ماری کیوری (1934 – 1867)

بەشی دووەم

پێرییە لە ماڵ دەرسی خسوسی دەخوێند. لە هەژدە ساڵیدا لیسانسی لە زانستدا لە سوربۆن وەرگرت، ئنجا هەر لەوێ وەک یاریدەدەری مامۆستا لە تاقیگەکانی سوربۆن ئیشی وەرگرت. هەر زوو دەستیکرد بە چاپکردنی کاری نایاب. پێرییە، سەرباری ئەوەی ئەوەندەی توێژینەوەی نایاب ئەنجامدابوو کە هەقی چەندین دکتۆرابوو، کەچی یەک دانەشی وەرنەگرت. هەمیشە وەک غەریبە سەیردەکرا. لە ساڵی  1893دا پێرییە سوربۆنی بەجێهێشت بۆ ئەوەی لە خوێندنگەیەکی نوێی پیشەسازی دەرس بڵێتەوە، ئەو پەیمانگایە ناوی EPCI)) بوو.

کیوری هێندەی پێرییە زیرەک و بلیمەت بوو. هاوڕێیەتیان زۆر زوو قووڵبووەوە و پییرییە بە کیوری گوت کە دەیەوێت بیخوازێت. کیوری پێرییەی خۆشدەویست بەڵام دوای دڵشکانەکەی لەگەڵ کازیمیەرز نەیویست بۆ جاری دووەم ئەو ئەزابە بچێژێت. لە هاوینی  1894 دا بڕیاریدا پاریس جێبهێڵێت و بچێت بۆ وارشۆ، هەستیکرد ئامادەنییە شووبکات. دەرکی بە بەرپرسیارییەک کرد هەم لە هەمبەر خێزانەکەی و هەم بۆ پۆڵۆنیاش.

پێرییە ئامادە نەبوو هەروا بە ئاسانی دەستبەرداری ئەم ژنە گەورەیە بێت. نامەی نوسی و لێی پارایەوە بگەڕێتەوە بۆ پاریس. تەنانەت پێی گوت ئامادەیە واز لە پاریس بهێنێت و بچێت لە پۆڵۆنیا بژی. پێدەچێت ئەم چەند وشەیەی دوایی بووبێت کە قەناعەتی بە کیوری هێنابێت کە لە هەست و نەستی پێرییە حاڵی بێت. بەمجۆرە گەڕایەوە بۆ پاریس بۆ ئەوەی خۆی تەرخان بکات بۆ پێرییە و ژیان لە پاریس. هەرچۆنێک بێت، رازی نەبوو ئەو داوایەی پێرییە قبوڵ بکات پێکەوە لە فلاتیکدا بژین، لە بری ئەمە بە جیا لە فلاتێکی جادەی شاتودەن، نزیک لە ئۆفیسەکەی برۆنیای خشکی دۆزییەوە.

پێرییە پەیمانیدا بەوەی لە گەڕانەوەدا بۆ پاریس  هەتا بتوانێت کات لەگەڵ وی بەسەر دەبات، بەڵام دایکی نەخۆش کەوت و وا ئیجابی کرد لە خوارووی پاریس لەگەڵ دایکی بمێنێتەوە. هەفتەیەک نامەی نوسی و گوتی،’ نۆبەتی بابمە(کە دکتۆربوو) و من لە خەستەخانە هەتا بەیانی نیوەڕۆ دەمێنمەوە، بۆ ئەوەی دایە بە تەنها نەبێت….وەها هەست دەکەم کە تۆ کەمتر و کەمتر رێزت بۆ من هەبێت، ئەمە لە کاتێکدا من عەتف و حەنانم رۆژ لە دوی رۆژ بۆ تۆ زیاتر و زیاتر دەبێت.’

پێرییە دواجار بڕیاریدا تێزی دکتۆراکەی بنوسێت و خۆ ئەگەر بکرێت بە یارمەتی کیوری پێشکەشی زانکۆی سوربۆنی بکات. لە ئاداری 1895 دا، ساڵێک دوای ئەوەی کیوری ناسی، تێزەکەی پێرییە لە بەشی زانستی زانکۆ چووە بواری هەڵسەنگاندنەوە، بە بێ هێچ کێشەیەک سەرکەوتووبوو. هەر زوو دوای بەدەستهێنانی دکتۆراکەی، لە (EPCI) پۆستێکی پرۆفیسۆری بۆ دانرا، خۆی و براکەی جاک، هەردوکیان پێکەوە خەڵاتی ‘پری پلانێت’یان لەسەر ‘پیەزەلەکریسیتی piezolectricity ‘ وەرگرت، کە ئەمەش بریتی بوو لە دروستکردنی کارەبا بە هۆی فشار خستنە سەر کریستاڵەکانەوە.

دوایی لە بەهاردا، کیوری سەرەنجام خۆی ساخکردەوە کە شوو بە پێرییە بکات. لە 26 تەموزی   1895دا، لە هۆڵی شارەوانی سیتو مارەی کرد، لە باخچەیەکی نزیک ماڵی کیوریدا هەمووشتێکیان بڕاندەوە. باب و خوشکەکەی کیوری، هێلینا، لە وارشۆوە هاتن و برۆنیای خوشکیشی لەگەڵ مێردەکەیدا هاتن. هەردوکیان مەسرەفی ئاهەنگەکە، کە لە ئامۆزایەکیانەوە هات، دایان بە دوو پاسکیل و پێی چوون بۆ بریتانی بۆ ئەوەی مانگی هەنگوینی لەوێ بەسەر بەرن، گوند بە گوند راوەماسییان دەکرد. کیوری لەم بارەوە دەنوسێت، ‘ ئاشقی کەنارە خەمگینەکانی بریتانی و گوڵ و گوڵزارە چڕە زەردەکانی بووین.’

دوای مانگێکی درێژی هەنگوینی گەڕانەوە بۆ پاریس، هەردوکیان فلاتێکیان لە جادەی دە لا گلاسییەر بەکرێگرت و چونە ناوی، شوێنەکە نزیک بوو لەو شوێنەی کاتی خۆی کیوری وەک قوتابی تێیدا دەژیا. لەم کاتانەدا، موچەی هەردوکیان پێکەوە و خەڵات و بەخشیش و مەنحەی تر بە نزیکی کردییە 6000 فرانک، سێ ئەوەندەی موچەی مامۆستایەکی سەرەتایی بوو. ئەم داهەتە هەردوکیان پێکەوە ژیانێکی فەرەحیان و گوزەرانێکی خۆشێان هەبوو بەڵام کەم-مەسرەف بوون و هیچ خزمەتکاریشیان نەبوو.

کیوری گەڕایەوە بۆ کاری موگناتیسزم و کاتی بێ ئیشی خۆشی تەرخانکرد بۆ درێژەدان بە توێژینەوە و خوێندنی زانست و ماتماتیک. دوو کۆرسی وەرگرت، یەکێکیان لەگەڵ مارسل بریلوون، کە فیزیکناسێکی تیوریستی بوو و گەلێک خولیای هەمەچەشنە و فراوانی هەبوو. پێرییە، لە هەمان کاتدا، بۆ یەکەم جار پۆلێکی لە پەیمانگای  EPCI وەرگرت بۆ ئەوەی لەسەر کارەبا وانە بڵێتەوە. بە پێی کیوری، کە دوایی باسی دەکات، کۆرسەکە،’ هەتا بڵێی کۆمپلیت و هاوچەرخانە بوو لە پاریسدا.’

هەر لە سەرەتاوە، هەردوکیان پێکەوە کەوتنە کارکردن. ماتماتیکناسی فەرەنسی هنری پۆیەنکەیر، جارێک گوتی پەیوەندی ئەو دوو هاوسەرە تەنها بریتی نەبوو لە ئاڵووگۆڕی ئایدیا، بەڵکو ،’بریتی بوو لە ئاڵووگۆڕی وزەش، شیفایەکی یەقین بوو بۆ نائومێدی کاتی کە هەموو توێژەرەێک دووچاری دەبێت.’

لە سەرەتای 1897 دا کیوری بۆی دەرکەوت سکی هەیە، بە بەردەوامی توشی گێژی و دڵ-تێکچوون دەبوو. زۆربەی کات نەیتوانی کاربکات و کاتێکیش کە زانی دایکی پێرییە نەخۆشی درێژخایەنەی شێرپەنجەی مەمکی هەیە، ورەی زۆر دابەزی. خەمی ئەوەی بوو منداڵبوونەکەی هاوکات بێت لەگەڵ مردنی دایکی پێرییەدا، ئەمەش نیگەرانیکرد کە کاریگەری هەبێت بۆ سەر مێردەکەی.

لە هاویندا، کە سکەکەی حەوت مانگ بوو، کیوری وەزیفەی بەجێهێشت و چوو بۆ بریتانی بۆ ئەوەی ئیسراحەت بکات، لە کاتێکدا پێرییە لە پاریس مایەوە بۆ ئەوەی وانەکان بڵێتەوە و چاودێری دایکی نەخۆشی بکات. کاتێک براکەی، جاک، لە باتی وی ئەرکەکانی گرتەئەستۆ، پێرییەش چوو بۆ بریتانی. سەرباری ئەوەی سکەکەی زۆر قورس بوو، هەردوکیان دەچونە پاسکیل-سواری. دوای ماوەیەکی کەم، کاتێک گەڕانەوە بۆ پاریس، کیوری ژان گرتی و لە 12 ئەیلولی 1897 دا منداڵێکی کچیان بوو، ناویاننا ئایرین، لە کتێبە خەرجییەکانی کیوریدا، کە بە نایابی پاراستبووی، نوسرابوو بوتڵێک شەرابیان کڕیوە و بەو موناسەبەتەوە ئاهەنگیان سازکردووە.

کتێبی خەرجییەکان سەبارەت بە مەسرەفی مانگانەی ئیشکەر و دایەنەکان بازدانێک دەخاتەڕوو، لە 27 فرانکەوە لە ئەیلولدا گەیشتووەتە 135 فرانک لە کانونی یەکەمدا. کیوری دایەنێک و دادەیەکی شیربەخشی بۆ کچەکەیان بە کرێگرت. دوای دوو هەفتە، وەک پێشبینی کردبوو، هەر بەو هۆیەشەوە نیگەران بوو، دایکی مێردەکەی مرد. بابی پێرییە چووە ماڵی برای پێرییە و خێزانەکەیان.

کیوری توانی بڕوانامەی پێویست بەدەسبهێنێت بۆ ئەوەی ببێت بە مامۆستا، لە کۆتایی 1897 دەستیکرد بە ئامادەکردن و کۆکردنەوەی چارت و وێنە و گراف بۆ بابەتەکەی کە لەسەر موگناتییسی پۆڵا سەختەکان نوسیبووی و بە نیازبوو بینیرێت بۆ بڵاوکراوەی کۆمەڵەی هاندانی پیشەسازی نیشتیمانی. خۆی و پێرییە بڕیاریاندا کە پێویستە لە توێژینەوەی رەسەنەوە دەست پێ بکات و ئامادەیان بکات بۆ تێزی دکتۆراکەی.

لە دوو ساڵی رابردوودا فیزیک بە قۆناغێکی داهێناندا تێدەپەڕی. لە 1895 دا، ویلهێلم رۆنتگەن Wilhelm Rontgen تیشکیX- ی دۆزییەوە، فیزیکناسانی خستە دۆخێکەوە کە عەوداڵ بن لە دوی تێگەیشتنی ئەم دیاردە نامۆیەوە. لە 1896 دا، بەوجۆرەی کە پێویست بوو تاقیکردنەوە بێت لەسەر تیشکی-X ، هێنری بێکویرل تیشكێکی دۆزییەوە کە دوایی بە تیشکی بێکویرل ناسرا. کیوری بڕیاریدا خۆی دەست بکات بە توێژینەوە و خوێندنی ئەم دیاردەی تیشکە نوێیانە بکات بە بابەتی دکتۆراکەی، ئنجا هەرچییەک شتی قورسیشی تێدایە دەبێتت لێیان تێ بگات.

ئەوەی دەربارەی ئەم تیشکە، واتە تیشکی بێکیورێل لە یۆرانیومەوە پەخش دەبێت بە کاخەزدا رۆدەچێت و هەندێک مادە لە تاریکیدا دەگەشێنێتەوە. بەڵام توێژینەوەی ئەم ‘تیشکە یۆرانیومانە’ تەوژمەکەیان لەدەستدا. چونکە لە ساڵی 1896 دا، تەنها ژمارەیەکی زۆر کەم لەو کاخەزانە لەسەر بابەتەکە، بێگومان بە بەراورد بە نزیکەی سەد دانە لە تیشکی-X ، پێشکەش بە ئەکادیمیای فەرەنسی کران. وەها حیساب بۆ تیشکی یۆرانیۆم دەکرا کە بەشێکە لەو دیاردەیەی کە دەبێت بە هۆی سەرهەڵدانی تیشكی – X ، هیچ کەس نەیزانی کە پرۆسەی جیاجیا هۆکاری دیاردەکەن.

کیوری، بە یارمەتی پێرییە، توانی تاقیگەیەک لە عەمارێکی کۆندا، لەسەر قاتی عەردی بینای EPCI  دامەزرێنێت. هەرچەندە سارد و پیس بوو بەڵام کیوری دڵخۆش بوو بەوەی خۆی سەرقاڵی توێژینەوەی بابەتێک بکات کە بژاردەی خۆی بێت. بەمجۆرە رۆژمێری تاقیگەکەی لە 16 کانونی یەکەمی 1897 وە ئامادەکرد بۆ تۆماری کارەکان. لەگەڵ پێرییەدا پێکەوە گەنجینەیەکی ئایۆنکردنیان دامەزراند بۆ ئەوەی بتوانن ئەو وزەیە پێوانەبکەن کە لە یۆرانیومەوە پەخش دەبێت. ئەم پێوانەکارییانە هەتا بڵێی سیمایەکی چەواشەییان هەبوو – باکێرێڵ خۆی لەمەدا فەشەلی هینابوو – بەڵام هەرچۆنێک بێت، کیوری باوەڕی وابوو کە ئەگەر کارەکە بە وریایی و وردی ئەنجام بدرێت ئەوا سەرکەوتوو دەبێت، لە راستیشدا سەرکەوت.

بە مەبەستی پێسکەشکردنی تێزی دکتۆراکەی کەوتەکارکردن و هات ئەو بڕانەی پێوانەی کردن زیاتربوون و وردەکاریشی تێدا خستەگەڕ کە بە هیچ جۆرێک لەوەبەر بەو جۆرە کارەکەی ئەنجام نەدابوو، هیچ چاوەڕوانی ئەوە نەبوو کە دۆزینەوەی نوێ ئەنجام دەدات. دوای ئەنجامدانی تاقیکردنەوە لەسەر یۆرانیۆم و پێوانەکردنی بارگەی بچکۆلەی کارەبایی لە تیشکە ئەفسوناوییەکەی بێرێڵدا ئنجا کەوتە گەڕان لە دوی توخمی تر بۆ ئەوەی تەجروبەی لەسەر بکات. لە تەنها رۆژێکی شوباتی 1898 دا، سیازدە توخمی تاقیکردەوە، بە ئاڵتون و مسیشەوە، بۆی دەرکەوت هیچیان تیشکی یۆرانیۆم پەخش ناکەن.

خۆ ئەگەر لە تاقیکردنەوەی توخمی پوختدا گیری بخواردایە، ئەوا کیوری بازیدەدا بەسەر ئەو دۆزینەوەیەی کە بوو بە هۆی ناوبانگی. لە 17 شوباتدا، نمونەیەکی لە ئاوێتەیەکی کانزایی یورانایتی قورسی رەش تاقیکردەوە، ئەمە بۆ خۆی نزیکەی سەد ساڵێک لە کاندا بوو لە دەڤەری یۆاکیمستێل، کە لە سنوری نێوان ئەڵمان و چیک دا بوو، بە کانزا دەوڵەمەند بوو. لە 1789 دا، مارتن هێنریچ کلاپرۆت، توخمێکی کانزایی خۆڵەمێشی لە یورانایت دەرهێنابوو، ئەم توخمەی ناونا ‘یۆرانیوم’ ، ئەویش دوای ئەوەی تازە هەسارەی یورانەس دۆزرابووەوە.

چونکە یۆرانیۆم یەکێک لە پێهاتە بچکۆلەکانی یۆرانایت بوو، کیوری تەسەوریکرد کە ئەو تیشکەی لە یۆرانایتەوە پەخش دەبێت، دەبێت لاوزتر بێت لە یۆرانیۆمی پوخت. ئەوەی جێگای سەرسوڕمان بوو، کیوری پێچەوانەکەی بینی. سەرەتا وایزانی هەڵەی کردووە، بەڵام دوای چێکردن دەرکەوت ئەنجامەکە راستە. بەڵام بۆچی تیشکەکەی یۆرانایت بەهێزترە؟ کیوری توخمی تریشی تاقیکردەوە، دوای هەفتەیەک دۆزینەوەیکی چاوەڕواننەکراوی تری ئەنجامدا. کانزای ئەسکەنایت، کە تۆریۆمی تێدابوو نەک یۆرانیۆم، دیسانەوە لە یۆرانیۆمی پوخت چالاکتر بوو. ئەوە ئێستا دوو مەتەڵی هەیە حلی بکات.

کیوری گومانی هەبوو لەوەی ئەو تیشکەی کاتی خۆی بێکێرێل دۆزییەوە تەنها دیاردەی یۆرانیۆم نەبوو بەڵکو شتێکی شمولیتر بوو. بەمجۆرە کاتێک توێژینەوەکانی بە ئاڕاستەیەکی نوێی چاوەڕواننەکراودا تێدەپەڕی، پێرییەی مێردی لە لایەکەوە بیستی کە بۆ پۆستی پرۆفیسۆر لە سۆربۆن وەرنەگیراوە. پێدەچوو هەردوکیان توانای ئەزمکردنی نائومێدییەکەیان نەبووبێت، لە هەمان کاتیشدا زیاتر و زیاتریش پێکەوە لە تاقیگەکەدا ئیشیان دەکرد.

ئەو فەرزیە ڕوون و ئاشكرایە ئەوەبوو کە توخمێکی تر، توخمێک زۆر چالاکتر، لە یۆرانایتدا هەیە، کە ئەویش تیشك پەخش دەکات. بەڵام دەبێت ئەم توخمە چی بێت؟ یۆرانایت تێکەڵەیەک لە کانزای تێدایە، ئەوەندە زۆرن کە لە تاقیگەدا وێنەیان ناگیرێتەوە.

هەر لە هەمان کاتدا بوو، کیوری ئەوەی دۆزییەوە کە کانزایەکی تریش، ناوی چالسایت بوو و یۆرانیۆمی تێدایە، تیشكێک پەخش دەکات کە زۆر زیاتر لە یۆرانیۆمی پوخت وزەی تێدایە. ئەفراندنی چاڵسایت زۆر سادەتربوو لە یۆرانایت، کیوری و مێردەکەی بیریان کردەوە ئەگەر چاڵسایت لە پێکهاتە ناسراوەکانی دروست بکەین، ئەوا توخمە تەلیسماوییەکە دیارنامێنێت و تیشکەکە وزەیەکی چالاکی دەبێت. کیوری چاڵسایتی دەستکردی تێکەڵکرد، ئەویش بە یەکخستنی فۆسفاتی مس و یۆرانیوم، ئنجا سەیریکرد کە کانزا تازەکە چالاکییەکەی لە هی یۆرانایت گەورەتر نەبوو. دەرەنجامەکە ڕوون بوو – چاڵسایت و یۆرانایت توخمێکی نەزانراوی زیادەی تێدابوو. کیوری دۆزینەوەکانی خۆی نوسییەوە و لە ژێرناوی،’ ئەو تیشکانەی لە ئاوێتەکانی یۆرانیۆم و تۆریۆمەوە پەخش دەبن’. لە 12 نیسانی 1898 دا پێشکەشی ئەکادیمیای کرد. نە کیوری و نە پێرییە، هیچیان ئەندامی ئەکادیمیا نەبوون، تەنها ئەندامیش بۆیان هەبوو گوتە پێشکەش بکەن، بەڵام خۆشبەختانە، پرۆفیسۆرەکەی کیوری، گابریل لیپمان، کە تازە بوون بە دوو هاوڕێی باش، ئامادە بوو کە پەیپەرەکە پێشکەش بکات. دۆزینەوەکانی کیوری سەرنجی ئەندامانی ئەکادیمیای راکێشا، بەڵام تێبینی دوو خاڵیان نەکرد، دوو خاڵی زۆر گرنگ.

فەرزیەکەی کیوری بەوجۆرە بوو کە توخمێکی نوێ لە یۆرانایت و چاڵسایت دا هەیە کە مەنسولە لە زیادکردنی وزەی تیشکە پەخشکراوەکان. ئەمەی کیوری ئەنجامیدا، بوو بە سەرەتایەک بۆ تەکنیکێکی نایابی نوێ بۆ کەشفکردنی توخمی نوێ – واتە خاسیەتەکانی رادیۆئەکتیڤی مادەکان دەکرێت ئیشارەبن بۆ حزوریان. دووەم، لە پەیپەرەکەدا، کیوری باسی ئەوە دەکات کە، ‘هەموو پێکهاتەی یۆرانیۆمەکان چالاکن… هەتا زیاتر بن ئەوا چالاکترن، بە گشتی، واتە یۆرانۆمیان زیاتر تێدایە.’ ئەوەی لەمە حاڵی دەبین ئەو پێشنیازەیە کە تیشک خاسیەتی ئەتۆمییە – ئەمەش ئایدیایەکە کە دەرکەوت وەک پێشبینی وەهایە. بەڵام ئەکادیمییەکان بە هەبوونی توخمێکی نوێ قانع نەبوون.

تەنها رێگە بۆ سەلماندنی ئەمە بریتی بوو لە جیاکردنەوەی توخمە نوێکە، مەبەست لەمەش مامەڵەکردن بوو لەگەڵ بێکێرێڵ. کیوری و پێرییە لە مەوقیعێکی ناخۆشدا بوون. بێکێرێل یارمەتی داون بۆ ئەوەی تاقیگەکەیان دابمەزرێنن و لە زۆر لایەنیشەوە هاوڕێییان بوو. بەڵام کیوری هەستی بە ئیهانەکرد بەوجۆرەی بێکێرێڵ مامەڵەی لەگەڵ پێرییە دەکرد. نەک هەر هەستیکرد کە نزمتر مامەڵەی دەکات، بەڵکو بێکێرێل ئایدیاکانی دەبرد و تەجروبەی هاوشێوەی ئەنجامدەدا بۆ ئەوەی ململانێی ئیشەکانی ئەوی، واتە کیوری، پێ بکات.

پێرییە ویستی کیوری دڵنیای بکات کە بێکێرێڵ رەقیب نییە بەڵکو کیوری خۆی لە ئاسابەدەر مێردکەی قاوداوە. ئامادەنەبوو هیچ کەس هاوبەش بێت لە دۆزینەوەکانیدا، بە تایبەتیش ئەندامانی ئەکادیمیا، کە گورپێک پیاو بوون کە، وەک هەستی پێکردبوو، بە چاوێکی نزم لە زانایانی ژنیان دەڕوانی. سووربوو لەسەر ئەوەی لە دۆزینەوەی توخمە نوێکەدا، دەبێت بێکێرێل ببەزێنێت.

چەند رۆژێک دوای خوێندنەوەی پەیپەرکەی، کیوری و پێرییە گەڕانەوە بۆ تاقیگەکەیان، 100 گرام یۆرانایتیان هاڕی بۆ ئەوەی ئەگەر بتوانن، توخمە نوێ تەلیسماوییەکە جیابکەنەوە. یۆرانایتەکەیان بە جۆرەها مادەی کیمیایی خۆشکرد، چاڵاکی بەرهەمی کارلێکە کیمیاییەکانیان پێوانەکرد. چالاکترین بەرهەم کە درستبوو دوایی زیاتر کاریکرد. دوو هەفتە دوای دەستپێک، کیوری و مێردەکەی هەستیانکرد بە پێی پێویست بەرهەمی چالاکیان جیاکردووەتەوە بۆ ئەوەی کێشی ئەتۆمییەکەی بە هۆی سپێکترۆسکۆپییەوە دیاری بکەن. ئەمە بە تەواوی ئەوە دەردەخات وەک بڵێی توخمێکی نوێیان دۆزیوەتەوە.

دوای ئەو هەموو شەکەتییە، توخمەکە هیچ هێڵی شەبەنگی نەناسراوی پیشان نەدا – هێڵەکانی روناکی لە شەبەنگی روناکیدا وەک شوێندەستی ناسینەوەی توخمەکان خۆیان نمایش دەکەن. ئەمە دوور نییە هێمایەک بێت کە کیوری وایزانی لەوەدا هەڵەیە کە توخمێکی تازە بوونی هەیە، بەڵام هەستیکرد ئەو بڕەی پێویستە جیایان نەکردووەتەوە. کیوری و پێرییە لە یەکێک لە سەرۆکەکانی تاقیگەکەی پەیمانگای EPCI ، گۆستاڤ بێمۆنت، یان پرسی ئەگەر دەکرێت یارمەتیان بدات بۆ جیاکردنەوە کیمیاییەکە و پوختەکردنی یۆرانایتەکەش. هاتنەناوەوەی سەرۆک یەکسەر سەرکەوتووبوو. نمونەیەکی تازەی لە یۆرانایت هێنا و لە کەموڵەیەکدا گەرمیکرد، پرۆسەی هەڵماندنی بەسەر بەرهەمێکدا هێنا کە زۆر چالاک بوو. لە سەرەتای مایسدا توخمێکی بەرهەمهێنا کە زۆر چالاکتربوو لە یۆرانایت.

ئیتر لێرەوە، وەک رۆژمێری تاقیگەکە پیشانی دەدات، کێوری و پێرییە کەوتنە دابەشکردنی ئەرک و هەوڵەکانیان. هەر زوو بەرهەمێکیان دروستکرد کە هەڤدە ئەوەندەی ئەو یۆرانیۆمەی کردبوویان بە پێوەر چالاک بوو. لە 25  حوزەیراندا، کیوری بەرهەمێکی تری دەسکەوت کە 300 ئەوەندەی یۆرانیۆمەکە چالاک بوو.  پێرییەش کە شانبەشانی کیوری ئیشی دەکرد، بەرهەمێکی جیاکردەوە کە 330 ئەوەندەی یۆرانیۆمەکە چالاک بوو.

کیوری و پێرییە بیریان کردەوە کە یۆرانایت نەک تەنها یەک بەڵکو دوو توخمی تازەی تێدایە. یەکێکیان پەیوەستە بە بیسمەتی(جۆرە فلزێکە) خامەوە و ئەوی تریش پەیوەستە بە باریۆمەوە. وا هەستیان کرد بڕی پێویستی ئەو توخمەی پەیوەستە بە میزبوتەوە جیاکردووەتەوە، ئیتر پرۆسەی سپێکترۆسکۆپییان جارێکی تر کردەوە، بەمجۆرە داوای ئامۆژگارییان لە پسپۆڕی سپێکرۆسکۆپی، یوژین دێمارچەی، کرد، بەڵام هیچ شتێکی تازەیان نەدۆزییەوە. سەرباری نەبوونی بەڵگە، کیوری و مێردەکەی قەناعەتیان هەبوو کە بیسمەت توخمێکی نەزانراوی حەشارداوە. لە 13 تەموزدا، پێرییە تێبینییەکی بەرچاوی لە دەفتەرەکەدا نوسی. ئەمە ئیشارەی یەکەم بوو کە ناوێکیان بەخشیوە بە توخمە گریمانەکەیان، ئەویش – Po – کورتکراوەی ‘پۆلۆتۆنیۆم’ ، کیوری ئەم ناوەی وەک شەرەفێک بۆ ولاتەکەی خۆی هەڵبژارد.

دوای پێنچ رۆژ، هێنری بێکێرێڵ، وەک نوێنەری ئەوان، پەیپەرێکی پێشکەش بە ئەکادیمیا کرد. دانیان بەوەدا نا کە،’ ئێمە هیچ رێگەیەکمان نەدۆزیوەتەوە بۆ جیاکردنەوەی توخمی چالاک لە بیمسەتدا، بەڵام توخمێکمان بەدەستهێناوە کە 400 ئەوەندەی یۆرانیۆم چالاکە.’ ئنجا دەڵێن:

بەمجۆرە باوەڕمان وایە کە کانزایەکمان لە یۆرانایتەوە دەرهێناوە کە لەوەبەر لای کەس نەزانراوە، لە شێکاری خاسیەتەکانیدا نزیکە لە بیسمەتەوە. خۆ ئەگەر تەئکید لە هەبوونی ئەم توخمە کرا، ئەوا ناوی دەنێین ‘پۆلۆنیۆم’، ئەویش بە ناوی نیشتیمانی یەکێکمانەوەیە.

ئەم پەیپەرە یەکەم بوو کە زاراوەی ‘رادیۆ-ئەکتیڤ’ پێشکەش بکات، ئەویش وەک ناونیشانەکە دەڵێت لەمەڕ توخمی نوێی رادیۆ-ئەکتیڤ کە لە یۆرانایتدا هەیە.  هەر زوو زاراوەی رادیۆئەکتیڤ بە دونیادا بڵاوبوەوە و زانایان دەستبەرداری تیشکی بێکێرێڵ، تیشکی یۆرانیک و تیشکی یۆرانیومی بوون. ئیتر دەفتەری تێبینییەکان لەم کاتانەدا تەواودەبێت، ئەو کاتەی پەپیەرەکە لەمەڕ پۆلۆنیۆم دەردەکەوێت، بۆ سێ مانگێک لەوە زیاتر هەنگاویان نەنا. ئەمە لەوانەیە لەبەر ئەوە بێت کە چاوەڕوانی بەرهەمی تازە گەیشتووی یۆرانایت بووبن، بەڵام لەوانەشە رەنگدانەوەی عادەتی رۆیشتنی ئەکادیمیای پاریس بێت.

ماویەتی

image_pdfimage_print

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *