ماڵئاوا……خۆمان

ماڵئاوا……خۆمان

دوا چاپتەری کتێبی حەوت کورتە وانە لەمـەڕ فیزیک

کارلۆ رۆڤێللی


دوای گەشتەکەمان، هەر لە بونیاتی قوڵاییەکانی فەزاوە هەتا کەنارەکانی گەردونی پەنهان، لێرەدا، بە داخستنی دەروازەی ئەم زنجیرە وانەیە، حەزدەکەم بگەڕێمەوە بۆ پرس و بابەتی خۆمان، وەک ئنسان.

ئێمە، وەک مرۆڤ، لەبەرانبەر ئەم تابلۆ مەزنە پڕ رەنگەی دونیادا، کە لە لایەن فیزیکناسانی هاوچەرخەوە ڕەنگڕێژ کراوە، خوردەبینەوە، قەراردەدەین، پێدەکەنین و دەگرین، چ رۆڵێک یاری دەکەین؟ خۆ ئەگەر جیهان بریتی بێت لە مۆڵگەیەک لە کوانتای تەمەن کورت لە فەزا و مادە، لە مەتەڵێکی ئاڵۆزی فەزا و تەنۆلکەی بەرایی، ئەی کەواتە ئێمە چین؟ ئایا ئێمەش لە کوانتا و تەنۆلکە پێکهاتوین؟ ئەگەر شتەکە وایە، ئەی کەواتە لە کوێوە هەستی بوونی تاکێتی و خودێتی نایابی خۆمان، کە هەموان دەتوانین دەرکی پی بکەین، بۆ هاتووە؟ پاشان بەهاکانمان چین، خەونەکانمان چین، هەست و نەستمان چین. ئەی ماریفەتی کەسێتیمان وەک تاک چییە؟ هەر بە ڕاست، ئێمە، لەم دونیا بێ کەنار و گەورەیەدا، چین؟

تەنانەت، لەم چەند لاپەڕەیەدا، ناتوانم تەسەوری ئەوەش بکەم کە هەر بە ڕاستی وەڵامی ئەم جۆرە پرسیارانە بدەمەوە. ئەمانە پرسیاری سەختن. لە وێنە گەورەکەی زانستی هاوچەرخدا زۆر شت هەن کە ئێمە لێیان تێناگەین، یەکێک لەو شتانەی زۆر بە کەمی لێی تێدەگەین سەبارەت بە خۆمانە.

ئێمە، واتە ‘مرۆڤ’ هەم یەکەم مەخلوق و هەم زۆرترین تێڕامان لەم دونیایە ئەنجام دەدەین؛ دروستکەری هاوبەشی ئەو فۆتۆگرافەی واقیعین کە دەمەوێت بیهۆنمەوە. ئێمە خاڵەکانی تۆنی ئاڵوگۆڕ و پەیوەندین( ئەم کتێبەی لە بەر دەستدایە نمونەیەکە)، کە بە هۆیەوە وێنە، ئامراز، زانیاری و ماریفەت ئاڵوگۆڕدەکەین.

بەڵام لە هەمان کاتدا، یان هەروەها، بەشێکی تەواوکەری ئەو جیهانەین کە تەسەوری دەکەین؛ خۆمان چاودێری دەرەکی نین، بەڵکو لە نێویداین. دیدمان لە هەمبەر ئەم دونیایە، لە نێو دڵییەوە هەڵقوڵاوە. لە هەمان ئەو ئەتۆم و هەمان ئەو تیشکی روناکییە دروست بووین کە لە نێوان داری سەروی چیاکان و ئەستێرەکانی نێو گالاکسییەکاندا دێن و دەچن و ئاڵوگۆڕدەکەن.

وەک چۆن ماریفەتمان گەشەی کردووە، ئاواش فێربووین کە بوونمان تەنها بەشێکە لە گەردون و بەشێکی بچکۆلەیە لە گەردون.

ئەوە بۆ چەندەها سەدە دەچێت ئەمە زیاتر ئاشکرا بووە، بەڵام لە سەدەی ڕابردودا (سەدەی بیستەم) شتەکە لەبەرچاوتر بووە. باوەڕمان وا بوو ئەو هەسارەیەی لەسەری دەژین چەقی گەردونە، بەڵام وا دەرنەچوو. وامان زانی ئێمە لەم گەردونەدا، مەخلوقێکی نایابین، رەگەزێکین لە ئاژەڵ و ڕوەک جوداین ، کەچی دوایی دەرکەوت کە بنەچەمان دەگەڕێتەوە بۆ هەر هەمان خێزان، وەک هەر مەخلوقێکی زیندوی تر کە لە هەمان دەوروبەری ئێمەن. باپیرانمان لەگەڵ پەپولە و سنەوبەردا بنەچەی هاوبەشیان هەیە. وەک منداڵی تەنها وەهاین، کە گەورە دەبین بۆمان دەردەکەوێت کە دونیا بەدەورماندا ناسوڕێتەوە، ئەوە تەنها فکرەیەکی منداڵانە بووە. پێویستە فێربین کە یەکێکین لە هەموان و بەشێکین لەوان. دەبێ وەک ئاوێنە سەیری ئەوان بکەین، دەبێت فێربین کە ئێمە کێین!

لە قۆناخی گەورەی ئایدیالیزمی ئەڵمانیدا، شێڵینگ وەها بیری کردەوە کە مرۆڤایەتی بریتییە لە لوتکەی سروشت، بەرزترین نوقتەیە، کە تێیدا واقیع دەبێتە خاوەن هۆشی خۆی. لەمڕۆدا، ئەم ئایدیایە، کە بەرهەمی گۆشەنیگای ماریفەتی هەنوکەییمانە لە هەمبەر دونیای سروشت، زەردەخەنە دەخاتە سەر لێوانمان. ئەگەر تایبەت بین، ئەوە تایبەتییەکە تەنها بەو جۆرەیە کە هەر کەسە و بۆ خۆی هەستی پێدەکات، هەروەک چۆن هەموو دایکێک تایبەتە بۆ منداڵەکەی. بە دڵنیاییەوە تایبەت نین لە بەرانبەر هیچ شتێکی تری سروشت.

لە نێو ئەم دەریا گەورە پڕ گالاکسی و ئەستێرانەدا، ئێمە لە گۆشەیەکی دورەدەستداین، لە ناوەڕاستی ئەم زەغرەفە ناکۆتا پڕ فۆرمانەدا کە واقیعیان پێکهێناوە، بەڵێ لە نێو ئەم ژمارە بێشومارەی گەشەکردوانەدا، ئێمەش گەشەدەکەین.

ئەو وێنانەی گەردون لە ناوەوەی خۆماندا، لە فەزای خەیاڵاتماندا بوونیاتیان دەنێین. لە نێوانی ئەم وێنە و سیمایانە – لە نێوان ئەوانەدا کە بە هۆی توانستی دیاریکراومانەوە، دەتوانین بنیاتیان بنێین و و لێیان تێ بگەین- و ئەو واقیعەی بەشێکین لێی، کۆمەڵە فیلتەرێکی بێشومار هەن کە بریتین لە: جەهالەت، قودرەتی سنورداری هەستمان و ژیرییمان. ئەمانە هەر هەمان ئەو حاڵەتانەن کە سروشتی خۆمان وەک شتگەلێک، شتگەلێکی تایبەت بەسەر خبرە و ئەزموندا فەرزی دەکەن.

ئەم حاڵەتانە، یان هەلومەرجانە، بەو جۆرەی کانت وێنای دەکردن گەردونی نین – لەمەوە ئەوە کورت دەکەینەوە ( بەو هەڵە ئاشکرایانە) کە سروشتی فەزای ئەکلیدسی و تەنانەت میکانیکی نیوتنیش، پێویستە هەقیقەتی پێشینەیی یان پێشوەخت بن. ئەمانە پاشوەختەی (یان پاشینەیی posteriori ) پەرەسەندنی ئەقڵی جۆریتی ئێمەی مرۆڤن لە پرۆسەی پەرسەندنماندا و پرۆسەی پەرەسەندنەکەش هەر بەردەوامە. ئێمەی مرۆ، نەک هەر فێردەبین، بەڵکو فێردەبین کە هێدی هێدی گەڵاڵە و چوارچێوەی تێگەیشتنی خۆمان بگۆڕین و جگە لەوەش فێردەبین کە خۆشمان بگونجێنین. ئنجا فێربوونی ناسینەوەی شتەکان، بێگومان ئەمە بە ئارامی و بە گومان و دودڵییەوە فێردەبین، بریتییە لە سروشتی ئەو دونیا واقیعییەی کە بەشێکین لێی. ئەو سیما و وێنانەی لەمەڕ گەردون بونیاتیان دەنێین، لەوانەیە لە ناوەوەی خۆماندا، وەک شێوەی فەزای چەمکی، بژین، بەڵام لە هەمان کاتدا، کەم تا زۆر، وەسفی ئەو دونیا واقعیەش دەکەن کە بەشێکین لێی. ئێمە وەدوی ڕوناکی دەکەوین بۆ ئەوەی باشتر وەسفی جیهان بکەین. 

کاتێک باس لە بیگ–بانگ یان پێکهاتەی فەزا دەکەین، ئەوەی کە دەیکەین بریتی نییە لەو بەردەوامیدان بەو داستانە ئازاد و قەشەنگانەی کە سەدان هەزار ساڵە خەڵکان لە گوێ ئاگرداندا شەوچەرەی خۆیانی پێ خۆش دەکەن. بەڵکو بریتییە لە بەردەوامی شتێکی تر: بریتییە لە دیقەت و وردبونەوەی هەمان ئەو خەڵکە، لەگەڵ کازێوەدا و گەڕان لە دوی شوێن پێی ئەو ئاسکانەی لە نێو خۆڵەکانی ساڤانادا لە دوی خۆیان جێیان هێشتووە، پشکنین و کورتکردنەوەی تەفسیڵات و وردەکاری ئەو واقیعە، ئەویش لە پێناوی گەڕان لە دوی شتێک کە راستەوخۆ توانای بینینیمان نییە، بەڵام دەتوانین وەدوی شوێن پێیان بکەوین. لەو پێگەوە کە عادەتەن دەشێت هەڵەبین و پاشانیش هەر کاتێک کە ئەسەرێکی تازە هاتە بەردەممان، ئەوا ئامدەبین بۆ گۆڕینی ئاراستەکەمان، بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین و لەبەرچاومان بێت ئەگەر بە تەواوی باش بین، ئەوا هەڵە ناکەین و ئامانجەکەمان، کە لە دوی عەوداڵین، دەدۆزینەوە. ئەمەیە سروشتی زانست.

چەواشەبوون لە نێوان ئەم دوو چالاکییە فرە چەشنە مرۆییەدا – واتە هۆنینەوەی داستان و وەدوکەوتنی ئەسەرەکان بە مەبەستی دۆزینەوەی شتێک – بریتییە لە بناوانی تێنەگەیشتن و نامتمانەیی ئەو زانستەی لە لایەن بەشێکی گرنگی کڵتوری هاوچەرخەوە نمایش دەکرێت. جیاکردنەوەکە بە جۆرێک قوڵ و وردە کە: ئەو ئاسکەی دوێنی لە بەربانگدا ڕاوکرا، هیچ جیاوازییەکی نییە لەو ئاسکە ئیلاهییەی شەوی ڕابردو لە داستانەکەدا باسکرا.

سنورەکە لێڵە. ئەفسانە زانست بەپیت دەکات و زانستیش ئەفسانە دەوڵەمەند دەکات. بەڵام بەهای ماریفەت هەر دەمێنێت. ئەگەر ئاسکەکە بدۆزینەوە دەتوانین بیخۆین.

سەرەنجام، ماریفەتمان ڕەنگدانەوەی ئەم دونیایە دەبێت. ئەمە، کەم تا زۆر، بە باشی ڕودەدات، بەڵام ڕەنگدانەوەی ئەو دونیایەیە کە تێیدا دەژین. ئەم ئاڵوگۆرە زانیارییەی نێوان خۆمان و دونیا بریتی نییە لەو خاسیەتەی ئێمە لە باقی سروشت جودابکاتەوە. هەموو شتەکان بە بەردەوامی لەگەڵ یەکتر کارلێکدەکەن و بەم کارەش هەر یەکەیان ئەو ئەسەرە هەڵدەگرن کە دەرەنجامی کارلێکردنەکەیە: بەم واتایە هەموو شتەکان بە بەردەوامی ئاڵوگۆری زانیاری لەمەڕ یەکتر دەکەن.

ئەو زانیارییەی سیستەمێکی فیزیکی لەمەڕ سیستەمێکی تر هەیەتی هیچ پەیوەندی ئەقڵی یان خودی سەبارەت بە باتەکەوە نییە: تەنها تەماسەکەیە کە فیزیک لە نێوان حاڵەتی شتێک و شتێکی تردا دیاری دەکات. دڵۆپە بارانێک زانیاری لەمەڕ هەوری ئاسمان لەخۆدەگرێت و تاڵە تیشکێکی ڕوناکیش زانیاری لەمەڕ رەنگی توخمەکانی سەرچاوەی روناکییەکە لەخۆدەگرێت، ئنجا سەعاتێکش زانیاری لەمەڕ زەمەنی رۆژەکە و پاشان ڕەشەباش زانیاری سەبارەت بەو تۆفانەی بەڕێوەیە هەڵگرتووە، سەرماش زانیاری لەمەڕ بەرگەگرتنی لوتی منی پێیە و دواجاریش دی. ئێن. ئەی (DNA)ی خانەکانی بەدەنمان هەموو زانیارییەکی سەبارەت بە کۆدی جینەکانمان تێدایە( ئەوانەی کە دەبن بە هۆی لێکچونی من و دایکم و بابم)، ئنجا مێشكیش پڕبووە بەو زانیارییەی لە ئەنجامی خبرەوە کەڵەکە بووە. توخمی سەرەکی و بنەڕەتی بیرکردنەوەی ئێمە بریتییە لە کۆبوونەوەیەکی دەوڵەمەندانەی ئەو زانیارییانەی کەڵەکەبوون، گۆڕانی بەسەردا هاتووە و بە بەردەوامیش لە پەرەسەندندایە.

تەنانەت تێرمۆستاتی شۆڤاجی ماڵەکەشم ‘دەرک’ بە گەرمی ناو ماڵەکەم دەکات و ‘دەزانێت’ کاتێک کە پلەی گەرمی بەرزدەبێتەوە ئیتر خۆی دەکوژێتەوە. ئیتر باشە چ جیاوازییەک هەیە لە نێوان تێرمۆستاتەکەم و ‘دەرک’ و ‘زانینی’ خۆم کاتیک گەرم دەبێت و ئازادانە بڕیاردەدەم گەرماکە بکۆژێنمەوە یان نەء – و بزانین کە من هەم؟ چۆن ئاڵوگۆڕی زانیاری لە سروشتدا دەتوانێت ئێمە و خەیاڵات و فکرمان بەرهەم بهێنێت؟

کێشەکە بە فراوانی کراوەیە و چەندە چارەسەری نایابیش لە حاڵی حازردا لە ژێر پرۆسەی گفتوگۆدایە. من، باوەڕم وایە ئەمە یەکێکە لە بەرە هەرە سەرنجڕاکێشەکانی پێشەوەی زانست کە بەرەوپێشچونی گەورە لە پرۆسەی دروستبون لە ئارادایە. لە رۆژگاری ئەمڕۆدا، گەلێک ئامرازی نوێ بوارمان بۆ دەڕەخسێنن کە سەرنج بدەینە چالاکییەکانی مێشک کاتێک لە کارکردن و چالاکیدایە، نەخشەی تەفسیڵاتی تۆڕە خێراکانی بە وردییەکی نایاب بکێشین. لەم دواییانەدا، لە 2014 دا، خەبەر بڵاوبووەوە کە یەکەم نەخشەی کامڵ و وردەکاری بونیانی مێشکی شیردارێک ئەنجامدرا و بەدەستهات. لە ئێستادا گەلێک ئایدیای دیاریکراو لە قۆناغی تاووتوێ و گفتوگۆدایە، وەک چۆن فۆرمی ماتماتیکی ئەم بونیاتانە مورادیفی ئەزمونی خودی شعور و هەست و نەستن، ئەمە نەک هەر لە لایەن فەیلەسوفانەوە، بەڵکو لە لایەن دەمارناسانیشەوە تاووتوێ کراوە.

من سەرتاپا جەستەی خۆمم، هەروەک سپینۆزا جەختی لەسەر دەکرد، بەو هەموو چڕی و ئاڵۆزییە جیانەکراوەی لە مێشک و دڵمدا ڕودەدات و دێت و دەچێت، خۆمم.

وێنە زانستییەکانی ئەو دونیایەی ئەم لاپەڕانەم پێ ڕازاندوەتەوە، لەگەڵ ئەقڵ و هۆشماندا ناتەبا نین. لەگەڵ بیرکردنەوەی ئێمە، لە ڕوی ئاکار و سایکۆلۆژییەوە، یاخود لەگەڵ هەست و عەتفماندا ناتەبا نین. ئەم دونیایە ئاڵۆزە، بە زمانی جیاجیا مامەڵەی لەگەڵدا دەکەین، بە جۆرێک هەر یەکەیان گونجاوە بۆ ئەو پرۆسەیەی وەسفی دەکەین. دەشێت هەموو پرۆسەیەکی ئاڵۆز بخرێتە بەرباس و بە زمان و ئاستی جیاجیا لێیان حاڵی ببین. ئەم فرە زمانییە کار لە یەکتر دەکەن و تێکەڵ بە یەکتردەبن، لێک دەئاڵێن و کاتێک ئەم دیو و ئەو دیو دەکەن، هەروەک پرۆسەکان، یەکتر تۆکمەتر و پتەوتر دەکەن. ئێمەی مرۆ، بە هۆی تێگەیشتن لە بایۆکیمیایی مێشکمان، دەتوانین خوێندنی سایکۆلۆژییەتی خۆمان کامڵتر بکەین. هەروەها دەتوانین خوێندنی فیزیکی تیوریش بە هۆی ئەو سۆز و جۆش و خرۆش و حەنانەوە دەوڵەمەند بکەین کە جوڵە بە ژیانمان دەبەخشن.

بەها ئاکارییەکانمان، سۆز و عەتفمان، خۆشەویستیمان بەشێکی واقیعیین و بەشێکی کەمیش نین لە سروشت، لەگەڵ دونیای گیانداراندا هاوبەشین، یاخود ملکەچی ئەو پەرەسەندنەین کە جۆری کائنی ئێمە، وەکو ئنسان، بە ملیۆنان ساڵدا تێپەڕیوە. وەک دەرەنجامێک، ئەمە زۆر بەهادارترە: ئەمە ڕاستییە. ئەو واقیعە ئاڵۆزەن کە ئێمەی لێ دروست بووین. واقیعی ئێمە، ئەسرین و پێکەنینە، بەخشین و قوربانییە، دڵسۆزی و خیانەتە، ئەو ڕابردوەیە کە هەمیشە وەدوی خۆمان و ئارامیمان دەکەوێت. واقیعەکەمان لە کۆمەڵەکانمان دروستبووە، لەو عەتفە دروستبووە کە ئیلهامەکەی مۆسیقایە، لە تۆڕی دەوڵەمەندی لێک ئاڵاوی ماریفەتی هاوبەش، کە هەموو پێکەوە بونیاتمان ناوە، دروستبووە. هەموو ئەمانە بەشێکن لەو ‘سروشتە’  هەمان – خودییەی کە ئێمە وەسفی دەکەین. ئێمە بەشێکی تەواوکاری سروشتین، ئێمە سروشتین، یەکێکین لەو ژمارە بێشومار و ناکۆتا گوزارشتانەی سروشت خۆی کە لە گۆڕانداین. ئەمە لە ئەنجامی هەمیشە زیادبوونی ماریفەتمان لەمەڕ شتەکانی ئەم دونیایەوە فێربووین.

ئەو سیمایانەی بە تایبەت ڕوخساری ئنسانیمان پێدەبەخشن، ئەوە ناگەیەنێت کە لە سروشتمان جودادەکەنەوە؛ بەڵکو ئەوە خۆی بەشێکە لە هەمان – خودی سروشت. ئەوە فۆرمێکە کە سروشت خۆی لەسەر روی ئەم هەسارەیە، بە جۆرەها شێوەی ناکۆتا و یەکخستنی پارچەکانی و بەیەکداچونی کاریگەرییانە و ئاڵوگۆڕی هاوکاری و زانیاری، بنیاتیناوە. کێ دەزانێ، چەندە ئاڵۆزی لە ئاسابەدەر و سەیر بوونی هەیە، فۆرمی بوونەکەیان بە جۆرێکە کە بۆ ئێمەی مرۆ مەحاڵە لە فەزای بێ سنوری کۆزمۆدا تەسەوری نەکەین ….ئەگەر سەرمان بۆ ئاسمان بەرزبکەینەوە، بارتەقای فەزا، ئەمەندە فراوانە، پانتایی ئاسمان ئەوەندە گەورەیە، کە هەست دەکەیت شتێکی منداڵانەیە ئنسان بیربکاتەوە کە شوێنێک، گۆشەیەک، لەم گەردونە پان و بەرینەدا هەبێت کە هەم مەوقیعەکەی و هەم خۆی شتێکی زۆر تایبەت بێت. ژیان لەسەر روی عەرد خۆی، ئەگەر بەراورد بکرێت لەگەڵ ئەوەی چی لە گەردوندا دەگوزەرێت، ئەوە تەنها چێژێکی زۆر بچکۆلە پێشکەش دەکات، رۆحی خۆمان بەسە وەک نمونەیەکی بچکۆلە باسی بکەین.

ئێمەی مرۆ، جۆرە ڕەگەزێکین بە تەبیعەت فزولیەت دەمان جوڵێنێ، تەنها جۆری مەخلوقێکین، لە گروپێکی دوانزە کائیندا ماوین کە هەر هەموویان وەک یەک فزولی بوون. جۆرەکانی تری ئەم گروپە زۆر لە مێژە لەناوچوون، هەندێکیان، بۆ نمونە، نیاندەرتاڵەکان، سی (30) هەزار ساڵێکە مەحپ بوونەتەوە. ئەمانە گروپێک بوون لە ئەفەریقاوە پەرەیان سەندووە و نزیک بوون لە مەیمونی شیمپانزی شەڕانگیز و تەنانەت زیاتریش نزیک بوون لە بۆنۆبۆسەوە (کە جۆرە شیمپانزییەکی ئەفەریقی دەموچاو ڕەش و قژ ڕەشن، لە جەنگەڵە چڕەکانی کۆنگۆ هەن، زانایانی پەرەسەندن باوەڕیان وایە کە نزیکترین مەخلوقە لە ئنسانەوە.)، ئەمانە مەیلی شەڕیان نییە و هەمیشە بە ئاشتی وەک کۆمەڵگە پێکەوە دەژین و عادات و ڕسوماتی خێزاندارییان هەیە، روخۆش و یەکسانییەک لە نێویاندا بەرقەرارە. گروپێکن چەندین جار، بە مەبەستی گەڕان لە دوی دونیای نوێ، لە ئەفەریقاوە کۆچیان کردووە و دورکەوتونەتەوە: تەنانەت گەیشتونەتە شوێنی وەک ئەمەریکای لاتین لە پاتاگۆنیا، لە ئەرجەنتین.

مەخلوقێک فزوڵی بێت، ئەوە ناگەیەنێت کە دژ بە سروشتە: لە هەقەتدا ئەوە لە تەبیعەتماندایە کە فزوڵی بین.

سەد هەزار ساڵ بەر لە ئێستا ئەم جۆرە رەگەزەی ئێمە ئەفەریقای جێهێشت، دوور نییە ئەم سروشتە فزولییە، وەک مەخلوقێک پاڵی پێوە نابێت بۆ ئەوەی کۆچ بکات و فێری ئەوە بووبێت کە زیاتر هەنگاوبنێت و بکەوێتە گەڕان. شەوانێک ئەفریقایان جێهێشتوە، بیردەکەمەوە و دەڵێم تۆ بڵێیت یەکێک لەم باوانە دورانەمان، سەریان بۆ ئاسمان بەرزکردبێتەوە، سەیری بارتەقای فەزای فراوانیان کردووە و وردبوونەتەوە و بە ئاراستەی باکور دەستیان کردووە بە کۆچ ، لە سروشتی شتەکان خوردبوونەتەوە، هەر هەمان فزولیەت هانیداون.

من باوەڕم وایە ئەم جۆرە ڕەگەزەی ئێمە، هەروا بەمجۆرە بەردەوام نابێت و نامێنێتەوە. بۆ نمونە، پێناچێت، ئەم مەخلوقە ئنسانییە، لە هەمان ئەو توخمە پێکهاتبێت کە کیسەڵی لێ دروستبووە و مۆڵەتی بەخشیوە بەم گیانەوەرە کە سەدان ملیۆن ساڵ، کەم و زۆر، بە بێ گۆڕان لە هەبوون بەردەوام بووە، کە ئەمەش سەدان جار لە ئێمە زیاتر بەردەوام بوون. ئێمەی مرۆ دەچینە خانەی ئەو جۆرە رەگەزە مەخلوقانەوە کە تەمەن–کورتن. هەموو ئامۆزاکانمان لە مێژە لەناوچوون. لەوەش زیاتر، ئێمە هۆکارێکین بۆ لەناوبردن، چونکە ئەو گۆڕانکارییە دڕەندەییەی لە کەش و هەوادا دروستمان کردووە و گرتومانەتە بەر، زەحمەتە یارمەتیمان بدەن بۆ مانەوەمان. ئەمە بۆ زەوی لەوانەیە هەڵەیەکی بچوکی بێ پەروا بێت، بەڵام من وەهای بۆ ناچم کە فەرامۆشکردنی ئەم پرسە بێ ئازار و بێ برینێکی قوڵ بێت، بە تایبەت کاتێک کە دەبینین، هەم خەڵکی عام و هەم سیاسەتمەداران ئەو خەتەرە فەرامۆش دەکەن، خۆیانی لێ دەدزنەوە. پێدەچێت، ئێمە تاکە جۆری مەخلوق بین لەسەر ڕوی ئەم عەردە کە دەرک بە حەتمیەتی مەرگی تاکێتی خۆمان بکەین. مەخابن، لە دوارۆژێکی نزیکدا، بە هەمان شێوە دەبین بە تەنها جۆری مەخلوق کە مردنی خۆمان بە کۆمەڵ دەبینین، یان هەر هیچ نەبێت دەبینە شاهیدی لەناوچون و هەرەسهێنانی شارستانیەکەمان.

هەروەک هەمومان دەزانین کە چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ مەرگی کەسێتی خۆمان وەک تاکە کەس بکەین، ئەوا پێویستە لە ئایندەدا فێربین چۆن مامەڵە لەگەڵ داڕمانی شارستانییەکەماندا بکەین. هیچ جیاواز نییە، بە دڵنیاییەوە ئەوە یەکەم جار نابێت کە ڕوبدات. هەر یەک لە شارستانیەتی مایا و کرێتییەکان، دو نمونەن لە نێو چەندەها نمونەدا، کە وەک واقیع چارەنوسەکەیان بەو جۆرە بووە. ئێمەش، هەر وەک ئەستێرەکان، لەدایک دەبین و دەمرین، هەم وەک تاکە کەس و هەم وەک کۆمەڵیش. ئەمە واقیعەکەمانە، ژیان شیرینە، چونکە تەمەنمان کورتە. هەروەک لیوکرێتیەس نوسیویە و دەڵێت: ‘ شەهیەمان بۆ ژیان گەورەیە، تینویەتیمان بۆ ژیان بێ ئەندازەیە.’ بەڵام ئێمە، لە باوەشی ئەم سروشتەدا، کە خەڵقی کردوین، غەرق بووین و رێنماییمان دەکات، لە نێو ئەم دوو دونیایەدا، مەخلوقی بێ ماڵ و دەرەتان نین، کە گیرمان خواردبێت، بەشێکی هی سروشتە و بەشەکەی تری خۆی دەست درێژدەکات بۆ شتێکی تر. نەخێر: ئێمە لە ماڵی خۆمانداین.

سروشت ماڵی خۆمانە، لە باوەشی سروشت خۆیدا و لە نێو ماڵەکەداین. ئەم دونیا سەرسام، غەریب و فرە ڕەنگە، کە لە نێویدا دەگەڕێین – فەزا وردە، زەمەن بوونی نییە و شتەکانیش لە هیچ شوێنێکدا نین- شتێک نییە کە دوچاری خۆ – نامۆبوونمان بکات لە خۆمان، ئەمە تەنها فزوڵی سروشتییمانە کە پێگەی بژێوی خۆمانمان بۆ واڵادەکات. ئێمە لە هەمان ئەو خاک و خۆڵە دروست بووین کە ئەستێرەکانی لێ پێکهاتوە، کەچی دەبینین لە عەزابدا غەرق بووین، یاخود کاتێک کە ڕاڤەی خۆشییەکی چڕوپڕ دەکەین، جگە لەوەی کە تەنها بەشێکین لەم دونیایە، هیچی تر نین.  

لوکرێتیەس، زۆر بە جوانی گوزارشت لەمە دەکات:

…ئێمە، هەموان لە هەمان توخمی ئاسمانی لەدایکبووین،

هەر هەموان خاوەن هەمان ئەو باوکەین،

کە عەرد، دایک دەمان ژێنێت،

دڵۆپە بارانی شەفافی بۆ دێتەخوارێ،

گەنمی گەشاوە ،

داری هەمیشە سەوز و،

رەگەزی مرۆ و،

رەگەزە دڕندەکان،

بەرهەم دەهێنێت،

ئەم نانەمان دەخاتە بەردەم کە هەموو بەدەنەکان گەشەدەکەن و،

رابەریمان دەکات بۆ

 ژیانێکی شیرین،

منداڵمان دەبێت.

خۆشەویستی و راسگۆیی بەشێکن لە سروشتی ئێمە. ئێمە عەوداڵین لە دوی فێربوونی زیاتر و بەردەوامبوون لە فێربوون بەشێکە لە سروشتی ئێمە. ماریفەتمان لەمەڕ دونیا لە گەشەگردندایە.

سنور لە بەردەم فێربوونماندا هەیە، ئیرادە و حەزی ماریفەتمان کڵپەی سەندووە. زانیاریمان بریتییە لە فێربوون سەبارەت بە پێکهاتەی فەزا، بناوانی کۆزمۆ، سروشتی زەمەن، دیاردەی چاڵە-رەشەکان و دەربارەی کارکردنی پرۆسەی بیرکردنەوە و خەیاڵاتمان. لێرە، لە کەناری ئەوەی دەیزانین، تەماسمان لەگەڵ پەنهانە نەزانراوەکاندا، بوون بە هۆی بەخشینی ڕەونەق بە ئەفسانە و جوانی دونیا. بە ڕاستی شتێکی خرۆشە.

سەرچاوە:

Seven Brief Lessons on Physics Paperback – June 2016

by Carlo Rovelli. Publisher: Penguin

image_pdfimage_print

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *