دیکارت: میتۆدی ماتماتیکی و فەلسەفەی میکانیکی.

دیکارت: میتۆدی ماتماتیکی و فەلسەفەی میکانیکی.

‘لای من هەموو شتێک لە سروشتدا بە رێگایەکی ماتماتیکی روودەدات.’

رێنێ دێکارت (1656-1596)

لە سەدەی ‌هەڤدەدا، ناوەندەکانی زانست لە سەنتەرە بازرگانییە خۆشگوزەران و پێگە کلتورییەکانی ئەڵمانیا و ئیتالیاوە گوازرانەوە بۆ دەڤەرەکانی نزیک دەریای ئەتلەسی، ئەو ولاتانەی وەکو هۆڵاندە، فەرنسا و خواروی ئنگلتەرا، سودیان لە دۆزینەوە جوگرافییەکان بینی. هەر یەک لە گالیلۆ و کێپلەر، بە ترۆپکی دەسکەوتە بەراییەکانی زانستی هاوچەرخ دادەنرێن، ئەم دوو وڵاتە لە زانستدا چیتر ئەو باڵادەستەیان نەما، هەتا چەرخی سەدەی هەژدە نەبێت، کە دیسانەوە هاتنەوە سەرتەختی شانۆ. لەگەڵ وەرچەرخانی مەوقیعی جوگرافی ناوەندەکانی زانست لە سەدەی هەڤدەدا جۆری کەسایەتی زاناکانیش گۆرانی بەسەردا هات، بێگومان هەر یەک لە کێپلەر و گالیلۆ وەک پیشە زانا بون، هەردوک لە لایەن پادشاوە پشگیری دارایی کران و پۆستی ئەکادیمیشیان ناو بە ناو هەبوو. بەڵام زانایانی نوێ، کە لە فەرەنسا و ئنگلتەرا و هۆڵاندە هاتنە مەیدانەوە لە بنچینەدا خەلکانی ئاسایی بوون. بۆ نمونە لە ئنگلتەرا، خەڵکانێک هاتن نەوەی بنەماڵەیەک بوون بە پیشە خاوەن – موڵک بوون یان لە بورسە کاریان دەکرد، یاخود زۆر دەوڵەمەند بوون، وەکو ڕۆبەرت بۆیڵ و سێر ویلیام پێتی. نیوتن، حاڵەتێکی شاز بوو، لە کامبریچ ئوستاد بوو بەڵام دەوڵەمەند نەبوو. لە فەرەنسا، زۆر لە زانایان، نەوەی ئەو خێزانانە بوون کە پەیوەست بوون بە کاروباری ئیدارییەوە، بە تایبەت پارێزەران و پەرلەمانتاران یان یاساناسانی فەرەنسی.

دوای وەرچەرخانی ناوەندی زانستی لە ئیتاڵیاوە بۆ هەردوو وڵاتی فەرەنسا و ئنگلتەرە، دوو زانای گەورە هاتنە سەرتەخت. یەکەم فرانسیس بەیکن (1626 – 1561) لە ئنگلتەرە و دووەم رێنیە دێکارت (1650 – 1596) بوو لە فەرەنسا. ئەم دوو پیاوە مەزنە، لە نیوەی یەکەمی سەدەی هەڤدەدا شیکارێکی گشتییان لەمەڕ میتۆدی زانستی خستەڕوو. دێکارت کوڕی پیاوێکی راوێژکاربوو لە پەرلەمانی برێتان (Bregtagne). لە فەلسەفەی سروشتیدا ئامانجی دوو شت بوو، یەکەم تاووتوێکردن و شمولیکردنی میتۆدی ماتماتیک، کە لەزانستی میکانیکەوە پەرەی سەندبوو. دووەمیش، بە هۆی بەکارهێنانی ئەم میتۆدەوە، ئامانجی بونیاتنانی وێنەیەکی گشتی میکانیکی کارکردنی سروشت بوو. ناوەندی رۆشنفکری فەرەنسا لەو سەردەمدا لای دێکارت گونجاوبوو بۆ بڵاوکردنەوەی بیروڕاکانی، هەر بۆیە بڕیاریدا لە ساڵی 1628 دا پاریس جێبهێڵێت و رووبکاتە هۆڵاندە و لەوێ لە ساڵی 1637 دا کتێبەکەی لەمەڕ گوتارێک لەمەڕ میتۆد (Discourse on Method) بڵاوکردەوە. ئەم بەرهەمە فەلسەفییەی دێکارت لە دوو بەش پێکهاتبوو، بەشی یەکەم بریتی بوو لە شیکاری میتۆدی کورتکردنەوەی ماتماتیکی، دووەمیش خستنەڕووی هێڵە گشتییەکانی دیدی خۆی بوو لەمەڕ دونیای فیزیکی. ئەم بەشەیان، واتە دووەم، تەرزێکی ئاسان و سادەی پرینسپە فەلسەفییەکانی بوو، لە ساڵی 1644 چاپکرا، زیاتر ئەم بەشەیان بوو کە کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر سەدەی هەڤدە هەبوو.

دێکارت دید و بۆچوونی بەیکنی لەمەڕ میتۆدی زانستی خوێندبووەوە و لەگەڵ ئامانجەکانی بەیکندا عەتفی دروستکردبوو، بەڵام رای وابوو کە بەیکن توێژینەوەکانی لە ژێدەرێکی هەڵەوە دەست پێکردووە، بەیکن، لە بری ئەوەی لەو پرینسپە گشتییانەوە دەست پێ بکات کە زەمینە خۆشدەکەن بۆ توێژینەوەی کورتکردنەوە، هاتووە لە هەقیقەتی تەجریبی لەمەڕ دونیای سروشتییەوە دەستی پێکردووە، دیکارت کەوتە ژێر کاریگەری ئەو میتۆدە ماتماتیکییەی لە زانستی فیزیکییەوە پەرەی سەندبوو، وەک چۆن قوتابییەکی میکانیک سنوری دیاریکراوی هەیە لە بەرانبەر ئەو بابەتانەی کە دەتوانێت تێڕامان لەسەریان ئەنجام بدات و بەراورد بەو شتانەی کە دەکرێت پێوانەبکرێن، بەمجۆرە ئەویش وەها پێویستیکرد کە دەستبەرداری جۆرەها تیوری بێت لەبەر خاتری ئەو تیورییانەی بە شێوازی ماتماتیکی پەرەیان سەندووە. هەر بە هەمان شێوە هەموو ئەو بابەتانەش کە شایانی پێوانەکاری بوون هەمان گرنگییان نەبوو، هەندێکیان پیویست بوو فەرامۆش بکرین بۆ مەبەستی ئاسانکردنی بابەتەکە، هەروەک چۆن گالیلۆ هات و بەرهەڵستی هەوای پەراوێزخست کاتێک کەوتە توێژینەوەی کەوتنەخوارەوەی تەنەکان لە ژێر سایەی کێشکردندا. بە هەمان فۆرم، دێکارت بیریکردەوە شەرت نییە هەموو ئایدیاکان کە رووبەروی تاووتوێی ماتماتیکی دەبنەوە هەمان گرنگییان هەبێت، هەندێک ئایدیای بنەڕەتی دیاریکراو هەیە کە حەدەسین و متمانەترین خاڵی دەسپێک پێشکەش دەکەن بۆ کورتکردنەوەی خەسڵەتی ماتماتیکی. ئایدیای لەم جۆرە بریتین لە جوڵە، درێژبوون (extension) و خودا. ئایدیای خودا بنچینەی سەرەکی سیستەمەکەی بوو، خودا گەردونی بە فراوانی بونیاتناوە و جوڵەشی بە بەردا کردووە[i]. چونکە لە کاتی ئەفراندندا جوڵە یەکجار بە رۆحی گەردوندا کراوە، ئەوا بڕی جوڵە لە دونیادا پێویستە نەگۆڕ بێت. ئا بەمجۆرە مشتومڕە، دێکارت گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە پرینسپی تەوژم دیاردەیەکی پارێزراوبێت.

بەمجۆرە، دێکارت، بە مشتومڕی شێوازی کوازی – ماتماتیکییانە لە بێگومانی و پرینسپی یەقینەوە، وەها بیریکردەوە کە مومکینە هەموو سیما بەرچاوەکانی دونیای سروشت کورتبکرێتەوە. لە وردەکاری سروشتی شتەکانەوە متمانەیی تا هەندێک نایەقینی بوونی هەیە، هەر لە هەمان ئەو شتەی دێتە بەردەممان، دەکرێت دەرەنجامی جیاواز کورت بکرێتەوە، ئنجا ئنسان دەتوانێت تەجروبە راڤەبکات بۆ بڕیاردان لەمەڕ دید و تێڕوانینە رەقیبەکان. بە هەرحاڵ، دێکارت زۆر جەختی نەکردە سەر ئەم لایەنەی میتۆدەکەی، بەڵکو بە پلەی سەرەکی پەیوەست بوو بە کورتکردنەوەی نیزامی گشتی شتەکان هەر لە پرینسپە بەراییەکان یان یەکەمەکانەوە. لەوەش زیاتر، لای وی تەجروبە و تاقیکردنەوە تەنها هۆکارێکن بۆ پیشاندانی ئەو ئایدیایانەی لەو پرینسپانەوە کورت کراونەتەوە کە بناوانیان حەدەسییە: لای وی تاقیکردنەوە ئەو پرینسپانە دیاری ناکات کە بناوانی کورتکردنەوەکانە (deductions)، بەوجۆرەی گالیلۆ ئەنجامیدابوو. گالیلۆ پرینسپی سرەوتن (inertia) و یاسای کێشکردنی کەوتنەخوارەی تەنەکانی لە ئەنجامی تاقیکردنەوەوە بەدەستهێنابوو، ئەویش کاتێک هات و تۆپە گۆییەکانی بە رووە لارەکەدا خلکردەوە، لە راستیدا لە ئەنجامی ئەم پرینسپە تەجریبییانەوە بوون کە شێوازێکی ماتماتیکییانەی بۆ رەوتی موشەک – هاوێژی کورتکردەوە.

زانای گەورەی هۆڵەندی کریستاین هۆیەخنز، دوایی ئیشارەیدا بەوەی کە بەیکن رۆڵی ماتماتیکی لە میتۆدی زانستیدا رەچاونەکردووە، ئەمە لە کاتێکدا کە دێکارت رۆڵی تاقیکردنەوەی پەراوێزخستووە. بەمجۆرە کاری هەردوو فەیلەسوفەکە تەواوکەری یەکترین، بەیکن بانگەشەی بۆ بەردەوامی تەجریبی پسپۆڕی تەقلیدییانە دەکرد، لە کاتێکدا دێکارت هاواری بۆ رێبازە تەقلیدییە باوەکان دەکرد، هیچ یەکێک لەم دوو فەیلەسوفە گەورەیە بە تەواوی هەردوو کڵتورەکەیان یەکنەخست، هەرچەندە هەردوکیان نزیکبوونەوە لەم کۆتاییە. بەیکن ئاگاداربوو کە ماتماتیک دەتوانێت چ رۆڵێک لە زانستدا یاری بکات. لەم بارەیەوە بەیکن دەڵێت،’توێژینەوەی سروشت بە باشترین رێچکەدا دەڕوات ئەگەر فیزیک خۆی لە ماتماتیکدا سنورداربکات.’، بەڵام هیچ پەرەی بە خاڵەکە نەدا. هەر بە هەمان شێوە، دێکارت دوو رێگای جوداکردەوە، یەکەم شیکاری (analysis)، کە رێگایەکی پراکتیکییە بۆ دۆزینەوەی شتەکان، دووەمیش، ئاوێتەکردن یان کارلێکردن (synthesis) ، وەک رێگایەکی تیوری بۆ بەدەستهێنان و کورتکردنەوەی هەمان ئامانج، بەڵام لە پرینسپە یەکەمییەکانەوە. لای بەیکن، وەکو خۆی دەڵێت،‘ ئاوێتەکردن بە تەنها وەک رێگایەک ئەندازەناسانی یۆنانی لە نوسینەکانیاندا بەکاریان هێناوە، بەڵام وەکو میتۆدەکەی تر جێگای قەناعەت نییە، یاخود مێشکی ئەو کەسانە رازی ناکات کە مەبەستیان فێربوونە، چونکە ئەو رێگایە ناخاتەڕوو کە چۆن شتەکە دۆزراوەتەوە.‘ بەمجۆرە ئەرکەمیدس پرینسپە میکانیکییەکەی بە تاقیکردنەوە دۆزییەوە، بەڵام وەک کورتکردنەوەی ئاکزیۆم[ii]، کە رواڵەتی حەدەسییان هەبوو، پێشكەشی کردن، بۆیە نازانین تاقیکردنەوەکانی چی بوون. بەڵام لە لایەکی ترەوە گالیلۆ، پوختەی تاقیکردنەوەکانی تۆمارکردووە. بەمجۆرە میتۆدەکەی دێکارت نزیکبووە لەوەی ئەرکەمیدسەوە زیار وەک لەوەی گالیلۆ، هەرچەندە لایەنی ئیجابی ئەوانەی گالیلۆی لەبەرچاوگرتووە.

چەمکە فیساگۆرسەییەکان هیچ سەرنجی دێکارتیان رانەکێشا، ئەو چەمکانەی کە دەڵێن حساباتی ماتماتیکی بونیاتی گەردون دیاری دەکات و تەنە ئاسمانییە کەماڵەکان پێویستە فۆرمێکی گۆیی کەماڵیان هەبێت، جوڵەی ئەم تەنانەش پێویستە بازنەیی و نەگۆڕبێت. لای دێکارت حساباتی ماتماتیکی فۆرم و جوڵەی تەنە ئاسمانییەکان دیاری دەکات، نەک هەر ئەمە، لای دێکارت هەر بە راستی هەموو کارکردنی سروشت دیاریدەکات. لای وی ماتماتیک تەنها ئامرازێکی میتۆدۆلۆژی لەبەرچاوگرت و هیچ عەتفی نەبوو بۆ ئەو هەڵوێستەی کە ماتماتیکناسانی پوخت هەیانبوو. لەم بارەیەوە دەڵێت،’ هیچ لەوە بێ بایەختر نییە ئنسان خۆی سەرقاڵ کات بە ژمارەی پوخت و شێوە خەیاڵییەکانەوە’، وەک بەیکن، لای دێکارت پرۆژەی بەسود دوا مەبەستی گرنگی زانستە. بە هۆی میتۆدە نوێکەیەوە، دەگەینە ئەو نوقتەیەی کە سروشتی توخمەکان وەکو پیشە جیاوازەکانی سنعەتکاران بزانین و بە راڤەکردنی زانیارییەکە بۆ هەر مەبستێک کە دەگونجێت، دەتوانین خۆمان بکەین بە خاوەن دەسەڵات و مڵکداری سروشت.’

لە پەرەپێدانی میتۆدە ماتماتیکییەکەیدا، دێکارت پێشکەوتنی بەرچاوی لە تەکنیکی ماتماتیکیدا بەدەستهێنا، بە تایبەت، کاتێک توانی پۆ-ۆ-تانی جیۆمەتری دابهێنێت. گالیلۆ بۆ سەلماندنی بیردۆزەکانی خۆی لە میکانیکدا نمایشی جیۆمەتری بەکارهێنا. پانتایی جیۆمەتری پەرپێدا و فراوانکرد بۆ بڕە پێوراوەکانی تر، بڕەکانی مادە، خێراییەکان و زەمەن. لێردا واریکردنی جیۆمەتری کارێکی ناچاری زاناکە بوو. جەبر زۆر زیاتر گونجاو و ئاسانتر و لە روی تەکنیکی ماتماتیکیشەوە شمولیتر بوو، بە باشیش مامەڵەی لەگەڵ ئەو پرسانە دەکرد کە بارستایی و جوڵەیان تێدابوو. بەڵام جەبر ئەو کاتە شتێکی نوێ، پوخت و بە شێوەیەکی سەرەکیش دووربوو لە بیرکردنەوە و خەیاڵاتی جیۆمەترییانەی ماتماتیکناسانی رۆژەکە. هەرچەندە پێشکەوتنی لەبەرچاو لە ئارادابوو لە کایەی جەبردا لە هەردوو سەدەی شازدە و هەڤدەدا . تارتالیا یەکەم حلی جەبری هاوکێشە سێجاکانی پێشکەشکرد، ئەو هاوکێشانەی لەوەبەر بە هیچ میتۆدێکی جیومەتری حل نەدەکران. فرانسۆ ڤییەتێ (1603 – 1540)، وەکو بابی دێکارت ئەندامی پەرلەمانی برێتان بوو، زۆر هێماو سیمبوڵی جەبری نوێکردەوە یان داهێنا، کە هەتا ئەو کاتە جەبر جگە لە پرسی وشەسازی هیچی تر نەبوو، ئنسانیش زەحمەت بوو لێی حاڵی بێت، لە ئنگلتەرە ماتماتکناس و ئامارناس و فەلەکناس تۆماس هارییەت (1621 – 1560) ئەنجامەکانی ڤییەتێی پەرەپێدا. دوای هارییەت، دێکارت جیومەتری کردە فۆرمێکی جەبری، توانی شێوە جیۆمەترییەکان وەک گراف بە ئامرازی هاوکێشەی جەبری نمایش بکات. دوایی نیوتن و لایبنیز توانیان بە هۆی شێوە جیۆمەترییەکانەوە هاوکێشەی جەبری جوڵەی خاڵی جیۆمەتری نمایش بکەن، بەمجۆرە پەرەیاندا بە کالکیولەس. ئەم میتۆدانە خزمەتێکی باشی مەبەستە شیکارییەکانی پەیوەندی نێوان بارستایی و جوڵەیان کرد، بەمجۆرە هەتا بڵێی تەکنیکی ماتماتیکی گرنگ بوون کە لە لایەن زانایانەوە هەتا سەدەی حازری بەکاردەهێنرێن.

جگە لەمە دێکارت ئەو چەمکەی پەرەپێدا کە بارستایی و زەمەن رەهەندی بنەڕەتی دونیان، وەک هەر سێ رەهەندەکەی فەزا گرنگن، لەم بارەیەوە دەنوسێت:

.مەسەلەکە ئەوە نییە تەنها درێژی، پانی و قووڵی رەهەندن، بەڵکو بارستاییش رەهەنەدە بەو حسابەی پێوانەی قورسی تەنەکان دەردەخات. بەمجۆرە، خێرایی بریتییە لە رەهەندی جووڵە، هەر بە هەمان شێوە ژمارەیەک ناکۆتا نمونەی لەم جۆرە لە ئارادا هەیە.’

بە هەرحاڵ، دێکارت ئایدیاکەی لەدستدا، دوایی ئنجا لە ساڵی 1822 ماتماتیکناسی فەرەنسی هات و میتۆدی نمایشی یەکە فیزیکییەکانی وەکو خێرایی، تاودان و شتی تری بە رەهەندە بنەڕەتییەکانی بارستایی، زەمەن و کات و درێژی بەستەوە و پەرەپێدا بۆ ئەوەی پەیوەندی لە نێوانیاندا بونیات بنێت و بەدەست بهێنێت. دێکارت گەڕایەوە سەر ئەو دیدەی کە درێژەدان[iii] (Extension) و جوڵە چەندایەتی بنەڕەتین و دونیا پێکدەهێنن. وەکو گالیلۆ، بۆ ناسین و پێناسی مادە، بەستیەوە بە قەبارەوە، واتە درێژبوونەوە لە سێ رەهەنددا. بەڵام لەگەڵ گالیلۆ لەوەدا جیاوازبوو کە پێشنیازی ئەوەی کرد جوڵەی سروشتی فۆرمی خێرایی نەگۆڕی لەسەر راستە هێڵێک هەیە، نەک بە شێوەی بازنەیی، وەکو گالیلۆ پێشنیازی کردبوو. بەمجۆرە، دێکارت یەکەم کەس بوو لەمەڕ پرینسپی هاوچەرخی سرەوتن بدوێت.

دێکارت بە پشبەستن بە چەمکی درێژبوونەوە و جوڵەوە وەها بیریکردەوە کە دەتوانێت بە هۆی میتۆدەکەیەوە هێڵە سەرەکییەکانی کارکردنی گەردون کورتبکاتەوە. لەم بارەیەوە دەنوسێت،’ جوڵە و درێژبوونەوەم بدەرێ، دونیات بۆ بونیات دەنێم’. دێکارت رای وابوو کە یاساکانی سروشت بە جۆریكن ئنسان دەتوانێت هەموو ریکخستنێک کە مومکینە لە هەناوی پشێوی ئەتۆمی – بەرایی (primordial) مادەوە وەها پەرەپێبدات کە هاوشێوەی ئەو دونیایە بێت لە حاڵی حازردا خۆمان لەسەری دەژین. بە چاوپۆشین لەوەی کە لە سەرەتادا چۆن بووە، گەردونی زەرورەت ئەو رێکخستنەی ئەمڕۆی لەخۆگرتووە، هەر بەو جۆرە، ئەگەر هەر دونیایەک بگریت لە مادە و جوڵە پێکهاتووە. هەر کە دێکارت قەبارەی کرد بە شوناسێک بۆ مادە، چەمکی بۆشایی وەک چاڵێکی بەتاڵ لە فەزادا رەتکردەوە و ئنکاری لێکرد، مادەش لە ئەتۆم پێکهاتووە و فەزای بەتاڵ کەوتووەتە نێوانیانەوە. مادە سەرتاپای فەزای تەنیووە، هەر لە سەرەتاوە، مادەی ئەتۆمی – بەرایی (primordial) تەنها مومکین بوو بە شێوازی جوڵەیەکی دەورانیدا تێپەڕبێت. بەمجۆرە لێشاوی تەنۆڵکەیی (vortex) دروستبوو کە ئیتر یەکە بەراییەکانی مادە بە فەزادا دەهاتن و دەچوون و هێدی هێدی بە هۆی لێکخشاندنەوە وردبوون. ئنجا شێوە ئەسڵییەکەیان هەرچۆنێک بوبێت، یەکە بەراییەکانی مادە سەرەتا بوون بە تۆز، ئنجا دووەم مادە بوون بە گۆی بچکۆلە. ئنجا تۆزی کۆزمۆیی یان مادەی سەرەتایی کە ئیشارەمان پێدا، توخمی ئاگربوو، کە خۆر و ئەستێرە جێگیرەکانی پێکهێنا. مادەی دووەم، توخمی هەوا یان ئیسەر بوو، ئەمیش بوو بە هۆی دروستبوونی مادەی نێوانی بۆشایی ئەستێرەکان. هەروەها مادەی سێێەمیش لە ئارادا هەبوو، بە تایبەت یەکە ئەسڵییەکانی مادە کە نەبووە بە تۆز، بەڵام بە بەردەوامی گرمۆڵەبووە. ئەم یەکە گۆییە گەورانەی مادە بریتیین لە توخمی خۆڵ، کە عەرد، هەسارە و کۆمێتەکانیان دروست کردووە.

کاتێک گەردون پەرەی سەند، دیاردەیەکی دووەمی وەکو گەرداو بە دەوری هەموو مادەیەکی تۆپەڵدا دروستبوو. بەمجۆرە ڤۆرتێکس (Vortex) دەوری عەردی دابوو، پاشان لە جوڵەی رەوتەکەیدا مانگی هەلگرتووە و بە دەوری خۆیدا دەیسوڕێنێتەوە، هەر بە هەمان شێوە، هەسارەی مشتەریش چوار مانگی بە ڤۆرتێکسەکەی خۆی هەڵگرتووە و بە دەوری خۆیدا دەیان سوڕێنێتەوە و لە خولگەکەی خۆیاندا دەیان هێڵێتەوە، ئەمە لە کاتێکدا زەوی و هەموو هەسارەکانی تر لە ڤۆرتێکسی فراوانی تردان و بە دەوری خۆردا دەسوڕێنەوە. لە ڤۆرتێکسی کۆزمۆییدا، مادە قورسەکان بە ئاڕاستەی چەقەکانیان کێش دەکرێن، بەڵام مادە سوکەکان بە ئاڕاستەی دەرەوە پەرش و بڵاودەبنەوە. هەر بۆیەش دەبینین کە تەنە قورسەکان بەرەو چەقی زەوی دەجوڵێن و سوکەڵەکانیش بۆ ئاسمان.

دێکارت لە سیستەمەکەیدا ئیشارەیدا بەوەی هەموو جوڵەیەک نسبییە. هەروەک دەنوسێت،’ جوڵە جگە لە گواستنەوەی بەشێکی مادە ، یان تەنێک، لە نزیک ئەو تەنانەوە کە لەگەڵ تەنەکەدا تەماسیان هەبووە و ئێمە بە وەستاو رەچاویان دەکەین، و نزیک دەبێتەوە لە تەنی تر.’

بەو حیسابەی عەرد تەنێکی وەستاوە و لە چەقی لێشاوی تەنۆڵکەییدایە. بە واتایەکی تر، هەروەک زەرورەتێکی دیدی تەقلیدی، زەوی لە چەقی گەردوندا مەند و وەستاوە. بە هەرحاڵ، تیوری دێکارت لەمەڕ جوڵەی نسبی نەبوو بە فریادڕەسێک بۆ بیروڕا کۆزمۆلۆژییەکانی و سەرەنجام فەیلەسوفانی تر مەحکومیان کرد. لە ساڵی 1663 دا، بەرهەمەکانی لە رۆما و پاریس چوونە خانەی کتێبە یاساغەکانەوە، هەتا لە ساڵی 1770 دا لە فەهرەستی کتێبە یاساغەکانی پاریسدا هەڵگیرا بەو مەبەستەی ببێتە بەدیلێک بۆ سیستەمە دونیاییەکەی نیوتن کە هێدی هێدی لە فەرەنسا لە نێو خەڵدا برەوی پەیداکردبوو.

لە ناوەڕۆکدا فەلسەفەی سروشتی دێکارت سەرتاپا دژی ئەو دونیابینیە تەقلیدیە بوو کە لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای تیوری ئەرستۆیی دروستبووبوو. لە سیستەمەی دێکارتدا مەخلوقاتی مادی وەک ماشێن وەهان و هەر هەموویان ملکەچی هەمان یاسای میکانیکین، بەدەنی ئنسان هیچی کەمتر نییە لە گیاندار و رووەک و سروشتی نائۆرگانیکی تر. بەمجۆرە لەگەڵ چەمکە تەقلیدییەکەدا، دێکارت ئەوەی راگەیاند کە سروشت بە تەرزێکی هەڕەمی نیزامییە، ئەو ئایدیایەی گوایە کە هەرچی زیندەوەر و کائینات هەیە کە دونیایان تەنیوە و لە ژمارەیەکی زۆر مەخلوقات پێکهاتوون، لە بناواندا دەگەڕینەوە بۆ کەماڵترین کائین، کە ئەویش ئیلاهییە، لە سیستەمی گەردوندا، لە هەڕەمی ژیری فریشتەییەوە هاتوون یان بڵێین دابەزیون بۆ پلەکانی تری وەکو ئنسان، گیانداران، رووک و و هەموو کانزاکان لەسەر عەرد. لای دێکارت دونیای فیزیکی و ئۆرگانی سیستەمێکی میکانیکی چوونیەک بووە و لە رووی خاسیەتەوە یەکەی هاوشیوە بوون، هەر یەکەیان بۆ خۆی وەدوی یاسایەکی میکانیکی چەندایەتی کەوتووە و ئنسان دەتوانێت بە هۆی شیکاری میتۆدی ماتماتیکییەوە واڵایان بکات و لە پەنهانییان تێبگات. دونیا لە تێکەڵەیەکی پارسەنگ دروست نەبووە، هەروەک فەیلەسوفە پسپۆڕەکان بۆی دەچوون، بەڵکو پێکهاتووە لە یەکەی جیاوازی نیزامی، هەریەکەیان ئاستی خۆی لە نیزامی کۆزمییدا بە هۆی شیکاری پوختی چەندایەتی لە پۆلێنکردندا دەدۆزێتەوە، ئەویش لە رێگای ئەو جۆرە رۆحەی لە خۆیدا هەڵیگرتووە، رووەک، گیانەور، یاخود ژیر و ئەقڵانی. جگە لە دونیای میکانیکی، لای دێکارت دونیایەکی رۆحیش بوونی هەیە کە ئنسان بە تەنها لە دونیای مادیدا بە فەزیلەتی رۆحی جیادەکرێتەوە. هەر کە فەلسەفەی کارتیزیانی پێی خۆی لەسەر ئەرزی واقیع مەحکەمکرد، دونیابینی تەقلیدی، کە دەڵێت دونیا لە پێوەرێکی ستونی کائینات دروستبووە، هێدی هێدی ئاوابوو، چەمکی ئەو دونیایە جێگای گرتەوە کە دەڵێت گەردون لە دوو روتەختی ئاسۆیی پێکهاتووە، یەکێکیان میکانیکی و ئەوی تریان رۆحییە، ئنسان تەنها مەخلوقە کە هەردوکیانی لەخۆدا هەڵگرتوە یان بەرجەستەکردووە. لە سەردەمی دێکارتەوە ئەم جۆرە دوالیزمە(دوانەییە) لە هزری ئەوروپیدا شتێکی بنەڕەتییە.

بەر لە سەردەمی هاوچەرخ، خەڵک وا تەسەوری دەکرد کە کارکردنی دونیای سروشتی زیاتر مەحکومە بە دیزاینێک کە ئیرادە و مەبەستی رۆحێکی کامڵ و بەرز لەخۆدەگرێت وەک لەوەی ملکەچی یاسایەکی سروشتی و هێزیکی میکانیکی بێت. لای دێکارت یاسا حوکمی سەرتاپای سروشت دەکات و ئەم یاسایانەش بریتین لە پرینسپەکانی میکانیک. رێساکانی سروشت، لای وی، رێساکانی میکانیکن. دێکارت، لە هەقیقەتدا یەکەم کەس بوو کە بە شێوازێکی یەکانگیری زاراوە و چەمکی یاسای سروشتی بەکارهێنا کە وەکو هەموو یاسایەک ئیشارە بێت بۆ هەموو یاسایەک لە کۆمەڵگەدا پراکتیزە دەکرێت و شرۆڤەی خۆی هەیە. یۆنانییە کۆنەکان بە دەگمەن رستەی وەکو ‘یاساکانی سروشت’یان بەکارهێناوە. ئەو رێسا چەندایەتییەی دۆزیویانەوە پێیان گووتووە ‘پرینسپەکان’، بۆ نمونە، پرینسپی نوێڵ، یان پرینسپی سەرئاوکەوتنی تەنەکان، کە هەردوکیان لە ئەسڵدا لە لایەن ئەرکەمیدسەوە دۆزرانەوە. گالیلۆ رێسا پرینسپە چەندایەتییەکانی خۆی ناونا ‘رێژەکان’، ئەمە هەرچەندە لە تەرجومە ئنگلیزییەکەی کتێبی ‘دوو زانستی نوێدا’، ئەم وشانە بە یاسا تەرجومەکراون. پرینسپی سرەوتن (inertia) لای گالیلۆ هەر هەمان یاسای یەکەمی جوڵەیە لای نیوتن. نیوتن زۆر بە ئازادانە وشەی یاساکانی سروشتی بەکارهێناوە، بە تایبەت لەو سەردەمەدا تەواو بڵاوبوو، هەرچەندە رۆبێرت بۆیڵ ئەمەی رەتکردەوە، ئەویش لەسەر ئەو بنەمایەئ کە زاراوەکە شیاو نیە و زیاتر گوزارشتێکی رەمزییە.

لای دێکارت خودا بە یاساکانی سروشت حوکمی سەرتاپای گەردون و دونیا دەکات، ئەو یاسانەی هەر لە سەرەتاوە قەراریان لەسەر دراوە. هەر کە خودا گەردونی ئەفراند، ئیتر بە هیچ جۆرێک دەستوەردانی لە کارکردنی ماشێنەکەدا نەکردووە کە خۆی دروستیکردووە. ئەو بڕە مادە و بڕە جوڵەیەی دونیا نەگۆڕ و ئەبەدییە، بە هەمان شێوە ئەو یاسایانەش کە خودا خۆی لە ئەوەڵەوە لە سروشتدا دایڕشتوون. لە رۆژگاری چەرخەکانی ناوەڕاستدا خەڵک وا بیری دەکردەوە کە خودا رۆژانە رۆڵی هەیە لە بەڕێوەبردن و کارپێکردنی گەردوندا، هەر خۆی بە شێوازی هەڕەمییانە ئەرکەکانی بە مەخلوقاتی فریشتەیی سپاردووە کە ئاژووی تەنەکانی ئاسمان دەکەن لە رەوتەکەیاندا و رۆژانەش چاودێری و رێنمایی جوڵەی روداوەکانی سەر عەرد دەکەن. ئەو کاتە، ئەو شتانەی رویاندەدا پێگەی سەرنجی قووڵ بوون، بۆ نمونە موعجیزە، یاخود کارەساتە پڕ ئاشوبەکانی وەکو دەرکەوتنی کلکدارەکان لە فەزادا، کە خەڵک زۆربەی زۆری وایان دەزانی هۆکەی دەگەڕێتەوە بۆ دەستوەردانی ئیلاهی یان شەیتانی لە کاروباری ئاسایی رۆژانەی پرۆسەی جوڵەی کۆزمۆییەوە. ئنسانی سەدەی هەڤدەیەم، لە لایەکی ترەوە، هۆگری بەڕێوەبردنی روداوە ئاساییەکانیان بوون، بۆ نمونە رێگای قانونی کارکردن چۆنە. روداوی ناسایی وەکو ئەستێرەی نۆڤای (سوپەرنۆڤا) ساڵی 1572 و کلکدارەکەی 1577  پرسی زانستی بوون زیاتر وەک لەوەی دەرسی بابەتی تیۆلۆژی بن و سەرەنجامیش بوو بە هۆی دەستبەرداری ئنسان لەو سیستەمە تیورییانەی کە توانستی تەفسیرکردنی زانستییانەی دیاردەکانی نەبوو.

مێژوونوسی[iv] ئایدیای ‘یاساکانی سروشت’ پێشنیازی ئەوەی کردووە کە زاراوەکە لە سەرچاوەی سەرەکییەوە هاتووە: یەکەم، لەو مورادیفەوە کە بەندە لەسەر پراکیتیکی دەوڵەتی مەدەنی بەو یاسا واقیعییانەی کە پادشای خاوە دەسەڵاتە رەهاکانی سەدەی شازدە و هەڤدە پێشکەشیان کردوە، دووەمیش ئەو چەمکە جووییەی(ئایینی یەهودی) لە نێو مەسیحییەتدا هەیە بەرانبەر بە خودا وەک یاسانووسی ئیلاهی گەردون کە ئەمیش لە ئەسڵدا لە حوکمڕانە زاڵمەکانی بابلییەکانەوە هاتووە. وشە یان زاراوەی ،یاسای سروشت’ لە زەمەنی کۆندا بە بەردەوامی لە لایەن قوتابخانەی فەلسەفی ستۆیکەکانەوە بەکارهاتووە، کە ئەمانیش لە بناواندا لە ژێر کاریگەری ئایدیای بابلییەکان، بە تایبەتی ئەسترۆلۆژی، کە لە قۆناغی دەسەڵات-رەهایی کۆندا باڵادەست بوو، قوتابخانەکە لە سەردەمی ئەسکەندەری گەورەدا سەریهاڵدایەوە و لە سایەی ئیپراتۆرەکانی رۆمانیشدا گەشەیکردەوە. لە چەرخەکانی ناوەڕاستدا، زاراوەکە زۆر لە نێوەندەکاندا برەوی نەبوو و بەکارنرهێنرا، بەڵکو کۆمەڵگای مەدەنی زیاتر بە شێوازی کڵتوری فەرمانی پێدەدرا وەک لەوەی بە یاسای پۆزەتیڤی بڕوات بە ڕێوە، بۆ نمونە پادشا نوێنەری دەسەڵات و فەرمانڕەوای خۆی دەناردە نێو هەرێمە جیاوازە دەربەگایەتییەکانەوە و هەر هەرێمێک لە چوارچێوەی ئەرک و کڵتو ر و نیزامی خۆیدا یاساکەی گەڵاڵەدەکرد. پادشاکانی سەدەی شازدە و هەڤدە دەسەڵاتی فەرمانڕەواییان زۆر بە قودرەتتر و هەیبەتی زۆر زیاتربوو، هەموو بەندەکانی خۆیان بە یاسای نیزامی بنەڕەتی دەچەسپاند و راڤەدەکرد کە خۆیان دایانڕشتبوو.

لە نیوەی دووەمی سەدەی شازدەدا، جین بۆدین هانی پەرەپێدان و گەشەکردنی حکومەتی مەدەنی دا کە نیزامی بنەرەتی لەخۆبگرێت، ئەمە سیاسەتێک بوو بە فراوانی لە فەرەنسا، نیشتیمانی دێکارت و بۆدین خۆی، واریکرا. لەم بارەیەوە زیسێڵ دەنوسێت،” لەخۆڕا و بە رێکەوت نییە کە ئایدیای کارتیزیان لەمەڕ خودا وەک داڕێژەری یاسای گەردون تەنها چل ساڵ دوای تیورییەکەی بۆدین لەمەڕ تیوری هەیمەنەت پەرەی سەند”، پێدەچێت دیسانەوە مەسەلەکە هەروا رێکەوت نەبێت کە چل ساڵ بەر لە بۆدین کەسێکی فەرەنسی تر، بە ناوی جۆن کاڵڤنەوە، لە کایەی تیولۆژیدا، سەرقاڵی داڕشتنی پرۆژەیەک بوو کە چەمکی خودا حاکمی رەهای گەردونە خودا خۆی هەموو یاساکانی لەسەرەتاوە نوسییوە و بەڕێوەبردووە. هەروەک دەبینین، لە نێوان بەها کۆزمۆییەکانی کاڵڤینستەکان و ئەوانەی رابەرانی شۆڕشی زانستی وێکچوونی بەرچاو هەبوو. لەوەش زیاتر فەلسەفەی کارتیزیانی مەیلی بە کاڵڤنیستەکان هەبوو کە حەزیان لە زانست بوو. لە سەدەی هەڤدەهەمدا تیورییەکانی دێکارت لە زانکۆی هۆڵەندی کاڵڤێنستی و کامبریچ دەخوێندران و قوتابیان فێری دەبوون، ئەم دوو زانکۆیە زیاتر پیوریتانی[v] بوون، ئەمە لە کاتێکدا لە فەڕەنسا بە شێوەیەکی بەرچاو لە لایەن یانسێنیستەکانەوە پشتگیری دەکران، کە کاڵڤینی بوون لە نێو مەزهەبی کاتۆلیکیدا. فەلسەفەی دێکارت لای تیولۆژیستە کاتۆلیکەکانی سەدەی هەڤدەهەم شتیكی مەحبوب نەبوو چونکە بە تەرزێکی کاریگەرانە رەقیبی سیستەمی ئەرستۆیی دەکرد، لای هەموان ئاشکرایە کە کۆزمۆلۆژیای ئەرستۆیی فۆرمێکی بە تیۆلۆژیای کاتۆلکیکەکان بەخشی و لە ئایینی مەسیحییەتدا خۆی بەرجەستەی کرد. دێکارت بەدیلێکی(ئەڵتەرنەتیڤ) بونیاتنەرانەی بۆ هەر یەکە لە میتۆد و کۆزمۆلۆژیای ئەرستۆیی پشکەشکرد، ئەمە لە کاتێکدا لەوانەیە لە ئەرستۆ خۆی کەمتر سەرکەوتوو بووبێت، چونکە نەیتوانی هەموو شەپۆلە رۆشنفکرییە نایابەکانی فەلسەفەی سروشتی سەردەمەکە لە یەک رێباز یان بۆتەدا کۆبکاتەوە و یەکبخات. بەیکن چەمکی میتۆدێکی زانستی تری خستەڕوو، ئەمە لە کاتێکدا گالیلۆ و کێپلەر، هەر یەکەیان، بێگومان بە بابەتی خۆی، میتۆدێکی ماتماتیکی تۆکمەیان بۆ زانست خستەڕوو. لەوەش زیاتر، نیوتن کە دوای دێکارت هات، مەبەستی بوو جوانترین دوا سیستەمی دونیا پێشكەش بکات، ئەویش دوای خستنەگەڕی میتۆدی گالیلۆ زیاتر وەک لەوەی پشت بە دێکارت ببەستێت.

بە دەستکارییەوە:

A History of the Sciences by Mason, Stephen F. (1962) Paperback

[email protected]


[i] لێرەدا حەزدەکەم ئیشارە بدەم بە دید و تێڕوانینی فەلسەفی – زانستی نیوتن و خوێنەریش خۆی بەراوردی بکات لەگەڵ دێکارتدا. لای نیوتن خودا زەمەن و فەزای بونیاتناوە، تیورییەکەشی کە دەڵێت ناوەندێکی مەندی ئیسەری سەرتاپای گەردونی داپۆشیوە، فەرزییەکانی کاریگەرییان کردووەتە سەر زانستەکەی و بەرجەستەیان کردووە. فەرزییەکانی رێنماییان کردووە ئەو گریمانەیە گەڵاڵە بکات کە زەمەن، فەزا و جوڵە چەندایەتی رەهان و لە بنەڕەتدا بە گەڕانەوە بۆ سەرچاوەیەک یان ژێدەرێک، کە لە گەردوندا جێگیرە و ناجوڵێت، دیاری دەکرێن. لای نیوتن ئەو یەکانەی ناجوڵێن و وەستاون تەنها خودایە، هەر خۆی زەمەن و فەزا و ئەو ناوەندە ئیسەرییەی کە سەرتاپای فەزای داپۆشیووە، داڕشتووە.

[ii]  ئاکزیۆم یان ئەکسیۆم چییە؟ بریتییە لە حاڵەتێک یان دراوێک کە راستە. لە ماتماتیکدا زۆر بەکاردەهێنرێت.

[iii]  لای دێکارت پێناسی extension بریتیە لە خاسیەتی بوونی زیاتر لە یەک رەهەند، دوایی لە جەبردا فرە- رەهەندی وەها بوو بە سیمایەکی باڵادەست بە شەرتێک ئێستا  n-dimensions هەیە.

[iv]  E. Zilserl, ‘The Genesis of the Concept of Physical Law, Philosophical review, 1962, 51,245.

[v] پیوریتانەکان: بزافێکی ریفۆرمخوازی ئایینی مەسیحییەت بوو لە کۆتاییەکانی 1500 کاندا دەستی پێکرد. ئامانجی سەرەتاییان پاکردنەوە و لابردنی هەموو کاریگەرییەکی کاتۆلیکی بوو لەسەر کڵێسەی ئنگلتەرە. ئەمانە لە رۆژگاری ئەمڕۆدا، زۆریان ئیمانیان بە ئاهەنگی سەری ساڵ و بۆنە ئاینییەکان نییە و تەنانەت هەندێکیان بە هیچ جۆرێک سەیری تەلەفزیۆنیش ناکەن.

image_pdfimage_print

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *