ئاینشتاین چی بۆ کردین؟

”ئاینشتاین سەگێکی تەمەڵە و هیچی بەسەر ماتماتیکەوە نییە.”  

هێرمان مینکۆوسکی. مامۆستای ئاینشتاین لە زانکۆ.

”تێڕوانین لە فەزا و زەمەن، کە پێم خۆشە بیخەمە بەردەمتان…بنەڕەتین. ئیتر لە ئێستا بە دواوە، فەزا بە تەنها بۆ خۆی و زەمەنیش بە تەنها بۆ خۆی مەحکومن بە ئاوابوون بەرەو تارمایی رووت و تەنهاش بە یەکخستنی هەردوکیان پێکەوە لە بۆتەیەکدا وەک واقیعێکی سەربەخۆ دەمێننەوە.”

هێرمان مینکۆوسکی. لە موحازەریەکدا لە 1908 دەربارەی تیوری تایبەتی نسبی ئاینشتاین و گۆڕینی دەستەواژەی فەزا و زەمەن بۆ فەزا-زەمەن.

ئاینشتاین بە مانای وشە رابەری هەرە گەورەی شۆڕشی کۆزمۆلۆجی سەدەی بیستەم و بابی فیزیکی هاوچەرخە، توانی دیدی بەشەرییەت لە هەمبەر گەشەکردن و بناوانی گەردون سەرتاپا بگۆرێت. ئاینشتاین هەموو سیماکانی نمونەی بلیمەتی لەخۆدا بەرجەستە کردبوو، قژێکی بژی بارگاوی، پایپێک و سیپاڵێکی سادەی هەڕەمەکی و جگە لەوەی لە هەڵسوکەوتدا هەتا بڵێی مرۆڤێکی ساکار بوو، هەر لە منداڵێکەوە هەتا گەورەیەک و هەتا سەرۆکی وڵاتێک تامەزرۆی بینین و ئاخافتن بوون لەگەڵی. ئەمە جگە لەوەی کە بە مانای پڕاوپڕ فەیلەسوف بوو.

بابەتە هەرە سەرەکییەکانی ناوەندی فیزیکی ئەم سەردەمە بریتین لە تیوری گشتی و تایبەتی نسبی، چەمانەوەی فەزا -زەمەن، کوانتەم، شەپۆلەکانی کێشکردن[i] و بیگ -بانگ و جی.پی ئێس(ناڤ) و گەلێک بابەتی تر، هەموو ئەمانە ئەو چەمکانەن دەیان ناوەندی زانستی و ئەقڵی هەرە گەورەی زانایانیان سەرقاڵکردووە، بەڵام ئەمانە هەر هەموویان زادەی بیرکردنەوە و خەیاڵاتی ئاینشتاین و تیورییەکانی، بە تایبەتی تایبەتی و گشتی نسبییەت، بوون.

ئاینشتاین، هێشتا موزەفێکی بچکۆلەی ئۆفیسێکی سادە بوو، واتە نە کەسێکی بەناوبانگ و نە پسپۆڕێکی ئەکادیمی زانکۆ و نە هەڵگری بڕوانامەیەکی ئەوەی ئەمڕۆ خەڵکی پێی دەڵێت دکتۆرا بوو، لە تەمەنی بیست و شەش ساڵیدا و لە زەرفی زەمەنی چەند مانگێکدا، لە ساڵی 1905 دا، چوار پەیپەری فیزیکی نوسی. ئەو پەیپەرانە ئەوەندە شۆڕشگێڕانە بوون کە هەر یەکەیان بۆ خۆی بە تەنها شایانی خەڵاتی نۆبڵ بوو، بەڵام ئەوەی مایەی سەرنجە سەرەتا هیچ کەس باوەڕی بە ئایدیاکانی ئاینشتاین نەبوو. یەکێک لە پەیپەرەکان تیوری تایبەتی نسبیەت بوو.

بۆ تێگەیشتن لە ئاینشتاین پێویستە ئاوڕێک لە نیوتن، رابەری هەرە گەورە و داڕێژەری فیزیکی کلاسیک یان بڵێین میکانیکی کلاسیک، بدەینەوە و بزانین رۆڵی لە دونیای ئەو دیاردە سەیرەی پێی دەگوترێت کێشکردن چیبوو؟ نیوتن کە لە ساڵی 1642 لەدایکبووە، بە دوا زانای هەرە گەورە، یان ترۆپکی شۆڕشی زانستی هەژمارد دەکرێت. وەک دەڵێن کاتێک لە ساڵی 1665 دا، تاعون لە وڵاتی ئنگلیز بڵاوبووەوە، زانکۆی کامبریچ دەروازەکانی خوێندنی داخست و هەموو خوێندکارانی خۆی ناردەوە بۆ ماڵی خۆیان. بەمجۆرە، نیوتن ساڵی 1665 و 1666 لە گوندەکەی خۆیان، ووڵترۆپ، بەسەربرد، ئەم دوو ساڵە لە ژیانی نیوتندا بە ساڵانی موعجیزە دادەنڕێت، جونکە لەم دوو ساڵەدا توانی زۆربەی داهێنان و دۆزینەوە ماتماتیکی و فیزیکییەکانی خۆی ئەنجام بدات. ئا لەم دوو ساڵەدا بوو نیوتن ئایدیای شۆڕشگێرانەی هێزی کێشکردنی بۆ هات و یاسای گشتی دوجای پێچەوانەیی گەڵاڵەکرد. هەرچەندە نیوتن وەک عادەتی خۆی، بەرهەمەکانی بڵاونەدەکردەوە، بەڵام ئەم یاسایەی دوای بیست ساڵ لەسەر خواست و هاندانی هاوڕێ و فەلەکناسی ئنگلیز هەیڵڵی بەچاپ گەیاند. داستانەکە بەوجۆرەیە کە رۆژێکی هاوین نیوتن لە ژێر سێبەری دارسێوێک چایی دەخواتەوە، لە ناکاو سێوێک دەکەوێتە خوارەوە و ئیتر لەم ساتەوەختەدا نیوتن دەپرسێت بۆچی ئەم سێوە بەرەو ئاسمان نەچوو؟ هەرچەندە ئەم داستانە زیاتر لە حیکاتی فۆلکلۆری دەچێت وەک لە واقیعی، بەڵام لە یادمان نەچێت لە پشت هەموو داهێنان و دۆزینەوەیەکی شۆڕشگێڕانە داستانێکی خەیاڵبافی هەیە. داستانەکە بە هەر شێوەیەک بێت، نیوتن گەیشتە ئەو هەقیقەتەی هەر ئەو هێزەیە کاردەکاتە سەر مانگ و هەموو هەسارەیەکی تریش کە چۆن لە فەزادا بجوڵێن و چۆن بسوڕێنەوە.

دواجار لە ساڵی 1687 شاکارە هەرە گەورەکەی، کتێبی پرینکیپا، ی بڵاوکردەوە، ئەو کتێبەی لە مێژووی زانستدا هەرگیز تەریبی نییە. لەم کتێبەدا، نیوتن ئایدیا و چەمکی کێشکردن گەڵاڵەدەکات. لای نیوتن، ئەم هێزە بریتییە لە هێزی کێشکردن لە نێوان دوو تەندا و راستەوانە دەگۆڕێت لەگەڵ لێکدانی هەر دوو بارستایی تەنەکە و پێچەوانەش لەگەڵ دوجای دووری نێوانیان. هەتا دووری نێوان دوو تەنەکە کەمتر بێت ئەوا هێزی کێشکردنەکە لاوازتر دەبێت. ئەم یاسایە و سێ یاساکەی تری نیوتن لەمەڕ جوڵە، هەر هەموویان حوکمی گەردون دەکەن و یاساکانیش لە هەر کوێی فەزادا بێت هەر بە هەمان بارستایی کاریگەری خۆیان دەبێت. لە فیزیکی نیوتندا زەمەن و فەزا دوو یەکەی سەربەخۆن لە یەکتری و زەمەن دیاردەیەکی رەهایە و یەک دەقە لە هەر کوێیەکی گەردوندا بێت هەر یەک دەقەیە و هیچی تر.

لە تیوری گشتی نسبییەتی ئاینشتایندا شتەکە بە جۆرێکی ترە، سەرتاپا چەمکی هێزی کێشکردن بە بەرگێکی تر و فۆرمێکی ترەوە پیناسەداکرێت و تەنانەت کۆمەڵە هاوکێشەیەکی نوێ پێشکەش دەکات، بەڵام لە یادمان نەچێت، ئاینشتاین هەرگیز گەورەیی و بلیمەتی نیوتن لە بیرناکات، بە تایبەت کە دەڵێت،’ جەنابی نیوتن ببورە.’ لای ئاینشتاین کێشکردن هێز نییە بەو جۆرەی ئێمە لە قوتابخانە خوێندومانە، بەڵکو کێشکردن نومایشی سیمای جیۆمەتری فەزا-زەمەنە. حزوری بارستایی لە گەردونی ئاینشتایندا دەبێت بە هۆی گۆڕینی فۆرمی فەزا-زەمەن، نمونەی هەرە سادەی نومایشی چەمکی ئاینشتاین بریتییە لەوەی کاتێک تۆپێک هەڵدەدەیتە ناوەڕاستی تەبەقێکی لاستیکی، دەبینیت تەبەقەکە دەچەمێتەوە و فۆرمە ئاساییەکەی دەشێوێت. لە بەرانبەر ئەمەدا، فۆرمە چەماوەکەی فەزا-زەمەن حوکمی جوڵەی تۆپەکە دەکات. لەم بارەیەوە فیزیکناسی گەورەی سەدەی بیستەم جۆن ویڵەر (2008 – 1911)، کە رابەری لەدایکبونەوەی تیوری گشتی نسبی بوو لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا، دەڵێت،’ فەزا-زەمەن بە مادە دەڵێت چۆن بجوڵێت، مادەش بە فەزا-زەمەن دەڵێت چۆن بچەمێتەوە.’

کاتێک ئاینشتاین کەوتە داڕشتنی تیوری کێشکردن، زوو پرینسپێکی سادە، بەڵام بە قودرەت و تۆکمەی، فۆرموڵەکرد: لە روی تەجروبەوە دەبێت تاودان، کە بە هۆی کێشکردنەوە روودەدات، هیچ جیاوازییەکی نەبێت لەگەڵ ئەو تاودانەی بە هۆی هەر هێزێکی ترەوە ڕوودەدات. ئەم پرینسپە پێی دەگوتریت ”پرینسپی هاوتایی”. مەبەست لە پرینسپی هاوتایی ئەوەیە ئەگەر بۆ نمونە من خۆم لە سندوقێکی داخراودا قایم بکەم و هیچ ئاگام لە دونیای دەرەوەی سندوقەکە نەبێت، ئنجا سەرنج دەدەم سێوێک بە تاودانێکی نەگۆڕ دەکەوێتە خوارەوە. بە هیچ جۆرێک ناتوانم ئەوە دیاری بکەم کە ئایا بە هۆی ئەوەی سندوقەکە بە ئارامی و مەندی لەسەر ڕووی زەوی دانراوە، یاخود بە هۆی تاودانی کێشكردنەوە سێوەکە دەکەوێتە خوارەوە، یاخود سندوقەکە خۆی بە ئاڕاستەی سەرەوە لە فەزای بەتاڵدا تاودەدات.

یەکێک لە دەرەنجامە هەرە قوڵەکانی پرینسپی هاوتایی تیوری گشتی نسبییەت بریتییە لەوەی کە چەمانەوەی روناکی بە هۆی حزوری ئەو تەنانەی بارستایی زەبەلاحیان هەیە روودەدات، هەر بۆیە دەبینین ئەگەر لە ناو سندوقەکەدا تیشکێکی روناکی بهاوێژم، ئەوا ئەو تیشکە یارمەتیمان دەدات کە جیاوازی لە نێوان دوو حاڵەتەکەدا بکەین. کێشکردن دەبێت بە هۆی چەمانەوەی رووناکی. بەمجۆرە ئاینشتاین گەیشتە ئەو دەرەنجامەی کاتێک رووناکی بە لای تەنێکی زەبەلاحی وەکو خۆردا گوزەردەکات ئەوا لەسەر راستە هێڵەکەی خۆی لادەدات. ئەگەر وردتر قسەبکەین، ئەوا هێڵێکی چەماوەیی کورتترین رەوتە لە فەزا-زەمەنێکدا کە بە هۆی تەنێکی زەبەلاحی وەکو خۆرەوە شێواوە. بەمجۆرە ئەم پێشبینییەی تیوری گشتی نسبییەت لەگەڵ ئەوەی لە سایەی کێشکردنی نیوتینیدا بەدی دەکەین جیاوازە: چونکە لە تیوری گشتی نسبییەتی ئاینشتایندا گۆشەی شکانەوە لە نێوان رەوتی هێڵێکی راست و شکاوەکەدا دوو ئەوەندەی شکانەوەکەی کێشکردنی نیوتنییە.

دیاردەی شکانەوە یان چەمانەوەی روناکی بە وردی لە ساڵی  1919 لە لایەن ئەسترۆفیزیکناسی ئنگلیزی لۆرد ئەدینتنەوە سەرنجدرا و بۆ مێژووش سەلماندی کە تیوری گشتی  ئاینشتاین راستە. هەرچەندە پێش ئاینشتاین هەردوو ماتماتیکناسی گەورەی ئەڵمانی فرێدرێک گاوس (1855 – 1777) و بێرنارد رەیمان (1866 – 1826) ئەوەیان خستەڕوو کە دەشێت فەزا چەماوە بێت و جیۆمەترییەک، غەیری جیومەتری تەختی ئەکلیدسی بوونی هەبێت. ئەم ماتماتیکناسە مەزنانە ئەو ماتماتیکیەی پێویست بوو بۆ وەسفی ئەم جۆرە فەزا چەماوەییە پێشکەشیان کرد. بەمجۆرە پرسیاری وەکو گەردونەکەی ئێمە چۆنە کە تێێدا دەژین؟ لەوەش قووڵتر، چی ئەم فۆرمی فەزایە دیاری دەکات؟

رەیمان، لە ساڵی 1854 وەڵامێکی زۆر نایابی پێشنیازکرد، بەڵام رەیمان زۆر لە سەردەمەکەی خۆی ئایندانەتر بیریکردەوە و خەیاڵاتی زۆر لە ئنسانی رۆژگارەکە فراوانتر بوو، بەڵام لە توانایدا نەبوو تیورییەکی کۆنکریتی گەڵاڵە بکات کە بەندبێت لەسەر خوردبوونەوە و خەیاڵاتی ماتماتیکییانەی خۆی، هەتا لە ساڵی 1870 دا، ماتماتیکناسێکی تر ویلیام کلیفەرد(1879-1845) ، پەیپەرێکی نوسی و پێشکەشی کۆمەڵەی فەلسەفی کامبریجی کرد، ئەو کاتە تەمەنی بیست و پێنچ ساڵان بوو، لەم پەیپەرەدا کلیفەرد جەخت دەکاتە سەر ئەوەی کە بەشێکی فەزا سیمای گردۆڵکەیی هەیە و چەماوەییە. دەرەنجامەکانی کلیفەرد لەوانەی رەیمان زیاتر بوون بەڵام هیچ کەس ئاوڕی لێ نەدایەوە. ئاینشتاین لە ساڵی 1915 دا گەیشتە هەمان ئەنجام بەڵام ئەویش دوای ساڵانێکی زۆر سەرقاڵی خوردبوونەوە بوو، جیاوازییەکە ئەوە بوو ئاینشتاین فیزیکناس بوو کلیفەرد ماتماتیکناس. هەرچەندە سەرەتا ئاشنایەتی لەگەڵ ئەو ئامرازە ماتماتیکییە ئاڵۆزەدا نەبوو کە پێی دەگوترێت کالکیولەسی تێنسەر[i]، هەتا هاوسنف و هاوڕێی دێرینی مارسل گرۆسمان (1936-1878) ماتماتیکی رەیمان و کالکیولەسی تێنسەری پێناساند و لەم بوارەدا یارمەتیدا.

ئیتر بەمجۆرە لە دوای ساڵی 1915 وە فیزیکناسان و ماتماتیکناسان دەستیانکرد بە بەکارهێنانی تیوری گشتی نسبیەتی ئاینشتاین بۆ ئەوەی ئنسان بتوانێت بە هۆیەوە زیاتر لە گەردون حاڵی بێت و پاشان بگەڕێت و بزانێت لایەنی پراکتیکی ئەم تیورییە چیبوو؟

سەرەتای تاووتوێی تیوری گشتی نسبییەت لە فەلەکناسی ئەڵمانی کارل شوارتزچایەڵدەوە (1916 – 1873) دەستیپێکرد، شووارتچایەڵد لە ساڵی 1916 دا بۆی دەرکەوت ئەگەر بارستاییەکی لە ئاسابەدەر زەبەلاح لە قەبارەیەکی بچکۆلەدا خۆ نمایش بکات، واتە هەمان بارستایی بەڵام قەبارەیەکی زۆر بچکۆلە، ئەوا فەزا-زەمەنیش لە حاڵەتێکی سەیردا دەشێوێت، تەنانەت دەچێتە هەلومەرجی سینگولارەتییەوە. نمونەی ئەم دیاردەیەی شوارتزچایەڵد باسی دەکات چاڵە-رەشە. چاڵە-رەش، ئەگەر وەسفێکی وردی بکەین، ئەوا بارستایی تێیدا ئەوەندە چڕە کە هیچ شتێک، تەنانەت روناکیش ناتوانێت لە کایەکەی رزگاری بێت و خۆی قوتاربکات. لە ساڵی 2019 دا، بۆ یەکەمجار وێنەی چاڵە-رەشێک لە گالاکسی M87 هاتەدەست و بە هەموو دنیادا بڵاوبووەوە، چاڵە-رەشەکە 53 مللیۆن ساڵی روناکی دووربوو. وێنەکە ئاسۆی روداوی چاڵە -رەشەکە پیشان دەدات، ئاسۆی رووداو[ii] ئەو دەڤەرە ئەڵقە بازنەییەیە کە روناکیش ناتوانێت لێی قوتاربێت.

لە ساڵی 1975 دا، ستیڤن هۆوکین پەیپەرێکی زانستی بڵاوکردەوە و تێیدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە ناکرێت چاڵە-ڕەشەکان بە تەواوی رەش بن، بە تێپەڕبوونی زەمەن دەبن بە هەڵم، ئەویش بە هۆی پەخشکردنی وزەیەکەوە کە ئێستا پێی دەگوترێت ”تیشکدانەوەی هۆوکین”.

ئەم سیگناڵە، واتە سیگناڵی شەپۆلەکانی کێشكردن لە ئاسابەدەر بچکۆلەیە: ئەو گۆڕانەی لە باسکەکاندا، کە هەر یەکەیان 4 کیلۆمەتر درێژە، دروست دەبێت بڕەکەی لە یەک لەسەر دە هەزاری پانی پرۆتۆنێک بچوکترە. دەبێت هەموو حسابێک ورد بکرێت بۆ ئەوەی بەرگێک shield  بە دەوری ئامرازی کەشفکەرەکەدا دروست بکرێت بۆ ئەوەی هیچ جۆرە تەشویشێک لە هیچ لایەکەوە کاریگەری خراپ نەکاتە سەر ئامرازەکە، تەنانەت هێزی کێشکردنی هەوریش کاتێک لە نزیکەوە گوزەردەکات. بەڵام هەرچۆنێک بێت، ئەم دەستکەوتە نایابەی ئەندازیاری و فیزیک کە هاتووەتەدی، بۆ یەکەمجار لە ئەیلولی 2015 و فیزیکناسان کە رۆڵی سەرەکییان هەبوو لە دۆزینەوەیدا خەڵاتی نۆبڵی فیزیکی ساڵی 2017 یان وەرگرت. ئێستا ئەسترۆنۆمی شەپۆلەکانی کێشکردن زۆر بە خێرایی بوونەتە شتێکی ئاسایی، هەتا ئێستا رودانی یەکگرتنی چەندین چاڵە-رەش و ئەستێرەی نیوترۆنی کەشفکراوە و تۆمارکراوە. بەم زووانە، ئەم گۆڕان و پێوانانە یارمەتی فەلەکناسان دەدەن کە رێژەی کشانی گەردون بە وردییەکی جوان و نایاب پێوانەبکەن.

ئاینشتاین تیورییە نوێکەی خستەگەڕ بۆ وەسفکردنی گەردون بە تەرزێکی شمولی و لە ساڵی 1917 دا، ئەو ئایدیای لە لا گەڵاڵەبوو کە گەردون سیمایەکی ستاتیکی هەیە نەک لە حاڵەتی کشاندا بێت، بۆ ئەم مەبەستە و بۆ ئەوەی پێچەوانەی ئیرادەی ماتماکییانەی هاوکێشەکانی خۆی بوەستێتەوە، هات نەگۆڕێکی خستە دووتوێی هاوکێشەکانی تیورییە گشتییەکانیەوە، ئەم نەگۆڕە پێی دەگوترێت لامدا، یاخود نەگۆڕی کۆزمۆلۆژی کە رەوشی ئەم نەگۆڕە وەک هێزێکی دژە-کێشکردن رۆڵی خۆی دەبینی و گەردونی لە هەرەسهێنان قوتاردەکرد. بەڵام ئاینشتاین رووبەڕوی ئاڵنگاری ماتماتیکی بووەوە، لە ساڵی 1922 دا، فیزیکناس و ماتماتیکناس و کەشناسی روسی، ئەلکسەندەر فرەیدمان (1925 – 1888)، بە تەنها کەوتە هەڵسەنگاندن و تاووتوێی هاوکێشەکانی تیورییەکەی ئاینشتاین، دوای حلکردنی، فرەیدمان سێ مۆدڵی سەیری بۆ ساخبووەوە، تەواو کۆک بوو لەگەڵ ئەنجامی ماتماتیکی تیوری گشتی و ناتەبا بوو لەگەڵ ویستی شەخسی ئاینشتایندا، مۆدڵی هەرە سەرەکی حلەکان بریتی بوو لە کشانی گەردون – ئەم مۆدلە لە باری تێڕامانی تەجریبیەوە لە ساڵی 1929 دا، زۆر زوو لە لایەن ئەدوین هەبڵەوە (1953 – 1889) جەختی لەسەرکرا و سەلمێندرا. ئاینشتاین دوایی تەسلیمی هەقیقەتی ماتماتیکی بوو، سازشی لەسەر بیروڕاکانی خۆی کرد. لە رۆژگاری ئەمڕۆدا بڕێکی لە ئاسابەدەر داتای کۆزمۆلۆژی لە ئارادا هەن، (بە تایبەتی لەمەڕ تیشکی پاشخانی کۆزمۆلۆژی ساتەوەختی دوای تەقینەوەی بیگ-بانگ و دابەشبوونی گالاکسییەکان لە گەردوندا) کە ئەوە دەردەخەن تەنها لە ژێر رۆشنایی کارەکانی ئاینشتایندا دەتوانین لێیان تێبگەین و تەفسیریان بکەین. جارێکی تر شكۆی تیوری گشتی نسبییەتی ئاینشتاین دەرکەوت.

ئایدیاکانی ئاینشتاین لە باری ئەسترۆنۆمی، کۆزمۆلۆژی و ئەسترۆفیزیکییەوە تەواو شۆڕشگێڕانە بوون. لەوانەیە خەڵکانێک هەبن وەها بیربکەنەوە کە بەرهەمەکانی ئاینشتاین، سەرباری ئەوەی قودرەتێکی تۆکمە و هەیبەتێکی بەرزیان هەیە لە توێژینەوەی گەردوندا، بەڵام هیچ پەیوەندییەکی بە ژیانی رۆژانەی ئێمەوە نییە. بەڵام ئەمە زۆر دوورە لە هەقیقەتەوە.

لە راستیدا ئایدیاکانی ئاینشتاین لە رۆژگاری ئەمڕۆدا کاروباری رۆژانەی ژیانی ئێمەیان بەرجەستەکردووە. تیورییەکانی ئاینشتاین بوون بە هۆی لەدایکبوونی جی.پی.ئێس (ناڤ GPS )، وزەی ناوکی، تەکنەلۆژیای وای-فای (بی-سیم Wi-Fi  ) و کامێرای دیجیتاڵ. ئەمە جگە لەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا، سود و بەرهەمی شۆڕشی کۆمپیوتەری کوانتەمیش دەبینین، کە هەموو ئەمانە بە ئەسڵ ئایدیای ئاینشتاین بوون.

با بگەڕێینەوە بۆ پرینسپی هاوتایی کە لەمەوبەر گفتوگۆمان لەسەر کرد و خۆمان لە سندوقێکی داخراودا قایمکردبوو. ئنجا تەسەورکە تووڵێک روناکی لە عەردی سندوقەکەوە بە ئاڕاستەی ئامرازی کەشفکەرەکە، کە لە سەقفەکەدایە، دەتەقێنین، ئنجا بڵێین کە سندوقە داخراوەکە بەرەو فەزا تاودەدرێت. ئەو کاتەی روناکییەکە دەگاتە کەشفکەرەکە لە سەقفەکەدا، سەقفەکە خۆی تاوداوە و ئامرازی کەشفکەرەکە درێژی – شەپۆلێکی گەورەتر دەبینێت. روناکییەکە دوورکەوتووەتەوە و هەندێک لە وزەکەشی لەدەستداوە. بەڵام بە پێی پرینسپی هاوتایی، هەر هەمان شت دەبێت راست بێت ئەگەر سندوقەکە لە کایەیەکی کێشكردندا، کە هەمان تاودانی هەیە، مەند و سەقامگیر بێت. بەمجۆرە کاتێک روناکی بە لای تەنێکی زەبەلاحدا گوزەردەکات، ئەوا چووەتە حالەتی لادانی سوورەوە (واتە وزەی لەدەستداوە و شەپۆلەکەی کەمیکردووە.)

ئێستا رەچاوی ژمارەی ئەو شەپۆلی روناکییانە بکە کە لە بنەوەی سندوقەکەوە لە کاتێکی دیاریکراودا لە ژێدەری روناکییەکەوە پەخشبووە، بۆ نمونە 1 چرکە، هەر بەو شێوەیەی کە سەعاتەکە لە تەنیشت ژێدەری روناکیەکەوە جێگیرکرابوو. بە پێی پێناسی شەپۆل(واتە، سوڕێک لە یەکەیەکی کاتدا)، ژمارەی ترۆپکەکانی crest شەپۆلی روناکی دەکاتە کەوانەی زەمەنی کەڕەتی شەپۆلی روناکییەکە. ئێستا هەر هەمان ژمارەی ترۆپکەکان crest بە ئامرازی کەشفەکە لە سەقفەکەدا دەپێوین، ئنجا دەزانین کە شەپۆلی روناکییەکە لەوێدا گەورەترە ئەویش بە هۆی لادانی سوورەوە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەو زەرفی زەمەنییەی، بە سەعاتی لای سەقفەکەوە حسابمان کرد، پێویستە بچوکتربێت: کات لە نزیک سەقفەکەوە خێراتر دەڕوات(دوورترە لە بارستایی زەوی) وەک لەوەی خوارەوە. ئەم کاریگەرییەی خاوبونەوەی زەمەنی کێشکردنە لە روی تاقیکردنەوەوە لە ساڵی 1960 پاسادانی بۆ کرا. بە کورتی ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە ئەو چرکەیەی بە هۆی سەعاتێکی ئاستی دەریا پێوانە دەکرێت دەکاتە (1.00000000000008) چرکە لەسەر لوتکەی ئەڤرێست. بەمجۆرە ئەگەر جەبانت دەتەوێت پشووەیەکی درێژتر بەسەربەریت بچۆ بۆ کەنار دەریا.

هەر بە هەمان شێوە، دەتوانین گوزەری زەمەن لە نزیک تەنە بارستاییە جیاوازەکاندا بەراورد بکەین: زەمەن لە نزیک تەنە هەرە زەبەلاحەکانی وەکو خۆر خاودەبێتەوە. بۆ نمونە، ئەگەر دوو سەعاتی ئەتۆمی[i] چوون یەکمان هەبێت، یەکێکیان لەسەر رووی زەوی نیمقات بکەین و دووەمیان لەسەر رووی خۆر(بەو مەرجەی بەرگەی گەرمای بەرزی خۆر بگرێت). دوای ساڵیک کە سەعاتەکەی سەر زەوی خوێندرایەوە، بە پێوەری سەعاتەکەی سەر زەوی سەعاتەکەی سەر خۆر وەها دەردەکەوێت کە یەک دەقە و نیو خاوترە. خۆ ئەگەر سەعاتەکەی دووم بخەینە سەر ئەستێرەیەکی نیوترۆنی، کە تێیدا چڕی بارستایی بەهێزە، ئەوا زەمەن وا دەردەکەوێت کە سەعاتەکە سەعات و نیوێک خاوترە.

ئەمانە بە هۆی رێگایەکی پراکتیکییەوە کاریگەرییان لەسەر مادە هەیە: سیستەمی جی.پی.ئێس(GPS) ، ئەو سیستەمە زیرەکە ناڤەی (NAV) لە رۆژگاری ئەمڕۆدا خەڵکێکی زۆر سودی لێدەبینن بۆ دۆزینەوە ی ئەدرێس و گەشتوگوزار و گەلێک شتی تریش، بە هۆی سیگناڵی رادیۆییەوە لەگەڵ چوار سەتەلایتدا ، کە بە بەرزی 20000 کم و رۆژانە دوو جار بە دەوری زەویدا دەسوڕێنەوە، ئاڵوگۆڕی زانیاری دەکات. چەماوەی فەزا-زەمەن لەسەر رووی عەرد جیاوازە لەسەر ئەوەی سەتەلایتەکان هەر بۆیە دەبینین ئەو (جی-پی.ئێس)ەی لە مۆبایلدا هەیە پێویستە حساب بۆ ئەو جیاوازییە زەمەنییە بکات کە بە هۆی تیوری گشتی نسبییەوە دروستبووە، ئەمە جگە لەوەی کاریگەری نسبییەتی تایبەتیش دەوری خۆی هەیە(بەڵام کەمتر). کاتێک ئەم دوو کاریگەرییە یەکدەگرن، ئەوە دەگەیەنێت کە جی.پی. ئێسی مۆبایلەکە دوای تەنها یەک رۆژ  10 کم جیاواز دەبێت، بەڵام دەبێت حساب بۆ راستکردنەوەی نسبییەتی تایبەتی و گشتی بکرێت. بە بێ ئاینشتاین ناتوانین مەوقعی جوگرافی و شتەکانی وەکو نەخشەی گووگل بەکاربهێنین، ئەمانە چەند شتێکن لە ژیانی رۆژانەی ئنساندا بوون بە شتێکی زۆر گرنگ.

دروستکردن و پەخشکردنی وزەی ناوکی بە هۆی هاوکێشە هەرە بەناوبانگەکەی ئاینشتاینەوە (E=mc^2) بوو بە دیاردەیەکی واقیعی. ناوەندی وزە ناوکییەکان سوود لەو راستییە دەبینن کە دەکرێت بڕێکی زۆر بچکۆلەی بارستایی ناوکی بگۆڕدرێت بۆ بڕێکی لە ئاسابەدەر و بێشوماری گەرمی، پاشان هەر بەم هۆیەوە ئنسان دەتوانێت بڕێکی گەورەی کارەبا و تۆڕبین بەرهەم بهێنێت. دەکرێت هەر هەمان ئایدیا بەکاربهێنرێت بۆ دروستکردنی بۆمبای ناوکی کە ماڵوێرانی بۆ مرۆڤایەتی دەهینێت و دەبێت بە مایەی روخاندن و خاپوری شاران، مەخابن ئاینشتاین خۆی مرۆڤێکی ئاشتیخوازبوو، لە دوا ساڵانی ژیانیدا بە توندی دژی پەرەپێدانی ئەم جۆرە بۆمبایانە وەستایەوە، تەنانەت کاتێک پێشنیازی بونیاتنانی جۆرە بۆمبایەکی وەهای کرد لەبەر ئەوەبوو بۆی دەرکەوت کە ئەڵمانیا سەرقاڵی بونیاتنانی چەکی ئەتۆمییە، هەر بۆیەش گوتی پێویستە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش چەکی وەهای هەبێت. کاتێک پرۆژەی هەرە زەبەڵاحی مەنهەیتن بونیاتنرا بۆ پەرەپەێدانی فیزیکی ئەتۆمی، ئاینشتاین خۆی هیچ رۆڵی تێدا نەبوو، ئەمە جگە لەوەی مۆڵەتیشی نەبوو کاری تێدا بکات، چونکە بە زاتێکی چەپڕە و هەتا کۆمۆنیستیش ناوی دەرکردبوو.

هەمیشە لەسەر ئەو بیروڕایەبوو کە ئەگەر مرۆڤایەتی بتوانێت بە شێوازێکی گونجاو و پڕ ئاکار وزەی ناوکی بەکاربهێنێت، ئەوا دەتوانین سەرچاوەیەکی پاکی وزە بۆ بەشەرییەت دابین بکەین.

لە رۆژگاری ئەمڕۆدا، بلیۆنەها ئنسان لەسەر رووی زەوی ئنتەرنێت لە فۆرمی وای-فای (Wi-Fi) بەکاردەهێنن، خۆ ئەگەر چاڵە – رەشەکان نەبوونایە، ئەوا هەرگیز ئەم شۆڕشە گەورەیە روینەدەدا. ئەمەش یەکێک لە دەرەنجامە هەرە نایابە تەکنەلۆژییەکانی تیوری گشتی نسبی ئاینشتاینە. کاتێک لە سەرەتاکانی  1990 کاندا، جۆن ئۆسیلیڤان، ئەندازیاری کارەبایی ئوستراڵی، سەرقاڵی کارکردن بوو لەسەر ئەلگۆرتمێک بۆ سافکردن و پاککردنەوەی ئەو سیگناڵە رادیۆییانەی لە هەموو ئاراستەکانی گەردونەوە دەهاتن، ئۆسیلیڤان مەبەستی بوو ئەو نوزە و چرپە لاوازانە جیابکاتەوە کە لە ئەنجامی پرۆسەی بەهەڵمبوونی چاڵە رەشەکانەوە چاوەڕوانی دەکران، ئەو پرۆسەیەی کاتی خۆی ستیڤن هۆوکین پێشبینی کرد. بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە، ئۆسیلیڤان، بۆی دەرکەوت کە مومکینە میتۆدەکەی لەمەڕ بەهێزکردنی سیگناڵە لاوازەکان بخرێتەگەڕ بۆ باشترکردن و بەتینکردنی پێکەوە بەستنەوەی داتا – ئەمە بۆ خۆی ئایدیایەکی بنەڕەتی بوو بۆ لەدایکبوونی وای-فای (Wi-Fi) هاوچەرخ. ئەمە جگە لە سیستەمی کامێرای دیجیتەڵی، کە یەکێک بوو لە زنجیرە داهێنانەکانی تەکنەلۆژیای رۆژگار کە لە بناواندا دەگەڕێتەوە بۆ ئاینشتاین خۆی. لەگەڵ هاتنی سەدەی بیستەمدا، فیزیکناسان لە بەردەم لوغزێکی تەفسیرنەکراودا حەپەسابوون کە پێی دەگوترا کاریگەری ”فۆتۆکارەبایی” photoelectric . تێڕامانەکە بەجۆرێک بوو کاتێک کانزایەک رووبەڕووی روناکی دەکرێتەوە ئەوا کارەبا لە کانزاکەوە گوزەردەکات – تەفسیرەکە بە جۆرێک بوو گوایە ئەلکترۆنی ئەتۆمەکان بە هۆی ئەو وزەیەی روناکی پێیان دەبەخشێت لە کانزاکەوە هەڵدین و دەبێت بە هۆی دروستبوونی تەزوویەکی کارەبایی. لوغزەکە یان مەتەڵەکە ئەوەبوو کە روناکی تەنها رەنگێکی دیاریکراو دەبێت بە هۆی خوڵقاندنی گوزەری تەزووی کارەبایی. خۆ ئەگەر یەکێک هات و روناکییەکەی بەکارهێنا کە درێژی شەپۆلەکەی درێژتربوو (واتە روناکی سورتر)، ئەوا بە هیچ جۆرێک تەزوو دروست نابێت، گرنگ نییە چڕی روناکییەکە چەندە یان بۆ چەند رووبەڕووی روناکی بووەتەوە. ئەم تەفسیرە لە وێنەی کلاسیکی روناکی وەک شەپۆلدا هیچ مایەی قبوڵکردنی ئەقڵ نەبوو.

دوای ئەوەی ئاینشتاین ئەم پرسەی تاووتوێکرد، زەمینەی شۆڕشی کوانتەمی خۆشبوو: ئاینشتاین بۆی دەرکەوت کە مومکینە لوغزەکە بە جۆرێک حل بکرێت ئەگەر روناکی لە پاکەتی جیاجیای وزە دروست بووبێت، ئەوا فۆتۆنەکان، هەر یەکەیان کە بڕێکی دیاریکراوی وزەیان لەخۆگرتووە، پەیوەندی بە رەنگی روناکییەکەوە(واتە درێژی شەپۆلەکەوە) هەیە. ئاینشتاین لەم بارەیەوە گوتی،’ فۆتۆنی روناکییە سورە تاکەکان وزەی پێویستیان لەخۆنەگرتووە بۆ ئەوەی بتوانن ئەلکترۆنەکان لە خولگە ئەتۆمیەکانیان جودابکەنەوە. روناکی درێژی-شەپۆلە کورتەکان، بە پێچەوانەوە، وزەیەکی زیاتر لە هەر فۆتۆنێکدا هەڵدەگرن و بەسە بۆ ئازادکردنی ئەلکترۆنەکان و پەخشکردنی ئەو تەزووەی دیارە. ئەمە نمونەیەکی بەرچاوی خاسیەتی دوانەیی شەپۆل-تەنۆلکەیی بوو کە دوایی باڵیکێشا بەسەر سەرتاپای میکانیکی کوانتەمیدا. ئاینشتاین، دوای تەفسیرکردنی دیاردەی ”کاریگەری فۆتۆکارەبایی” لە ساڵی 1921 دا، بێگومان پاش چەندین ساڵ مشتومڕ، خەڵاتی نۆبڵی لە فیزیکدا وەرگرت.

ئاینشتاین چیمان بۆ دەکات؟

شۆرشی گەورەی ئایندە بریتییە لە کۆمپیوتەر، بە تایبەتی کۆمپیوتەری کوانتەمی، کە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەردەکەوێت – جێ پەنجەی ئاینشتاین بەسەر هەموو لایەنێکی ئەم کایەی کوانتەمەوە دەبێت. لە حاڵی حازردا، کۆمپیوتەری ئاسایی بە سیستەمی باینەری کاردەکات و بەڕێوەدەچێت، کە تەنها بەهاکانی سفر یان یەک لەخۆدەگرێت، بەڵام کۆمپیوتەری کوانتەمی توانستی بیتەکانی – کوانتەم (q-bits) دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی لە هەمان ساتەوەختدا لە هەردوو حاڵەتەکەدا بێت واتە هەم لە حاڵەتی یەک و هەم حاڵەتی سفر، یاخود هەر شتێک لە نێوانیاندا بێت. خۆ ئەگەر رۆژێک هات، ئەوا ئەم خەسڵەتە کۆمپیوتەری کوانتەمی دەکات بە ئامرازێکی لە ئاسابەدەر خێرا لە ئەنجامدانی هەندێک ئەرکی دیاریکراودا، کە بە هیچ جۆرێک مێژووی کۆمپیوتەر دیاردەی وەهای بەخۆوە نەدیبێت.

لە حاڵی حازردا بانگەشەیەکی وەها لە ئارادایە گوایە کۆمپیوتەری کوانتەمی پلەیەکی بڕیوە کە پێی دەڵێن ”باڵادەستی کوانتەمی” – کە ئەمەش بۆ خۆی بریتییە لەوەی توانستی ئەم ماشێنانە بە بڕێکی بەرچاو خێرایی کۆمپیوتەر دەگۆڕن.

ئاینشتاین لەگەڵ هەریەک لە پۆدۆلسکی و رۆزن، یەکەم کەس بوو لە ساڵی 1935 خاسیەتی سەرەکی ئەو سیستەمە کوانتەمییەی دەستنیشانکرد کە بۆ کۆمپیوتەری کوانتەمی گونجاوە، بە تایبەتی ئاڵۆسکانی کوانتەمی quantum entanglement . ئاینشتاین لەمەڕ میکانیکی کوانتەمییەوە هەڵوێستێکی گوماناوی هەبوو: لە نامەیەکدا، کە لە 1926 دا بۆ ماکس بۆرنی نوسیووە دەڵێت،’ تیوری کوانتەم بەرهەمی زۆر دەبێت، بەڵام بە زەحمەت لە نهینییە کۆنەکان نزیکمان دەخاتەوە. بە هەر حاڵێک بێت، من قەناعەتم هەیە کە خودا لەگەڵ گەردوندا یاری بە زار ناکات.’بەو هیوایەی لوغزی ئایدیای ئاڵۆسکانی کوانتەمی واڵابکات، ئاینشتاین لە 1947 دا پێشنیازی تەجروبەیەکی خەیاڵبافی[ii] کرد گوایە ئەوە دەخاتەڕوو کە میکانیکی کوانتەم ناتەواوە. بە هەرحاڵ، هەڵەبوو، ئاڵۆسکانی کوانتەمی لە باری تەجریبییەوە لە 1960 دا سەلمێنرا، ئەویش بە هیمەتێک کە بە ئەسڵ ئیلهامبەخشی تەجروبە خەیاڵبافییەکەی ئاینشتاین بوو.

بەمجۆرە، لە هەڵەشدا ئاینشتاین لە بلیمەتیدا رەقیبی نەبوو.

ئەگەر جاری داهاتوو لە خۆت پرسی ” ئاینشتاین چی بۆکردووم؟” بیرت نەچێت سوپاسی ئەلبێرتی پیرە بکەیت بۆ ئەو هەموو ئامرازە نایابە زانستی و تەکنەلۆژییە هاوچەرخانەی هەن.

تێبینی

بۆ ئەم گوتارە بە شێوەیەکی سەرەکی سوود لە بابەتێکی رۆبێرتۆ ترۆتا وەرگیراوە. لە کانونی دووەمی 2020 لە لەندەن پێشکەشیکردووە.

شێرکۆ رەشید قادر


[i] سەعاتی ئەتۆمی atomic clock : ناوێکی گشتییە بۆ ئامرازی کات، بەندە لەسەر لەرینەوەی رێکوپێکی ئەتۆمەکان. بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1948 پەرەی پێدرا، ئەم سەعاتانە بەندن لەسەر پێوانی لەرینەوەکانی ئەتۆمی نایترۆجین کە بۆ پێش و پاش دەجوڵێن لە مۆلیکولە بێڕەنگەکاندا، وردەکاری ئەم سەعاتانە هەتا بڵێی شتێکی سەرسامە، رێژەی لەرینەوەیان 23,870 لەرینەوەیە لە چرکەیەدا.

[ii] تەجروبەی خەیاڵبافی: جۆرێک لە ئەنجامدانی تەجروبە، بێ ئەوەی ئنسان هیچ جۆرە ئامراز و دەزگایەک بەکاربهێنێت، تەنها لە خەیاڵی خۆیدا چەمک و تیورییەکان تاووتوێ دەکات. دواجار دەگاتە دەرەنجامێک کە هیچ جیاوازی نییە لە هی تاقیکردنەوەیەکی پراکتیکی. نمونەی زانایانی خەیاڵباف بە پلەی یەکەم گالیلۆ و ئاینشتاین بوون.

شەپۆلەکانی کێشکردن خاسیەتێکی جیاوازیان لە شەپۆلە تەقلیدییەکانی تری وەکو دەنگ، دەریا و ئەلکترۆموگناتیکی وەکوو روناکی، هەیە. لە ساڵی 1916 دا، ئاینشتاین پێشبینی شەپۆلەکانی کێشکردنی کردووە. کاتێک دوو تەنی ئێجگار زەبەلاحی وەکوو دوو چاڵە-رەش یان دوو ئەستێرەی نیوترۆنی بە دەوری یەکتریدا دەسوڕێنەوە، ئەوا ئەو وزەیەی پەخشی دەکەن فۆرمی شەپۆلی کێشکردن لەخۆدەگرێت، پاشان بە خێرایی روناکی دەجوڵێت، ئەم وزەیە لە سیستەمی باینەری دەردەچێت و دەروات. مەبەست لەمە ئەوەیە سوڕانەوەی دوو چاڵە – رەشەکە یان دوو ئەستێرەکە بچوک و بچوکتر دەبێتەوە، تیرەکەیان بچوک دەبێتەوە، سەرەنجام، دوو چاڵە رەشەکە یان دوو ئەستێرە نیوترۆنەکە بە شێوەیەکی ترسناک و پڕ ئاشوب باوەش دەکەن بە یەکدا هەتا سەرەنجام دەبن بە یەک جەستە. کاتێک بە نێو فەزادا فڕکەیان دێت، شەپۆلی کێشكردنەکەیان بە ئاڕاستەیەک فەزا دەکشێنێت ( با بڵێن بە شاقوڵی) و بە ئاڕاستەیەکی تریش فەزاکە چڕ دەکاتەوە یان دەگوشێت( با بڵێێن بە ئاسۆیی). ئەم جۆرە شەپۆل ناردنە بە بارتەقای فەزادا هەتا بڵێی بەهێزە، بەڵام لە رۆژاگاری ئەمڕۆدا، بە هۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژی و پەرەسەندنی ئامرازی دۆزەری زۆر هەستیار و لە رێگای بەکارهێنانی تیشکی لەیزەرەوە دەتوانرێت ئەو گۆڕانە پێوانەبکرێت کە لە باسکەکانیدا روودەدات، باسکەکانی درێژن و شێوەی حەرفی L یان هەیە.


[i]  کالکیولەسی تێنسەر Tensor calculus یان شێکاری تێنسەر، هەتا بڵێیت لقێکی ئاڵۆزی ماتماتیکە و فراوانبونی شیکاری ڤێکتەرەکان. کاتێک ئاینشتاین لە مێشکیدا هاوکێشەکانی تیوری گشتی نسبییەت گەڵاڵەبون، سەرەتا توانای گوزارشتی ئەم هاوکێشانەی بە زمانی ماتماتیکی نەبو، چونکە لە راستیدا ماتماتیکناسێکی بە قودرەت نەبوو، بەڵام هاوڕێی دێرین و رۆژانی زانکۆ مارسیل گرۆسمان یارمەتیدا رێگانیشاندەری بو بۆ دارشتنی تیوری گشتی بەو ماتماتیکەی پێی دەگوترێت کالکیولەسی تێنسەر.

[ii] ئاسۆی روداو Event Horizon : لە چاڵە – رەشەکاندا دەڤەرێکی فەزا-زەمەنییە و بە شێوەیەکی بازنەیی دەوری چاڵە-رەشی داوە. لەو دیو سنورەکانی ئاسۆی روداوەوە هیچ شتێک، تەنانەت روناکیش توانای هەڵاتنی نییە، چونکە هێزی کێشکردن ئەمەندە بەهێزە. چاڵە – رەشەکان دیسانەوە یەکێکە لە بەرهەمە دەرکەوتەکانی هاوکێشەکانی کێشكردن لە تیوری گشتی کە بە راستی ئاینشتاین خۆی هەر هیچ باوەڕی پێ نەبوو.


[i]  شەپۆلەکانی کێشکردن Gravitational Waves : بریتین لە نەرمە شەپۆلەکانی فەزا-زەمەنی، بە هۆی جوڵەی لە ئاسابەدەری تەنە زەبەلاحەکانی گەردونەوە دروست دەبن. نمونەی هەرە دیاری ئەم شەپۆلانە بریتییە لە بەیەکدادانی دو چاڵە-رەش، یان دو ئەستێرەی نیوترۆنی. سەرەتا ئەوەندە بە خێرایی بە دەوری یەکتردا دەخولێنەوە و لە یەکتر نزیک دەبنەوە، سەرەنجام بە یەکدا دەدەن و شەپۆلی زۆر گەورە پەخش دەکەن و دەبێت بە هۆی دروستکردنی پشێوی فەزا-زەمەن، ئەمانە بە خێرایی روناکی بە پانتایی گەردوندا رەتدەبن، لەگەڵ خۆیاندا زانیاری لەمەڕ بناوانی خۆیان بۆ تەلەسکۆپەکان دەهێنن. بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1916 دا، بە هۆی شیکاری ماتماتیکی هاوکێشە گشتییە نسبییەکانی (کایەی کێشکردنەوە کە ژمارەیان دە هاوکێشەی ئاڵۆزبوو) ئاینشتاینەوە پێشبینیکرا، بەڵام تەنها لە ساڵی 1974 دا، واتە بیست ساڵ دوای مردنی ئاینشتاین بەڵگەی تۆکمە لەمەڕ چاڵە رەشەکان هاتە ئاراوە. لە ئەیلولی 2015 بۆ یەکەمجار، هەردوو بنکەی فەزایی (کەشفکەری لایگۆ LIGO و ڤیرگۆ VIRGO ) تێڕامانی خۆیان لەمەڕ کەشفکردنی شەپۆلەکانی کێشکردن راگەیاند، ئەویش بە هۆی بەکارهێنانی ئامرازی کەشفکەری پێشکەوتوی لایگۆوە.

image_pdfimage_print

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *