ماری کیوری (1934 – 1867)

”کچینە، ماری کیوری بخوێننەوە بۆ ئەوەی بزانن کە خۆتان چەند بەهرەی نایاب و شاراوەتان هەیە!”

بەشی یەکەم

ژمارە حەوتی لیستەکەمان ماری کیورییە، هەم تەنها ژنە لە لیستەکەمان و هەم تەنها فیزیکناسی دە زاناکەمانە کە دوو خەڵاتی نۆبڵی بردووەتەوە، یەکێکیان لە  1903دا بۆ فیزیک و ئەوی تریش لە 1911 بۆ کیمیا. یەکەم ژن بوو لە زانکۆی سۆربۆن بوو بە پرۆفیسۆر، گەلێک توخمی دۆزییەوە، یارمەتی دۆزینەوەی لوغزی رادیۆئەکتیڤی دا و سەرتاپا ژیانی پیشەیی خۆشی تەرخانکرد و خستەگەڕ بۆ چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجە.

کیوری لە ماریا سالۆمیە سکڵۆدۆسکا، لە 7 تشرینی دووەمی ساڵی 1867 لە وارشۆ، لە وڵاتی پۆڵۆنیا لەدایکبووە. هەرە بچوکی ماڵێکی پێنچ منداڵی بووە – سێ خوشک، لە خۆی گەورەتر و برایەک. هەم بابی و هەم دایکی مامۆستا بوون، بابی، کە ناوی ڤلادیسلاڤ سکلۆدۆڤسکی بووە، زانستی گووتووەتەوە، دایکیشی، برۆنیسلاڤا، بەڕێوەبەر بووە.

لەو سەردەمانەدا پۆڵۆنیا لە نێوان روسیا، پروسیا و نەمسا-هەنگاریادا بەشکرابوو، وارشۆ لە سایەی حوکمی روسیادا بوو. لەشکری رووس بە هەموو شەقامەکاندا دەسوڕانەوە و سەردانی قوتابخانەکانیشیان دەکرد. لە سنفدا وانەکان بە زمانی روسی دەگوترانەوە و مامۆستاکانیش بۆیان نەبوو مێژووی پۆڵۆنیا بە قوتابیان بڵێنەوە. بەڵام لە بری کوشتنی رۆحی نیشتیمانی پۆڵۆنی، ئەم زوڵمە، ئەوەندی تر تینی سەند. خێزانی کیوری، وەک زۆربەی هەرە زۆری پۆڵۆنیا، یەکێک بوون لەو خێزانانەی کە رقیان لە رژێمی روسی بوو. دایک و بابی کێوری، واتە ولادیسلاو و برۆنیسلاو، هەر پێنچ منداڵەکەیان وەها گۆشکردبوو کە سەرپێچی روسەکان بکەن و رقیان لێیان بێتەوە. ئەم رۆحی بەرهەڵستییە یارمەتی کیوری دا بەسەر یەکە بە دوای یەکی ئاستەنگەکانی ژیانیدا زاڵ بێت.

کیوری منداڵێکی فزوڵی و زڕنگ بوو. تەنانەت بەر لەوەی بچێتە قوتابخانە، بابی لە ماڵەوە، گفتوگۆکانی دەگۆڕی و سیمای دەرسی پێ دەبەخشین. کەلوپەلە زانستییەکانی بابی لای وی سیمایەکی سەرنجڕاکێش و نایابیان هەبوو، زۆر چێژی لەوە یارییانە دەبینی کە بابی رۆژانە دەیخوڵقاندن بەو مەبەستەی منداڵەکانی فێری زانست، جوگرافیا و مێژوو و ماریفەت بکات. ولادیسلاو زۆر جاران پرسی ماتماتیکی دەخستە بەردەم منداڵەکانی بۆ ئەوەی حلی بکەن، کیوری زۆر دڵخۆش بوو بەوەی زۆر خێراتر لە خوشک و براکانی ئەم پرسیارە ماتماتیکییانەی حل دەکرد.

کاتێک کیوری چووە قوتابخانە، هەر لە رۆژی دەستپێکەوە زیرەکترین قوتابی پۆلەکە بوو، جگە لەوەی زاکرەیەکی تۆکمەشی هەبوو. هەرچەندە پۆلەکان وەها پێویست بوو دەرسەکان بە زمانی رووسی بن، بەڵام مامۆستایان، کاتێک پاسەوانە رووسەکان حزوریان نەبوو، زمانی پۆڵۆنییان بەکاردەهێنا. لە موناسەبەتێکدا سەربازێکی رووسی لە ناکاو خۆی کرد بە پۆلەکەی کیوریدا. مامۆستاکە یەکسەر زمانەکەی لە پۆڵۆنییەوە گۆڕی بۆ رووسی و هەندێک پرسیاری قورسی لە کیوری کرد و ئەویش سەرکەوتوانە وەڵامی دایەوە. هەستی بە خرۆشێک کرد، بەڵام لە هەمان کاتدا هەستی بە گوناهێک کرد کاتێک لەبەردەم زاڵمێکی روسیدا ئاوا ملکەچی بنوێنێت.

لەگەڵ گوزەری ساڵاندا ژیانی خێزانەکەی سەختتر دەبوو. دەرکەوت دایکی نەخۆشی سیلی هەیە و پێویست بوو دەست لە ئیشەکەی هەڵبگرێت، ناچار بوو چارەنوسی منداڵەکانی بداتە دەست بابی و پشت بە داهاتی وی ببەستن. زوو دوای ئەوەش، بابی لە ئیشەکەی دەرکرا چونکە ئامادە نەبوو ملکەچی بەرپرسە رووسەکەی بێت. ولادیسلاو، بۆ ئەوەی بژێوی خێزانەکەی دەستەبەر بکات، لە ماڵەوە دەستیکرد بە وانەگوتنەوە، هەر زوو ژمارەی قوتابیان زیادیان کرد و بوو بە بیست منداڵ. ماڵەکەیان هەمیشە قەرەباڵغ بوو، پڕ بوو لە چالاکی، ئەمە بۆ خۆی ناوەندێک بوو کە کیوری هەمیشە بە فزوڵی تێیدا گەورەبوو.

بە داخەوە، ماڵەکە، بە هۆی قوتابیانەوە بوو بە سەرچاوەی نەخۆشی.خوشکەکەی کیوری، زۆسیا تووشی تایفۆئید(گرانەتا) بوو و مرد، دوای چەند ساڵێکی تریش دایکی، برۆنیسلاو لە هەمبەر سیل جەنگەکەی دۆڕاند. کیوری بێکەس بووە کچۆڵەیەکی هەرزەکاری گۆشەگیر، دەتگوت عەمباری خەمی دونیای لە کۆڵ ناوە. لە کۆتایی ساڵی ئەکادیمیدا، ئوستادەکەی راوێژیکرد کە ئیسراحەتێک بکات بۆ ئەوەی بتوانێت تۆزێک خەم و مەراقی مەرگی دایکی لەسەر شانی سووک بکات، بەڵام لای کیوری ئاڵنگاری بژاردەیەکی باشترە و یارمەتی دەدات. مامۆستاکەی ناردی بۆ قوتابخانەیەکی پێشکەوتووی روسی، لەوێ کیوری، وەک باشترین قوتابی، مەدالیای ئاڵتونی وەرگرت.

لە تەمەنی پازدە ساڵیدا، ناردیان بۆ لادێ بۆ ئەوەی بۆ ساڵێک لەگەڵ خاڵیدا بژی. چونکە دووربوو لە بابی، کیوری لە سپێدەدا درەنگان لە خەو هەڵدەستا، لە دەرەوە، وەک زارۆک یاری دەکرد و خۆی خەریک دەکرد بە زۆر شتی ترەوە، چونکە لەوەبەر ئەوە دەرفەتانەی نەبوو، دەچووە راوەماسی و توو کۆکردنەوە و وازی و سەماشی دەکرد.ئەو ساڵە لەوانەیە خۆشترین ساڵی ژیانی کیوری بێت کە دوور بوو لە خەم و بیتاقەتی.

کاتێک گەڕایەوە بۆ وارشۆ، کیوری بە دڵ ویستی بچێتە زانکۆ، بەڵام ئەو کاتە عادەت بوو، زانکۆی وارشۆ مۆڵەتی بە کچان نەدەدا لەوێ بخوێنن. کیوری ویستی وەک بابی ببێت بە زانا و بڕیاڕیدا لە ماڵەوە خۆی بۆ ئەو مەبەستە بخوێنێت، بەڵام ئنسان چۆن دەتوانێت لە ماڵێ، بە بێ ئەوەی دەستی بگاتە هیچ تاقیگەیەک ببێتە زانا؟ خۆشبەختانە، ژنێک بە نێوی ژادویگا داویدۆوا، تازە نیمچە زانکۆیەکی نافەرمی دامەزراندبوو بۆ خوێندن و فێربوونی ژنانی پۆڵۆنیا.

بۆ لادان لە رێساکانی روس، داویدۆوا سەرەتا، پێش ئەوەی بگوازێتەوە بۆ باڵەخانەیەکی گەورە، وانەی لە ماڵان بە خسوسی دەگووتەوە، هەندێک جاریش تاقیگەی قوتابخانەکانی بەکاردەهێنا. بینای پەیمانگاکەی زوو زوو دەگۆڕی بۆ ئەوەی هیچ نەبێت کەشف نەبێت.داویدۆوا هەندێک لە ئوستادە باشەکانی وارشۆی قایلکرد لە کاتی بێئیشی خۆیاندا بێن بە خۆڕایی دەرس بڵێنەوە. کیوری و خوشکەکەی دەچوونە پەیمانگا و لە هەندێک لە وانەکاندا دادەنیشتن، هەرچەندە خۆشیان دەیانزانی ئەمە تەنها حلێکی کاتییە. پەیمانگاکەی داویدۆوا توانای نەبوو بڕوانامەی رەسمی بداتە قوتابیان، هەر بۆیە کیوری و خوشكەکەی لە دوی شوێنێکی تر گەڕان.

باشترین بژاردە بریتی بوو لەوەی ڕووبکەنە پاریس و لە سۆربۆن بخوێنن، نەک تەنها یەکێک لە باشترین زانکۆکانی ئەوروپا بەڵکو فرسەتی دەدا بە ژنانیش کە بخوێنن. دوو خوشکەکە کۆبوون لەسەر ئەوەی بە نۆبەت بچنە ئەم زانکۆیە. سەرەتا برۆنیا دەچێت بۆ پاریس، بەڵام کیوری لە وارشۆ دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی ئیش بکات و دارایی بۆ برۆنیا دەستەبەر بکات و شتێکیش بۆ ئایندەی خۆی خڕبکاتەوە.

کیوری بووە دایەن. یەکەم ئیشی لەگەڵ خێزانێکدا بوو کە دوایی وەها وەسفی کردن،’ خێزانێک پارێزەر بوون…پارەی شەش مانگیان نەدەدا و لە پەنجەرەکەوە پارەیان فڕێدەدا، تەنانەت لە سوتەمەنی چراکەشیاندا بە ئاشکرا رەزیڵییان دەکرد. پێنچ خزمەتەکاریان هەبوو. دەتگووت لیبراڵن خۆیان دەردەخست و لە واقیعیشدا لە تاریکستانی حەماقەتدا خنکابوون.’ کیوری رقی لە ئەزموونەکە دەبووەوە. لە نامەیەکدا، لە کانونی یەکەمی 1885 دا بۆ ئامۆزاکەی، هینریتا مایکالۆوسکا، دەنوسێت و دەڵێت،’ حەزناکەم خراپترین دوژمنیشم لە جەهەنەمێکی ئاوادا بژی.’ کیوری ئەم خێزانەی جێهێشت و روویکردە دەرەوەی شار و کارێکی نوێی دۆزییەوە. لە کانونی یەکەمی 1886 دا ئەم پۆستەی دەست پێکرد، تازە بە تازە تەمەنی بووە هەژدە ساڵ، وارشۆی بەجێهێشت و دوای بڕینی 80 کیلۆمەتر، گەیشتە باکور، لە سکزوکی، لە ماڵی گەورەی خێزانی زۆراوسکیز کەوتە کارکردن.

ماڵی زۆراوسکیز، سێ کوڕیان لە زانکۆ هەبوو ، ئەوانەش لە ماڵەوە دەژیان، بریتی بوون لە هەر یەکە لە برۆنکا(هەژدە ساڵ)، ئەندزیا(دە ساڵ)، ستاس(سێ ساڵ) و ماریشنا، کە ئەویش شەش مانگ بوو. لای کیوری هەتا بڵێی ‘خەڵکێکی نایاب بوون.’ هەر لەر ئەوەڵەوە، لەگەڵ برۆنکادا، زۆر باش هەڵیکرد. هەرچۆنێک بێت، چونکە هەر هەمان تەمەن بوون، کاروبارەکە بۆ کیوری زەحمەت بوو. دایەنی برۆنکا بوو، لە قوتابخانەش هاوسنف بوون. لەو حەوت سەعاتەی کە پێویست بوو دەرس بڵێتەوە، چوار سەعاتی لەگەڵ ئەندزیا دەگوزەراند، سیانیش لەگەڵ برۆنکا.  کیوری زۆر دڵخۆش بوو بەوەی لەگەڵ ستاس یاری دەکرد. ئەو رۆژانە زۆر سەرقاڵبوو بەڵام بە کەشی ماڵەکە دەگەشایەوە. لە هەمان کاتدا زۆر جێژی لەوەش دەبینی کە دەرسی بە کۆمەڵێک منداڵی فەقیر دەگووتەوە و فێری خوێندنەوە و نوسینی پۆڵۆنی دەکردن، ئەمە جگە لەوەی لە خوێندنەکەی خۆشی بەردەوام بوو بەو هیوایەی رۆژی چوونە زانکۆی سۆربۆن نزیکبووەتەوە.

لە نامەیەکدا بۆ خوشکەکەی، کیوری بە شیعری رۆمانسی باسی رۆمانێک دەکات کە پەیوەستە بە رۆمانسییەت لە نێوان چینەکاندا، ئەو رۆمانە ناوی ”لە کەنارەکانی نیەمانەوە”، بەمجۆرە دەدوێت:

بە خوێندنەوەی رۆمانێکی ئۆرزێسکۆوا تووشی شۆک بووم، ناوی لە کەنارەکانی نیەمانەوە یە. ئەم کتێبە وەدوم دەکەوێت، چیتر نازانم چی لە خۆم بکەم. هەموو خەونەکانمان لەوێدایە، هەموو ئاخافتنە عاتیفییەکانمان کە گڕیان لە کوڵمەکانمان بەرداوە. وەک منداڵێکی سێ ساڵان گریام. ئاخر بۆچی، بۆچی ئەم خەونانە ئاوابوون؟

کیوری لە نایەکەی خۆی لە کانوونی دووەمی 1888 دا بۆ برۆنیا، لە کاتێکدا لە نێوەڕاستی کێشمەیەکدا بوو کە هۆکارەکەی بریتی بوو لە گەشەکردنی پەیوەندییەک لەگەڵ کازیمێرز، کوڕە گەورەی خاوەن کارەکەیدا بوو، ئەم کوڕە ساڵێک لە کیوری گەورەتر بوو، ماتماتیکی دەخوێند لە زانکۆی وارشۆ. هەردوکیان پلانیان دانا ببنە هاوسەر، بەڵام زۆراوسکی ئەم کارەی رەتکردەوە چونکە لای خانەوادەکەیان، عادەتیان وابوو کوڕەکەیان و دایەنێک یەکناگرنەوە.

ئەم رۆمانسە جارێکی تر لە هاوینی 1887 ژیایەوە بەڵام سەرەنجام کیوری لە کانونی یەکەمدا قەناعەتی هێنا ئەم شووە هەرگیز نایەتەدی. پازدە مانگی تر لەگەڵ ئەم خێزانەدا کاریکرد، سەرەتا زۆر کڵۆڵ و ناخۆش بوو. لە ئاداری 1889 دا ئیتر کیوری میزاج و هەڵسوکەوتی هاتەوە سەرخۆ.

کیوری هیچ هەواڵێکی لە خوشکەکەیەوە بۆ نەهات، هەر بۆیەش وەک دایەن لەگەڵ خێزانێکی جولەکەی ئەڵمانیدا لەسەر کەناری باڵتیک هەر بەردەوام بوو. دوای ساڵێک، کیوری دواجار گەڕایەوە بۆ وارشۆ، خۆی بۆ کڵاسی زیاتر لە زانکۆی داویدۆوا نوسی، لەوەش حاڵیبوو کە کاتی چووونە زانکۆی سوربۆن تەواو نزیک بووەتەوە.

برۆنیا نامەی بۆ کیوری نوسی بۆ ئەوەی پێی بڵێت خوێندنەکەی لە سوربۆن تەواوکردووە و شووی کردووە. کیوری داوەتکرد بۆ پاریس بۆ ئەوەی لەگەڵیدا بژی و خوێندنەکەی خۆشی دەست پێ بکات. لە پایزی 1891 دا، برۆنیا گەڕایەوە بۆ وارشۆ بۆ ئەوەی یارمەتی خوشکە بچکۆلەکەی بدات خۆی ئامادەبکات. برۆنیا لە مانگی تەموزدا کۆلێژی پزیشکی تەواوکرد، یەکێک بوو لەو سێ کچەی لە نێو سێ هەزار قوتابی کوڕدا دەرچوون. باش زانی چی پێویستە بۆ ئەوەی لە سوربۆن سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و سووریش بوو لەسەر ئەوەی ماریفەت و زانستی خۆی بە خەڵك بگەیەنێت.

بەمجۆرە لە تشرینی دووەمی 1891 دا، ماری کیوری، لە تەمەنی بیست و چوار ساڵیدا سواری شەمەندەفەر بوو بەرەو پاریس، ئیتر لێرەوە ناوی خۆی لە ‘ماریا’وە گۆڕی بۆ ‘ماری ‘فەرنسی. لە سوربۆن، چووە بەشەکەی خۆی. لە خوێندندا هەتا بڵێی نمونە بوو، کەشی نوێی ئازادی زۆر خۆشبوو بە لایەوە. تەنها لایەنی سلبی ژیان هاوماڵی بوو لەگەڵ برۆنیا و میردەکەی- ماڵەکەیان قەرەباڵغ بوو، چونکە جگە لەوەی لەوێ دەژیان، وەک عەیادەش بەکاریان دەهێنا و هەمیشە بە نەخۆش جمەی دەهات.

دوای شەش مانگ، کیوری شوێنی بژێوی خۆی پەیداکرد، نزیک بوو لە سوربۆنەوە، لە گۆشەیەکی گوزەری لاتینەکان. تەنها ژورێکی بچکۆلە، لە قاتی سەرەوەی بینایەک بەس بوو بۆ ئەو، هیچ بە کەڵکی خۆی نەدەهات، لە موناسەبەتیکدا لە کتێبخانەی زانکۆ لە هۆش خۆی چوو. لە زستاندا، شەوانە ئاوی مەخسەلەکەی دەیبەست. زۆربەی شەوانە کاتێک لەسەر پێخەفەکەی دەخەوت هەموو شڕەوپڕەی دۆڵابەکەی لە خۆی دەئاڵاند تەنها بۆ ئەوەی خودایە تۆزێک گەرمی بێتەوە.

کاتێک چووە پاریس تۆزێک فەرەنسی دەزانی، بەڵام هەرگیز دەسەڵاتی تەواوی بەسەر زمانەکەدا نەبوو. یەکێک بوو لەو 210 کچەی لە سوربۆن دەیخوێند، ژمارەی قوتابییەکانی نۆ هەزار بوو، ئنجا لە بەشی زانستیش لە 1825 قوتابی تەنها 23 یان کچ بوون، کیوری، سەرەتا، زیاتر تێکەڵ بە قوتابیانی پۆڵۆنی دەبوو، کە ژمارەیان کەم بوو. بەڵام لە کۆتایی ساڵدا چیتر هاموشۆی هیچ کەسی نەدەکرد، تەنها چاوی لەسەر خوێندنەکەی خۆی بوو.

کاتێک کیوری گەیشت، سوربۆن خۆی لە پرۆسەی نۆژەنکردنەوەیەکی فراواندا بوو. سێێەم کۆمار کردبووی بە ناوەندی ریفۆرمی پەروەردەیی فەرەنسا. پۆلی زانستی و تاقیگەکان هێشتا لە پرۆسەی بونیاتناندا بوون، هەر بۆیە پۆلەکەی کیوری لە خێمەدا بوو، ئەمە لە کاتێکدا باشترین تەلارساز، هێنری-پۆڵ نینۆ، سەرپەرشتی بونیاتنانی هەندێک لەم تاقیگە هەرە هاوچەرخانە و پڕ-ئامێرانەی دەکرد. بەشی زانستی لە نێوان 1876 بۆ 1900 ژمارەی قوتابیانی دوو هێندەی لێهاتبوو. پارە سەرنجی بەهرەدارانی رادەکێشا. کیوری دوایی لەم بارەیەوە دەنوسێت و دەڵێت،’ کاریگەری پرۆفیسۆرەکان لەسەر خوێندکاران دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی پرۆفیسۆرەکان خۆیان شەیدای زانست بوون و خۆشیان سیمای کەسایەتی خۆشیان زۆر زیاتر کاریگەری هەبوو لەو دەسەڵاتەی هەبوو.’

کیوری، دوای تەواوکردنی خوێندنەکەی، تەواو مەبەستی بوو بگەڕێتەوە بۆ وارشۆ. خەیاڵی وابوو لە ماڵە بابی بژی هەتا مێردی ئایندەی خۆی دەدۆزێتەوە. بەڵام ژیان وەرچەرخانێکی چاوەڕواننەکراوی خوڵقاند. چونکە یەکەمی پۆلەکەیان بوو، مەنحەی وەرگرت بۆ ئەوەی لە سوربۆن بمێنێتەوە و بەکالۆریۆس لە ماتماتیکدا بەدەست بهێنێت. نەیتوانی ئەمە رەت بکاتەوە، زانست ژیانی کیوری بوو.

لە زستانی 1894-1893 دا، کیوری سەرقاڵی ئەوەبوو چۆن بتوانێت تاقیگەی گەورەی دەست بکەوێت – ئەمە بوو بە کێشەیەکی درێژخایەن، هەمیشە وێڵبوو لە دوی تاقیگەی گەورەدا. لە خوێندنەکەیدا بۆ بەکالۆریەسی ماتماتیک زۆر بە باشی خۆی ئامادە کردبوو، ئنجا خاسیەتی موگناتیسی جۆەرها ئاسنی دەخوێند. ئەم توێژینەوانەی لە تاقیگەی پرۆفیسۆرەکەی، گابریڵ لیپمان، ئەنجامدا، بەڵام زۆر بچکۆلە و جگە لەوەی ئامێرەکانیش زۆر خراپ بوون.

کاتێک لە بەهاری 1894 دا، چەند هاوڕێیەکی پۆڵۆنی، لە نێویاندا، جۆزێف کوالسکی و ژنەکەی، سەردانیان کرد، گلەیی لەم وەزعە خراپە کرد. کۆولاسکی، پرۆفیسۆری فیزیک بوو لە زانکۆی فریبۆرگ، لەو نزیکانە کەسێکی ناسی کە خەریکی هەر هەمان تویژینەوەکەی کیوری بوو، پیاوێکی فەرەنسی بوو، ناوی پێرییە کیوری بوو. پێرییە، کاتێک ناوبانگی دەرکرد، تەنها تەمەنی بیست و یەک ساڵ بوو، چونکە خۆی و براکەی جاک دۆزینەوەیەکیان ئەنجامدا، ئەویش ئەوەبوو کە کریستاڵی کوارتز بارگەی ئەلکترۆنییان هەیە. دوای ئەمە ئەلیکترۆمیتەری داهێنا، ئەو ئامێرەی بوو بە بژاردەیەک بۆ پێوانی تەزووی کارەبایی.

کاتێک پێرییەی بینی، هەستیکرد ژیانی بۆ هەتا هەتایی گۆڕاوە. کیوری، دوای ئەوەی دەستی لەگەڵ کازیمیەرز تێکەڵکرد، چارەنوسی رەش بوو، ئیتر سەرتاپای ژیانی خۆی تەرخانکرد بۆ خوێندن، بەڵام پێرییە زوو ئەوینی پێکا. سەیریکرد کەسێکە رۆحێکی سوک و نەرمی هەیە و دوای ماوەیەکی زۆر کەم هەردووک هەرگیز لە یەکتر جیانەدەبوونەوە. پێرییە لە هەموو ئەو پیاوانە جودابوو کە کیوری ناسیبوونی، کەسێکی رۆشنبیر و ئارام، ئەوەندەی کیوری خۆی حەزی لە زانست بوو. هەروەک دایک و بابی کیوری، خێزانەکەی پێرییە زۆر سووربوون لەسەر پەروەردە و خوێندن بەڵام خۆی وەدوی ئەو رێچکە تەقلیدییە نەکەوت.

ماویەتی.

image_pdfimage_print

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *