشنایەتی لەگەڵ مامۆستایەکدا پەیداکرد کە ناوی مایکل مایستلین (1550 – 1639) بو، کە ماتماتیکناسێکی خاوەن قودرەت بو، دواڕۆژیش بوە هاوڕییەکی زۆر نزیک و هەتا دوا ساڵانی ژیانی ئاڵوگۆڕی نامەیان دەکرد. لە ڕێگای ئەم مامۆستایەوە کێپلەر چوە دونیای ئەسترۆنۆمییەوە، بە سیستەمی چەقە – عەردی پەتلیمۆسی و چەقە – خۆری کۆپەرنیکۆسی ئاشنابو. بەڵام هەر لە سەرەتاوە ئەوەی زیاتر وەک مۆدلێک و سیستەمێکی سادە سەرنجی ڕاکێشا تیۆری چەقە – خۆری کۆپەرنیکۆسی بو. لێرە کێپلەر توانی خۆی وەک ماتماتیکناسێکی بەهرەدار بە ناوەندەکە بناسێنێت. هەر زو بو بە یەکێک لە هەوادارە ڕادیکیالەکانی سیستەمەکی کۆپەرنیکۆس، لە مشتومڕێکدا توانی بەرگری لەم تیۆرە بکات، هەم لە ڕوی تیۆری و هەم لە ڕوی تیۆلۆژییەوە، جەختی لەوە کرد کە خۆر سەرچاوەی سەرەکی هێزی بزوێنەرە لە هەمو گەردوندا. کێپلەر، دوای سێ ساڵ خوێندن لێرە، هێشتا لە دوا پلەکانی تەواوکردنی خوێندندا بو کە بانگیان کرد بۆ ئەوەی لە قوتابخانەی پرۆتستانتی گراتس( لە ولاتی نەمسا) ببێتە مامۆستای ماتماتیک و ئەسترۆنۆمی. لە ساڵی 1594 دا پۆستەکەی قبوڵکرد و خوێندنەکەی بەجێهێشت. لای لیۆنارد کۆهن، کە یەکێکە لە پسپۆڕان لە بواری شۆڕشی زانستی سەدەی هەڤدەیەم، سیستەمی کۆپەرنیکۆسی هەق بو ناوبنرێت سیستەمی کۆپەرنیکۆ – کێپلەری، چونکە کێپلەر توانی زۆر لە پرسەکانی ئەم سیستەمە یەکلایی بکاتەوە[iii].

کاتێک کێپلەر لە ساڵی 1596 دا یەکەم کتێبی خۆی بە ناوی ”لوغزی کۆسمۆگرافیک” نوسی. ئەو کتێبەی کە بەندە لەسەر چەمکی غەیبگەری فیساگۆرسی، بەڵام بە هەوڵدانێکی جدی دادەنرێت بۆ بەرگریکردن لە مۆدڵەکەی کۆپەرنیکۆس. لەم کتێبەدا و لای کێپلەر گەردون سیمای خوداوەندە و خۆر دەکەوێتە ناوەڕاستیەوە و هێمایەکە بۆ بابی مەسیح. لای کێپلەر بونیاتی گەردون بە جۆرێکە کە خوداوەند جیۆمەتری بەکارهێناوە بۆ نەخشەکێسانی گەردون، جا ئەرکی کەسانی وەک کێپلەر ئەوەیە کە ئەو میتۆدە جیۆمەتریانە کەشف بکەن کە خوداوەند کاری پێکردوە، چونکە بەم کارە کێپلەر گەورەیی و مەزنی خوداوەند نمایش دەکات، جگە لەوەی ئەگەر خوداوەند ئادەمیزادی وەک ئاوێنەی شکڵی خۆی ئەفراندوە، ئەوا دەبێت ئەم زیرەکییە خوداییە لە ئێمەی مرۆڤیشدا هەبێت. لەو سەردەمەدا تەنها شەش هەسارە لە ئاسمانی فراواندا زانرابون و بەس، کە ئەوانیش بریتی بون لە مێرکۆری، ڤینۆس، عەرد، مارس، ژیوپیتەر و ساتیورن. لە هەمان کاتدا پێنچ تەنی ئەفلاتونی لە دونیادا هەن، کە بریتی بون لە بیستڕو، هەشتڕو، دوازدەڕو، چوارڕو و شەشپاڵو. لای کێپلەر بنچینەی جیۆمەتری خودایی بریتیە لەوەی کە ئەم پێنچ تەنە ئەفلاتونیە لە گەردوندا وەها ڕێکخراون کە هەر یەکەیان دەکەوێتە نیوان دو گۆوە، بەمجۆرە هەر پێنجیان دەکەونە نێوان شەش گۆوە کە ژمارەی هەسارەکانن، ئەمە بە مەرجێک خۆر لە چەقەکەدایە و هەمو هەسارەکان بە دەوریدا دەسوڕێنەوە. کێپلەر توانی بە میتۆدی جیۆمەتری خولگەی هەر هەسارەیەک بۆ خولگەی زەمەنی ئەو هەسارەیە بدۆزێتەوە، بەڵام لە دواییدا ئەمەی ڕەتکردەوە چونکە زۆر ورد نەبو. هەرچەندە دوای چەند ساڵێک بونیاتی جیۆمەتری گەردونی بەوجۆرە ڕەتکردەوە، بەڵام لەو ڕۆژەدا جۆرە بلیمەتیەک بو کە زانایان جیۆمەتری بخەنەگەڕ بۆ ئاواڵەکردنی نەخش و پلانی خودایی بۆ خەڵقکردنی گەردون، بە تایبەت کاتێک کڵێسە هانی زانایانی دەدا کە گەورەیی خوداوەند بۆ ئادەم کەشف بکەن.

لە ساڵی 1597 دا، بە هۆی کەسێک کە ناوی پاولەس ئەمبێرگەر بو، کە هەم هاوڕێی کێپلەر و هەم ناسیاوی گالیلۆ بو، کێپپلەر کۆپیەکی لەم کتێبە نارد بۆ گالیلۆ. گالیلۆ بەم دیارییە نایابە زۆر دڵخۆش بو، بە تایبەت بە ئاشنایەتی کەسێک کە باس لە تیۆری نوێی کۆپەرنیکۆسی دەکات، چونکە هەتا ئەو ڕۆژە ژمارەی هەوادارانی سیستەمی نوێی چەقە – خۆری[iv] کۆپەرنیکۆسی هێندەی ژمارەی پەنجەکان نەبو. لە ئەپریلی هەمان ساڵدا، گالیلۆ وەڵامی نامەکەی کێپلەر دەداتەوە. لە نامەکەدا ئیشارە دەدات بەوەی کە عەوداڵانی هەقیقەت زۆر کەمن و دونیایەک لە یەکترەوە دورن، هەروەک دەڵێت: ” خۆم بە بەختەوەر دەزانم، کە لە گەڕان بە دوی ڕاستیدا هاوڕێیەکی وەک تۆم هەبێت، مایەی خەمێکی گەورەیە کە ژمارەیەکی وەها کەم لە خەڵک بە دوی هەقیقەتدا وێڵن. ئەمە جێگای ڵاڵانەوە نیە بۆ نەهامەتیەکانی ئەم زەمەنەمان، بەڵام پیرۆزباییت لێدەکەم سەبارەت بە کەشفکردنی هەقیقەتەکان بەو جوانیە” بێگومان گالیلۆ تەنها پێشەکی پەڕتوکەکەی کێپلەری خوێندبوەوە، چونکە گفتی دەداتێ کە سەرپاکی کتێبەکە بخوێنێتەوە، بەڵام دەشێت هەر ئەو گفتە بێت و بەس. کتێبەکەی کێپلەر بە لاتین نوسرابو، جگە لەوەی وشەکاری کێپلەر ئەفسوناوی بو. بەلام گالیلۆ هەر لە سەرەتاوە، کە دەستی دایە نوسین زمانی ئیتاڵی بەکارهێنا، هەر ئەمەش وای کرد کە لە ئایندەدا کتێبەکانی گالیلۆ لە هی نوسەرانی تر میللیتر بن و پانتاییەکی فراوانتر لە دونیای خوێنەران داگیر بکەن.

گالیلۆ، لە نامەکەدا بۆ کێپلەری دەدرکێنێت کە چەند ساڵێکە تەبەننای ئایدیاکانی کۆپەرنیکۆسی کردوە و گەلێک مشتومڕی لە دژ سیستەمی پەتلیمۆسی کۆکردۆتەوە و بەڵگەن بۆ سەلماندنی تیۆری چەقە – خۆری، بەڵام جورئەت ناکات بە چاپیان بگەیەنێت چونکە هێشتا بزاوتی عەرد لە نێو خەڵکدا مایەی مقۆمقۆیە. لە نامەکەدا دەڵێت: ” هەتا ئێستا جورئەتی بڵاوکردنەوەی ئەم ئایدیایانەم نەبوە، ئەمەش لە ترسی ئەوەی هەمان چارەنوسی ئوستاد کۆپەرنیکۆس جاوەڕوانم بێت، کە، هەرچەندە ئنکاری لەوە ناکرێت لە ناو ژمارەیەکی کەمی خەڵکدا ناوبانگی بەدەستهێناوە، بەڵام لە ناو خەڵکێکی زۆریشدا بوە مایەی گاڵتە و قەشمەری، جا دەبینیت ژمارەی ئەهمەقان چەندە زۆرن[v]” لە ڕاستیدا گەرچی گالیلۆ باس لە مەیلی خۆی بۆ مۆدڵی کۆپەرنیکۆسی دەکات، برلام هێشتا لە پۆلدا و لە زامکۆ سیستەمی پەتلیمۆسی بە قوتابیان دەگوتەوە، ئەمە لە کاتێکدا کە زۆر ڕادیکالانە لە هەمبەر کۆسمۆلۆژیای ئەرستۆیی جەنگاوە، جا هەرچەندە گەلێک جاران بوەتە مایەی بوغز و قین بۆی بەڵام نەبوەتە دروستبونی کەشێکی قەشمەریانە لە بەرانبەری.

گالیلۆ لە وەڵامی نامەیەکی کێپلەردا گوتی خۆ ئەگەر کەسانی وەک کێپلەر لە دونیادا زۆربن ئەوا ئامادەیە کە بیروڕاکانی خۆی بگەیەنێتە خەڵک و چاپیان بکات. کێپلەر لە وەڵامی نامەی داهاتودا، کە لە ئۆکتۆبەری ساڵی 1597 دا نوسراوە، گوتی کە گالیلۆ پێویستە هەوڵبدات کە هەقیقەتی جەمکی کۆپەرنیکۆسی بڵاوبکاتەوە، بە هیچ جۆرێک لە گاڵتە و قەشمەری جەهالەت نەترسێت، چونکە ئەگەر خۆی، واتە کێپلەر، بە نمونە بهێنینەوە، ئەوا ڕەخنەی توند و ڕەقی پێاوێکی ڕۆشنفیکر بە باشتر دەزانێت وەک لەوەی گوێی لە چەپڵەی ناقۆڵای جەماوەرێکی عەوام بێت. کێپلەر بەردەوام دەبێت و دەڵێت کە زنجیرە ڕامانێکی زۆر سادەی ئەستێرەکان بەسە بۆ سەلماندنی هەقیقەتی تیۆری چەقە – خۆری، چونکە ئەگەر ئەم سەرنج و ڕامانانە لە ماوەی شەش مانگدا تۆماربکرێن، ئەوا دەرک بە جوڵەی عەرد بۆ پێشەوە و دواوە بە نیسبەت ئەستێرەکانەوە دەکرێت، ئەمەش کاتێک ڕودەدات کە عەرد لە بازنەیەکی داخراودا بە دەوری خۆردا بسوڕێتەوە، ئەمە دیاردەیەکە بە جێگۆرکێی ئەستێرەیی stellar parallax  ناسراوە، بەلام هەروا کارێکی ئاسان نەبو بکرێت، چونکە ئەستێرەکان هێندە دورن ناتوانرێت دەرک بە جێگۆرکێیان بکرێت و پاشانیش ئەم دیاردەیە لە ساڵی 1838 پێوانێکی باشی لە لایەن فرێدرێک بیزێڵ (1784 – 1846) وە بۆ کرا و بە تەواوی یەکلایی بوەوە، ئەویش بە هۆی تەلەسکۆپی زۆر بەهێزەوە کە توانرا گۆڕان لە جێگۆرکێی ئەستێرەکان بە وردی و جوانی ببینرێت[vi]. کێپلەر دەڵێت، ئەگەر لە گاڵتەی خەڵک و ڕقی فەرمانڕایان دەترسێت، ئەوا گالیلۆ دەتوانێت کتێبەکانی لە ئەڵمانیا بڵاوبکاتەوە، چونکە، هەرچەندە کڵێسەی پرۆتستاانتی دژی سیستەمی کۆپەرنیکۆسی وەستان و تەنانەت مارتن لۆتەری ڕابەری بزوتنەوەی ڕیفۆرمەکان، کۆپەرنیکۆس بە ئەحمەق ناودەبات، بەلام بیرکردنەوەی تازە و سیستەمی کۆپەرنیکۆسی کەمتر لە ژێر فشاردایە وەک لەوەی دەسەڵاتی کڵێسەی کاتۆلیکی پیادەی دەکات، چونکە لە ئەڵمانیا پادشایەتی حوکمی زۆر لە ناوچەکانی ئەڵمانی دەکرد. پاشانیش لە ئەڵمانیا کڵێسەی پرۆتستانتی دەسەڵاتی سزادانی خەڵکی نەبو.

ترسی گالیلۆ لە خۆرا و بێ هۆ نەبو، چونکە ساڵانێک بو کڵێسەی کاتۆلیک هەڕەشەی توندی ڕەوانەی ڕۆشەنفکران و فەیلەسوفان دەکرد کە دژ بە فەرمایشەکانی کتێبی پیرۆزی مەسیحان قسەدەکەن. هەر لە کتێبی مەسیحانیشدا هەیە کە عەرد چەقی گەردونە و هەمو هەسارەکانی تریش، بە خۆریشەوە، بە دەوریدا دەسوڕێنەوە. عەرد پێگەی تایبەتی لە تیۆلۆژیای مەسیحیدا هەبو، عەرشی ئەو گەردونەیە کە خوداوەند خەڵقیکردوە، هەر بۆیەش ئنسان پێگەی پیرۆزی تایبەتی هەیە، چونکە خوداوەند لە عەرشی گەردوندا دروستیکردوە. جا بۆیە لابردنی عەرد لە چەقی گەردون، واتە لە عەرشەکەی، بریتیە لە کوشتنی پیرۆزی ئنسان، ئەو پیرۆزییەی خوداوەند لە سیمای گەورەیی خۆی بە ئنسانی بەخشیوە. لای کڵێسە نە ئنسان مەخولێقێکە وەک هەر مەخلوقێکی ئاسایی تر و نە عەردیش هەسارەیەکە وەک هەر هەسارەیەکی تری گەردون، بۆیە دژایەتیکردنی ئەم دو چەمکە قوربانی دەویست. سەرەتای ترس لە دەسەلاتی کڵێسە، بە تایبەت لەمەڕ پرسەکانی گەردون، لە ڕۆژگاری ڕێنیسانس و شۆڕشی زانستیدا مێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی سەرهەڵدانی چەمکی سیستەمی چەقە – خۆری لە سەر دەستی کۆپەرنیکۆس خۆی.


[i] Galileo for Kids: His Life and Ideas, 25 Activities (For Kids) by Richard Panchyk and Buzz Aldrin (Paperback  2005)

[ii]The Sleepwalkers: A History of Man’s Changing Vision of the Universe by Arthur Koestler(Arkana) 1989

[iii]The Birth of a New Physics W. W. Norton & Company; Revised and Updated edition (1985)I. Bernard Cohen

[iv]  مەسەلەی سیستەمی چەقە – خۆری Heliocentric ، وەک زاراوە ڕاست نیە، چونکە خۆر ناکەوێتە چەقی گەردونەوە، ئەمەش کاتێک سەلمێنرا کە کێپلەر ئەو هەقیقەتەی ساخ کردەوە (بێگومان بە پشتبەستن بە داتاکانی تیکۆ) کە هەسارەکان بە فۆرمێکی هێلکەیی بە دەوری خۆردا دەسوڕێنەوە نەک بە شێوەیەکی بازنەیی. زاراوەیەکی تر کە لە ئنگلیزیدا زۆر بڵاوبو هەر لەمەڕ هەمان بابەت، ئەوەبو کە بە سیستەمی کۆپەرنیکۆسی دەگوترا خۆر – مەندی Heliostatic واتە خۆر ناجوڵێت و هەمو هەسارەکان بە دەوریدا دەسوڕێنەوە، ئەمەش هەر ڕاست نیە، خۆریش خۆی دەسوڕێتەوە. پێویستە ئەوەش بڵێین کە کێپلەر و نیوتنی لێ دەرچێت، کۆپەرنیکۆس و گالیلۆش باوەڕیان وابو کە عەرد بە شێوەی بازنەیی بە دەوری خۆردا دەسوڕێتەوە.

[v] Measuring the Universe: The Historical Quest to Quantify Space by Kitty Ferguson (Paperback Mar 2000)

[vi] The Story of Astronomy by Lloyd Motz and Jefferson Hane Weaver Perseus Books,U.S. (Hardcover 1995)

image_pdfimage_print

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *