فیزیک لە یۆنان

”هەرچی شتێک کە گرنگە، لەوە بەر کەسێک گووتوویەتی بەڵام خۆی کەشفی نەکردووە.”  

ئەلفرێد نۆرت وایتمان (1947 – 1861)

کاتێک دێتە سەر رۆڵی یۆنانیەکان لە داستانی فیزیکدا، بۆمان دەرکەوت هەرچییەک سەبارەت بە یۆنانییەکان  بڵێین و باس بکەین، ئەنجامەکەی سەرتاپا جێگەی رەزامەندی نابێت. هەرچەندە فیزیکی یۆنانی وەک فیزیکی نیوتنی کامڵ نییە، بەڵام فەلسەفە و جیۆمەتری ئەکلیدسی یۆنانی هەتا ئێستااش  کاریگەری لەسەر بیرکردنەوەی ئنسان هەیە، لەبەر ئەم هۆیە، گەلێک لە خەسڵت و سیمای بیرکردنەوەی یۆنانیمان خستتوەتە دووتوێی ئەم باسەوە لەمەڕ فیزیک کە هەتا ئێستا پەیوەندییان بە فیزیکەوە هەیە.

فیزیک، بەو جۆرەی لە رۆژگاری ئەمڕۆدا دەیزانین و راڤەی دەکەین، لای یۆنانییەکان حزوری نەبووە، ئنسان دەتوانێت پێشبینی ئەوە بکات کە کۆمەڵگە لە چ ئاستێکدا دەبوو ئەگەر ئەرستۆ یان ئەرکەمیدس یاساکانی نیوتن لەمەڕ جوڵە و یاسای کێشکردنیان کەشف بکردایە. ئەمە جگە لەوەی فەیلەسوفان و ماتماتیکناسانی یۆنان هەر بە راستی، بە مانا گشتی و کامڵەکەی زانا نەبوون، بەڵگەی ئەمانەش تەواو لە سوربوونیان لەسەر تێڕامان لە ئاسمان، پێشبینی بەردەوام و داهێنانە ماتماتیکییەکانیاندا رەنگی داوەتەوە. ئەی کەواتە زانستی یۆنانەکان لە چیدا لە فیزیکی زانستی نیوتن جیایە یان بڵێین بە چی جیادەکرێتەوە؟ بە شێوەیەکی ورد لەوەدا جیادەکرێتەوە کە پرینسپی فیزیکی یان ئەو یاسایانەیان نەبوو کە ئنسان بتوانێت بە هۆیانەوە، لە تێڕامانە هەنوکەییاندا، رووداوەکان لە ئایندەدا پێشبین بکات یان شمولیتر بڵێین، بۆ ئەوەی زۆر لە دیاردە پەرش و بڵاوەکانی گەردون پێکەوە ببەستینەوە.

ژمارەیەکی زۆر کەم نمونە دەتوانێت ئەم جیاوازییە گرنگانەمان پیشان بدات و بۆمان رۆشن بکاتەوە. گرنگ نییە فەلەکناسانی یۆنانی، لە ڕێی تێڕامان و سەرنجدانەوە چەندە لەمەڕ جوڵەی هەسارەکان فێربوون، ئەو زانیارییانە بە تەنها بەس نین بۆ ئەوەی ئنسان بتوانێت دیاردەکانی سوڕی هەڵچوون و داچوون، رەوشی کەوتنە-خوارەوەی تەنەکان بە تەرزێکی ئازاد، یاخو سوڕانەوەی دوو ئەستێرەی هاوسێ(جووت ئەستێرە یان باینەری) بە دەوەی هەمان خاڵدا تێبگات یان پێشبینی بکات. یاساکانی نیوتن، لە لایەکی ترەوە، یارمەتی نیوتن خۆی و ئەو زانایانەشی دا کە وەدووی یاساکانی کەوتن، بتواننن تەفسیری هەر یەک لە جوڵەی هەسارەکان، هەڵچوون و داچون و دیاردەکانی تریش کە نمایشی هەمان هێزی فیزیکن، بە تایبەتی کێشکردن، بکەن و لێێان تێبگەن. هەر بە هەمان شێوە، بە بێ ئەوەی تێگەیشتنێکی قوڵیان لەسەر فشار هەبێت، یۆنانییەکان توانستی راڤەکردنی ‘پرینسپی ژێرئاوکەوتنی تەنەکان’یان نەبوو سەبارەت بە تەفسیرکردنی دیاردەی ئەتمۆسفیری گشتی هەروەک چۆن یاساکانی نیوتن ئەنجامیاندا. زانستی یۆنانییەکان سەرتاپا تەجریبی بوون و بنەمای یاساییان نەبوو.

بەڵام، لە هەمان کاتدا، ئێمە زۆر قەرداری یۆنانی کۆنین، بۆ ئەو ماتماتیک، تێڕامانی فەلەکی و پێشبینییەکانیان. هەرچەندە ماتماتیک فیزیک نییە، بەڵام بەشێکی گرنگی ماتماتیک، کە جیۆمەترییە و یۆنانییەکان تەواو تێێدا پسپۆڕبوون، ئەوەندە پەیوەندییەکی توند و تۆڵی لەگەڵ فیزیکدا هەیە بە جۆرێک کە خوێندنی جیۆمەتری یۆنانەکان لایەنێکی بنەڕەتییە لە توێژینەوە و خوێندنی خاسیەتی فیزیکدا. جیۆمەتری لە فیزیکدا گرنگە چونکە یاساکانی جوڵەی تەنەکان دەکرێت بە فۆرمی جیۆمەتری گوزارشت بکرێن. هەر هەمان شت راستە بۆ دیاردەکانی وەکو پەیوەندی فەزایی تەنەکان و وەسفی تەجریبی جوڵەی ئەو تەنانە. ئەگەر جیۆمەتریمان نەبوایە، ئەوا توانستی فۆرمولەکردنی یاسا فیزیکییەکانمان نەدەبوو کە زۆر بە وردی سودیان هەیە چونکە توانامان پێ دەبەخشن روداوە فەزاییە جیاوازەکان پێکەوە گرێ بدەین.

لە سەردەمی ئێستاماندا، دەزانین کە سێ جۆرە جیۆمەتری بوونی هەیە، ئەکلیدسی(فەزای تەخت)، هایپەربۆلی (فەزای چەماوەی نێگەتیڤی) و هێلکەیی(یان فەزای چەماوەی پۆزەتیڤی)، بەڵام یۆنانییەکان ئاشنایەتییان تەنها لەگەڵ یەک جۆردا هەبوو، ئەویش ئەکلیدسی بوو. ئەکلیدس تەنها ماتماتیکناس نەبوو لە یۆنانی کۆن کە رۆڵی هەبێت لە جیۆمەتری ئەکلیدیسیدا، بەڵکو هەر یەک لە فیساگۆرس، ئودۆکەسەسیش رۆڵیان هەبوو. فیساگۆرس (480-560) پێشزایین، قوتابخانەی برایانی فیساگۆرسی دامەزراند کە تەمەنی زیاتر لە دوو سەد ساڵ بوو، بە فراوانیش کاریگەری هەبوو لەسەر بیرکردنەوەی فەلسەفی و بیرکاری یۆنانی. سەبارەت بە ژیانی وی بڕێکی زۆر کەم زانیاری لە بەردەستدایە، بەڵام باوەڕی باڵادەست وایە کە زۆربەی ژیانی لاوی لە میسر و بابل گوزەراندووە و سەرقاڵی خوێندنی ماتماتیک بووە. کاتێک گەڕایەوە، دوای ئەوەی لە زێدی خۆی، سامۆس، سەغڵەت کرا، ناچاربوو کۆچ بکات بۆ کرۆتۆن، لە ئیتالیا و لەوێ نشتەجێ ببێت، لە 530 پێشزاییندا، قوتابخانەیەکی ماتماتیکی-فەلسەفی بونیاتنا. هەرچەندە دەرسەکانی فیساگۆرش لە سەرتاپای باشوری ئیتاڵیادا رۆڵی کاریگەریان هەبوو، بەڵام چونکە هەڵوێست و تێڕوانینی دژە-دیموکراسی بوو، خەڵک دژی وەستانەوە و سەرەنجام لە ساڵی 500 ی پێشزایین، خۆی و برایانی فیساگۆرس، ناچاربوون هەڵبێن بۆ مێتاپۆنتەم، ئیتر لەوێ هەتا دوا ساڵانی ژیا.

لای فیساگۆرسەکان، ژمارە هەموو شتێک بوو، باوەڕیان وابوو کە ئنسان دەتوانێت هەموو دیاردەکان لە سروشتدا بە زاراوەی پەیوەندی ژمارەیی بەرجەستە و تەفسیربکات، بەڵام هیچ رەچەتەیەکیان لەمەڕ چۆنیەتی دۆزینەوەی ئەم پەیوەندییانە پێشكەش نەکردین، هەربۆیەش دەبینین فەلسفەی ژمارەیی فیساگۆرسەکان شتێکی نەزۆک بوو. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، هەرچۆنێک بێت، هەروەک هەموو پرینسپە بنچینەییەکان، ژمارەلۆژی فیساگۆرسییەکان بەهایەکی ئەزمونی گەورەی لەوەدا هەبوو کە هانی فیساگۆرسییەکانی دا وەدوی خۆجێیی و هارمۆنی لە هەموو دیاردە سروشتییەکاندا بگەڕێن. ئەم گەڕانە زەمینەی خۆشکرد و یارمەتیدان لە دۆزینەوەی ئەو هارمۆنییەی لە نەغمە و ریتمی مۆسیقادا هەیە و لای ئەوان ئەم هارمۆنییە بەندە لەسەر رێژەیەکی رێکی ژمارەیی کە لە نێوان نۆتەی دەنگە هارمۆنییەکاندا هەیە.

ئەم فکرانەیان لە بۆتەیەکی گشتیدا گەڵاڵەکرد بۆ ئەوەی مۆدڵێکی هارمۆنی گەردونی پێشکەش بکەن، ئەمەش زیاتر بەو مەبەستەی تەفسیری جوڵەی بەرچاوی هەسارەکانی پێ بکەن، چونکە ئەم جوڵەیەیان بە نۆتەی مۆسیقای دەنگە جیاوازەکانەوە بەستەوە. ئەم تیورییە، پێێ دەگوترێت هارمۆنی هەسارە گۆییەکان، هەر ئەمەش کاریگەری هەبوو لەسەر یۆهان کێپلەر کە لە قۆناغی لاویدا هەوڵبدات جوڵەی هەسارەکان بەئۆکتاڤی جیاجیای ئیقاعە مۆسیقییەکان نمایش بکات.

لە رۆژگاری ئەمڕۆدا، فیساگۆرس بە تیورمە بەناوبانگەکەی، لەمەڕ جیۆمەتری، ناسراوە کە دەڵێت، لە سێگۆشەیەکی گۆشەوەستاودا، دوجای ژێ دەکاتە کۆی دوجای دوو لاکەی تر. ئەم پەیوەندییە سادەیە کە فیساگۆرسەکان سەلماندیان بۆ هەموو سێگۆشەیەک لەسەر رووتەختێک راستە، کراوەتە یاسایەکی شـمولی بۆ هەموو جیۆمەترییەکی چەند رەهەندی و جیۆمەتری نا-ئەکلیدسی. بەمجۆرە تیورمەکە بریتییە لە بناخەی تەفسیری جیۆمەتری هەموو یاسایەکی سروشت. لە راستیدا، تیورمەکەی فیساگۆرس، بە فۆرمە گشتییەکەی، خاڵی دەستپێکی تیوری گشتی نسبی ئاینشتاین و هەموو هیمەتێکی هاوچەرخانەی یەکخستنی یاساکانی سروشتە وەک نمایشێکی جیۆمەتری فەزا-زەمەن.

ئەکلیدس، بێگومان بە شاکارەکەی، بنەماکان، بەناوبانگە، ئەم کتێبە بریتییە لە 13 بەرگ، کە پێناس، دراو (فەرزیە) و تیورمەکان لەخۆدەگرێت، گەڵاڵە و کورتەی هەموو ماریفەتی ماتماتیکی یۆنانی کۆنە. کاریگەری ئەم شاکارە هێندە گەورەیە و جیۆمەتری سێ رەهەندی ئەکلیدیس سەدان ساڵە لە نێوان زانایاندا وەک تێڕوانینێکی جیۆمەتری بۆ فۆرمولەکردنی یاساکانی سروشت جێگای رەزامەندییە. هەر یەک لە میکانیکی نیوتن و ئەلکترۆموگناتیزمی ماکسوێڵ جیۆمەتری ئەکلیدسیان لە دوو توێی بونیاتی تیورییەکانیاندا بەرجەستە و گەڵاڵەکردووە. لە سەدەی نۆزدەدا گۆڕانی ریشەیی بەسەر جیۆمەتری ئەکلیدسدا هات، ئەویش کاتیک ماتماتیکناسانی گەورە کارل گاوس، نیکۆلای لۆباچێڤکی و جۆرج رەیمان دەستیانکرد بە ئاڵنگاری جیۆمەتری ئەکلیدسی، هەر زۆر بە تایبەتی ئاکزیۆمی پێنجەم، کە بە دوو هێڵە تەریبەکە بەناوبانگە و دەڵێت ” ئەگەر هێڵێکی راستمان هەبێت و خاڵێکیش لە دەرەری هێڵەکەدا هەبێت، ئەوا تەنها و تەنها یەک هێڵ دەتوانرێت بکێشرێت کە بە خاڵەکەدا بڕوات و بە هێڵەکەمان تەریب بێت.” گومان لەم ئاکزیۆمە، کە بە ئاکزیۆمی پێنجەم ناسراوە، بوو بە هۆی لەدایکبوونی جیۆمەتری نا-ئەکلدیسی هاوچەخ و زۆربەی هەرە زۆری تیوریە هاوچەرخەکان.

جیاوازی هەرە گەورەی فیزیکی هاوچەرخ لەگەڵ فیزیکی یۆنانیدا لەوانەیە بریتی بێت لەو تیورییە ئەتۆمییەی لە رۆژگاری ئێستادا لە ئارادایە و ئەو تیورییە ئەتۆمییە یۆنانییەی کە لەسەر دەستی دیموکریتس و قوتابخانە فەلەسەفییەکەوە سەری هەڵدا. دیمۆکریتس فەرزیەیەکی زۆر دانسقەی پێشکەشکرد کە دەڵێت،” هەموو مادە لە تەنۆڵکەی زۆر بچکۆلە پێکهاتووە و کە چی لەوە زیاتر کەرت ناکرێت(پێیان دەگوت ئەتۆم)”، ئەمانە لە زۆر رووەوە لە یەکتر جیاوازن، بۆ نمونە بارستایی، قەبارە و رەنگ. لەگەڵ یەک یەکدەگرن و فۆرمی تری مادە دروست دەکەن، هەوەک بەوجۆرەی لە گەردوندا دێتە بەرچاومان. ئەتۆمیستە یۆنانییەکان، چونکە هیچ وەسفێکی ماتماتیکییان بۆ حسابکردنی خاسیەتەکانی مادە یان پێشبینیکردنی هەر دیاردەیەکی مادە گەڵاڵە نەکردووە، هەر بۆیەش دەبینین تیوری ئەتۆمی وەک نەزۆک حسابی بۆ دەکرێت.

لە لایەکی ترەوە، تیوری ئەتۆمی هاوچەرخ بەندە لەسەر کارلێکی ئەلکترۆموگناتیکی پێکهاتە بارگاویە کارەباییەکانی ئەتۆمەکان کە هەتا بڵێی دیسپلینێکی زۆر وردی فۆرمولەکراو کە لە داهێنانە ماتماتیکی و پرینسیپە بنەڕەتییەکانی فیزیکەوە پەرەی سەندووە. بەمجۆرە، یارمەتی فیزیکناسان دەدات کە دیاردەکانی ئەتۆمی و مۆلیکیولی بە وردییەکی لەئاسابەدەر حساب بکات. یۆنانییەکان ئاشنایەتییان لەگەڵ کارەبا و موگناتیزمدا هەبوو، بەڵام هەرگیز دیاردەی کارەبا و موگناتیزیان بە دیاردەی ئەتۆمەکانی دیمۆکریتسەوە پێکەوە نەبەستووەتەوە.

لە نێو فەیلەسوفانی یۆناندا کە خۆیان خەریکردووە بە دیاردە فیزیکییەکانەوە ئەرکەمیدس پێگەیەکی گەورە و بەرچاوی هەبوو، ئەرکەمیدس نزیکترین فەیلەسوفە لەو زانستی ئەتۆمییەی ئەمڕۆ فیزیکناسان دەیخوێنن. ئەرکەمیدس (212 – 287 پێشزایین)، کە کوڕی فەلەکناسێک بوو بە نێوی فیدیاسەوە، لە سیراکەس لەدایکبووە، هاوڕێیەکی نزیکی پادشا هیرۆن بوو، کە حاکمی دەڤەرەکە بوو. بەشێكی ژیانی لاوێتی خۆی لە میسر بەسەربردووە، ماتماتیکی لەسەر دەستی ئوستادانێک خوێندووە کە لەوەبەر شاگردی ئەکلیدس بوون. دوایی گەڕایەوە بۆ سیراکەس، لەوێ هەتا کۆتایی ژیانی مایەوە.

ئەرکەمیدس بە تەرزێک تیوری و تاقیکردنەوەی یەکخست کە زۆر هاوشێوەی میکانزمی زانستییانەی رۆژگاری ئەمڕۆیە، بەڵام هیچ پرینسپێکی زانستی بنەڕەتییانە لە کارەکانییەوە لەدایک نەبووە. تێکۆشاوە کە چۆن ئەکلیدس جیۆمەتری کردووە، ئاوا زانست ئەنجام بدات، چونکە مەبەستی بوو بیسەلمێنێت کە ئنسان دەتوانێت ماریفەتی زانستی کورت بکاتەوە، هەروەک چۆن مرۆڤ دەتوانێت تیورم لە فەرزییە خۆ-روونەکانەوە (self-evident) گەڵاڵە بکات. بە داخەوە بڕێکی زۆر کەم زانیاری دەربارەی ئاکزیۆمەکانی ئەرکەمیدس ماوە.

کە دەڵێین ئەرکەمیدس تاقیکار و داهێنەرێکی گەورەبوو، پاشان قوتابییەکی رژدی سروش بووە، ئەمەش زیاتر لە دۆزینەوە و توێژینەوە ماتماتیکییەکانیدا بەدەردەکەوێت. چونکە تاقیگەیەکی پڕ ئامێری نەبوو بۆ ئەوەی تاقیکردنەوەکانی تێدا ئەنجام بدات، هەر بۆیە دەبینین ناچاربووە روبکاتە تاقیکردنەوەی خەیاڵبافی، ئەمە سیمای هەرە گەورەی زانایانی مەزنە. زیاتر بە دۆزینەوەی پرینسپی سەرئاوکەوتنی تەنەکان بەناوبانگە(پێێ دەڵێن پرینسپی ئەرکەمیدسی)، جگە لەوەی پێدەچێت یاسای پەرچدانەوەی فەزایی روناکی لە ئاوێنەوە زانیبێت. داهێنەکانی بریتین لە برغوی ئەرکەیدس، کە بریتی بوو لە ئامڕازێک بۆ سەرخستنی ئاو لە جێگایەکی نزمەوە بۆ بەرز، زیاتر جوتیارانی میسر بەکاریان دەهێنا، مۆدڵێکی ئەسترۆنۆمی بونیاتنا، کە زۆر بە وردی تێڕامانی لە ئاسمان پێ ئەنجام دەدرا. ئەرکەمیدس پسپۆڕی و بلیمەتی ماتماتیکییانەی خۆی لە کورتکردنەوەی بەهای پای(رێژەی نەگۆڕ) بە تەرزێکی جیۆمەتری زۆر دانسقە خستەگەڕ، پای بریتییە لە رێژەی چێوەی بازنە بۆ تیرەکەی کە هەمیشە دەکاتە ژمارەیەکی نەگۆڕ. بازنەیەکی هێنا، لە ناوەوە و دەرەوەی بازنەکە، فرەلای کێشا، یەک لەدوای یەک ژمارەی لاکانی لە ناوەوە و دەرەوەی چێوەی بازنەکە زیادکرد ئیتر هەتا گەیشتە ئەوەی کە فرەلاکانی دەرەوە و ناوەوە لە یەکگرتن نزیک بوونەوە. ئەرکەمیدس ژمارەی لاکانی لە دەرەوە و ناوەوە گەیاندە 96 لا. چێوەی بازنەکە نزیکبووەوە لە چێوەی فرەلاکە، ئەمە بۆ خۆی داهێنانێک بوو کە دەتوانرێت ژمارەی کەرتەکانی بەهای پای بگەینێتە بڕێکی ناکۆتا.

ئەرکەمیدس نامیکەلەی بەناوبانگی لم-ژمێری نووسیوە، تێیدا ئەوەمان بۆ واڵادەکات کە ژمارە کۆتادارە زۆر گەورەکان بە راستی جیاوازییان هەیە، هەروەک لە سەرەتای نامیلکەکەدا نوسراوە: ”پادشا گێلۆن، هەندێک خەڵک هەن، وا بیردەکەنەوە کە ژمارەی دەنکە لمەکان لە بڕدا ناکۆتایە. مەبەستم لە دەنکە لمەکان هەر ئەو لمە نییە کە لە سیراکەس و سیسیلی هەیە، بەڵکو ئەو هەموو لمەی لە هەموو شوێنێک دەبینرێت کە ئاوادانە یان چۆڵە. ئنجا، خەڵکانێک هەن، بێ ئەوەی حسابی ئەوە بکەن کە ناکۆتایە، وای بۆ دەچن کە هیچ ژمارەیەک نییە بە پێی پێویست گەورەبێت کە لەو بڕە زیاتربێت.” ئەرکەمیدس ئەوەی حسابکرد کە چەند دەنکە لم لە تۆوی خەشخاشدا جیگای دەبێتەوە، ئنجا چەندە دەنکە لم پێویستە بۆ ئەوەی یەکسان بێت بە تیرەی پەنجەیەک پڕبکات، پاشان ئەگەر لە دووریدا بەردوام بین و چەندە پێویستە بۆ 10000 ستادیا(یەکەیەکی پێوانەی دووری کۆنی یۆنانییە، کە دەکاتە 607 پێ). ئەرکەمیدس بەردەوام دەبێت هەتا دەگاتە ئەو بڕە ژمارەیەی دەنکە لمەکان کە پێویستە هەموو گەردون داپۆشێت یان پڕبکات. لەمانەش گرنگتر ئەو شێوازە سادەیە بوو کە لە مامەڵەی ئەم ژمارە گەورانەدا تەبەننای کردووە

ئەرکەمیدس لە تەمەنی 75 ساڵیدا مرد، ئەویش کاتێک سیراکەس، دوای گەمارۆیەکی دوورودرێژی دڕندانەی رۆمەکان، دواجار شکستی هێنا و کەوت. بەڵام شەڕەکە درێژەی کێشا چونکە ئەرکەمیدس گەلێک ماشێنی زیرەکانەی بۆ مەبەستی بەرگری لە شارەکە بونیاتنا. هێربێرت وێستێرن تەمبڵ، نوسەری ماتماتیکناسانی مەزن، لەم بارەیەوە دەڵێت،” مارسیلەس، سەرکردەی رۆمەکان، فەرمانیدا ئەرکەمیدس بە زیندوویی ئەسیر بکەن چونکە پاپۆڕەکانی لەشكرەکەمانی کردووە بە دەفر و دەریاش بە مەنجەڵێک، بە کەوچکیش ئاوی دەریا دەڕێژێتە ناوییەوە، بە موشەکەکانی شەل و کوتی کردووین و بە جارێک هێرشەکەی ئێمەی وەستاندووە، ئیشی سەد دێوی سەد-سەر دەکات.” بەمجۆرە سەرباری ئەوەی بە هیمەتی ئەرکەمیدس بەرگرییەکی نەبەزانەیان لە شارەکە کرد، بەڵام لای وی شەڕەکە جگە لە پرۆسەیەکی راڤەکردنی میکانیکی هیچی تر نییە، ئەمە بۆ خۆی بە بەراورد لەگەڵ جیومەترییەکەیدا شتێکی ئەوەندە گرنگ نەبوو، بەڵکو زۆر کەمتریش بوو. سەرەنجام شارەکە لەبەردەم هێرشی دڕندانەی رۆمەکاندا شکستی هێنا و تەسلیم بوو، لەشکر و سەربازی رۆمەکان بە لێشاو لە هەموو دەروازەکانەوە هاتنە ژوورەوە. ئەرکەمیدس هەرگیز لە کار و بیرکردنەوەی ماتماتیکییانە بۆ ساتێکی بچکۆلەش هەڵوێستەی نەکردووە، کە دەگەڕێتەوە، لە کەنار دەریا بۆ خۆی لەسەر لمەکە سەرقاڵی کێشانی نەخشی ماتماتیکی دەبێت، بە جۆرێک غەرقی بیرکردنەوە دەبێت، کە هیچ هۆشی لە دوژمن نییە لە کوێوە دێن، لە ناکاو سەربازێکی رۆمانی دێتە سەری و یەکسەر دەیکوژێت. ماتماتیکناسی ئنگلیزی ئەلفرێد وایتهێد، ساتی کوشتنی ئەرکەمیدس بە کۆستێکی گەورەی مێژوویی حساب دەکات چونکە رۆمانەکان رەگەزێکی گەورە بوون، بەڵام نەزۆک بوون، پراکتیکی نەبوون، بە پێی پێویست خەونیان نەبوو بۆ ئەوەی بگەنە دونیابینی نوی، کە ئامرازێکی بنەڕەتییە بۆ زاڵبوون بەسەر هێزەکانی سروشتدا، بە کورتییەکەی هیچ رۆمانییەک ژیانی خۆی نەکردووتە قوربانی لەبەر ئەوەی غەرقی بیرکردنەوە و خەیاڵاتی نەخش و نیگاری ماتماتیکی بێت.

دواجار دێینە لای ئەرستۆ (322-384 پێشزاین). بەناوبانگترین شاگردی ئەفلاتون بوو، ئەو زاتە گەورەیەی نزیکەی سەد ساڵێک پێش ئەرکەمیدس هات. لە ستاگیرا لەدایکبووە، فەلسەفەی ئەرستۆ بۆ زیاتر لە دوو هەزار ساڵ باڵی کێشا بەسەر هەموو بوارەکانی بیرکردنەوەی ئنساندا، هەر لە فیزیا و کەشناسییەوە بیگرە هەتا دەگاتە بایۆلۆژیا و سایکۆلۆژیا. بابی ئەرستۆ دکتۆری تایبەتی کۆشکی شاهانە بوو لە مەکدۆنیا، پێدەچێت رۆڵی بەرچاوی هەبووبێت لە خولیا بەراییەکانی منداڵی ئەرستۆدا، بە تایبەت لە بایۆلۆژیا و پۆلێنکردنی زانستەکاندا. هەر بە منداڵی هەتیو دەکەوێت، زوو لە ساڵی 367 پێشزایندا دەچێتە ئەکادیمیاکەی ئەفلاتون، بیست ساڵ لای ئەفلاتون دەخوێنێت، کە زۆر زوو دەرکی بە گەورەیی و بلیمەتی ئەرستۆ کرد. دوای مردنی ئەفلاتون لە ساڵی 347 پێشزاین، چەندین ساڵ بە نێو مەملەکەتەکانی یۆناندا دەگەڕیت، دواجار دەگەڕێتەوە بۆ زێدی باوانی لە مەکدۆنیا و دەبێت بە ئوستادی خسوسی میری مێردمنداڵ، ئەسکەندەری گەورە. دوای گەڕانەوەی بۆ ئەسینا، ئەرستۆ قوتابخانەی تایبەتی خۆی دادەمەزرێنێت و ناوی دەنێت ”لیسییەم”، کە شاگردێکی زۆر لە هەموو گۆشە و کەنارێکەوە رادەکێشێت. بە پێچەوانەی ئەکادیمیاکەی ئەفلاتونەوە، کە تەرخان بوو بە ماتماتیک و فەلسەفەی سیاسی، قوتابخانەکەی ئەرستۆ جەختی کردووەتە سەر بایۆلۆژیا و زانستە سروشتییەکان. ئەرستۆ باوەڕی وابوو تێڕامان و وردبوونەوە ئامرازی بنەڕەتی خوێندنی زانستن، هەر ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە بوو هانیدا کە مێژوویەک لە نەخشە و ژمارەیەکی بێشومار لە دەستنوس، بە گوتار و موحازەرەکانی خۆیەوە، کۆبکەنەوە، ئەمە پرۆگرامێکی توێژینەوە بوو کە زەمینەی خۆشكرد بۆ دامەزراندنی بناغەیەک بۆ مێژووی فەلسەفەی سروشتی، ماتماتیک، ئەسترۆنۆمی و پزیشكی یۆنانی، دوایش کتێبخانە و مۆزەخانەی گەورەی ئەسکەندەریەیان بونیاتنا. ئەگەر باوەڕ بەگوتەکەی پلاینی مێژوونوس بکەین کە دەڵێت،” ئەسکەندەر فەرمانیدا بە هەموو راوچیان، ماسیگران و باخەوانان کە هەرچی مادەیەکی گیانەوەری و رووەکی ئەرستۆ داوایدەکات بۆی پەیدابکەن، هەندێک نوسەری تری یۆنانی پێمان دەڵێن، جارێکیان هەزاران پیاوی لەبەردەستدا بووە، بە سەرتاپای خاکی یۆنان و ئاسیادا بڵاوبوونەتەوە، جۆرەها نمونەیان لە گیانەوەر و گوڵ و گوڵزارکۆکردوەتەوە و خستوویانەتە بەردەم ئەرستۆ.”

لای ئەرستۆ ماتماتیک کلیلی بونیاتنانی مۆدڵێک بوو بۆ رێکخستنی زانست. پێدەچێت کاتێک ئەم ئینتیباعەی لا گەڵاڵە بووبێت کە لە ئەکادیمیاکەی ئەفلاتون قوتابی بوو، چونکە لە ئەکادیمیاکەی ئەفلاتوندا ماتماتیک ئامێری گفتوگۆی دیالەکتیکی بوو کە زۆر بە جدی دەخوێندرا بۆ توێژینەوە لەو فەرزییانەی تەبەننا کرابوون بۆ بیرکردنەوەی لۆژیکی. ئەرستۆ بە جۆرێک لە بونیاتی زانستی دەڕووانی کە بریتییە لە سیستەمێکی ئاکزیۆمی و بە هۆی پاسادان و پرینسپە بنەڕەتییەکانەوە تیورمەکانیان دادەتاشی. هەندێک لەمانە خەسڵەت و مولكی زانست بوون( بۆ نمونە، فەرزیەکان، Hypothesis  و پێناسەکان definitions ، کە مەبەست لە پێناسەکانی ئەکلیدسە)، هەندێکی تریان زیاتر لە سیستەمێک راڤەیان هەبووە ( بۆ نمونە، ئاکزیۆمەکان axioms کە پەیوەست بوون بە چەمکە باوەکانی ئەکلیدسەوە). هەرچۆنێک بێت، هەوڵدانەکەی ئەرستۆ بۆ بەکارهێنانی ماتماتیک وەک ئامرازێکی شمولی پێوستی بەو دیالەکتیکە بوو کە ئەفلاتون هەواداری بوو وەک رۆڵێکی یاریدەدەر پەنای ببرێتە بەر کاتێک ماتماتیک توانستی ئازادکردنی زانستی لە بازنەکەیدا نەبوو.

سەرباری ئەوەی ئەرستۆ بە هەقەت شایانی پیاهەڵدانە لە سیستەمی پۆلێکردندا، کە کاریگەرییەکی بەهێزی کردووەتە سەر پەرەسەندنی بایۆلۆژی، بەڵام رۆڵی لە فیزیکدا ئاساییە. کتێبی فیزیک تێکەڵێکی میتافیزیکی بوو کە مەبەستی مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسانەدا بکات کە لە ناکۆتا و زەمەن دەست پێ دەکات هەتا دەگاتە جوڵە و فەزا. گەرچی سەربوردەیەکی بەهای مێژوویی تۆماردەکات، چونکە تەرزی ئەرستۆ دید و بیروڕا دێرینەکانی پێش خۆی دەگێڕیتەوە، هەر لە پێش – سوکراتەوە هەتا رۆژگاری سەردەمی خۆی. هەرچۆنێک بێت ئەمە بۆ مەبەستی ئەوە نەبووە کە سەرنجی خوێنەر بۆ لای فەیلەسوفانی پێش خۆی و رۆڵیان لە فەلسەفەی سروشتی راپێچ بکات ، بەڵکو زیاتر ئامانجی ئەوەبوو کە بڕواکانیان هەڵبسەنگێنێت، رەتیان بکاتەوە و رەخنەیان لێ بگرێت. ئەمە جگە لەوەی فیزیک زۆر بە کەمی دەربارەی ماریفەتی  ئەسترۆنۆمی دەدوێت بە راشکاوی تێڕووانینی فیساگۆرسەکان، کە دەڵێت خۆر چەقی گەردونە، رەت دەکاتەوە. بەڵام بانگەشە و تێڕوانینەکانی لە بواری کەش و هەوا لەمەڕ پرۆسەی بەردەوامی گۆڕانی دونیا شتێکی ئیلهامبەخشە: بۆ نمونە، خۆر ئاوی دەریاکان دەکات بە هەڵم، روبار و کانیاوەکان وشک دەکات، دواجاریش ئۆقیانوسە بێ کەنارەکان دەگۆرێت بۆ بەردی پوخت، ئەمە لە کاتێکدا شێ و هەڵم کە بەرزدەبنەوە، پێکەوە یەکدەگرن و هەور دروست دەکەن، وەک باران دەبارێن، دیسانەوە رۆبارەکان و دەریاکان پڕدەکەنەوە. لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، ئەرستۆ نەیتوانی گەڵاڵەی تێڕامانەکانی خۆی بکات و پێشبینی کڵێشە پەنهانییەکانی سروشت بکات و تیورییەکی بە سوود لەمەر دونیای واقیعی بەرجەستە بکات.

بەڵام تێکۆشاوە تیورییەک لەمەڕ جوڵە پەرەپێبدات کە رەوشی جوڵە-وزەی هەموو تەنە بەرچاوەکان تەفسیربکات، هەر لە ئەستێرەکانەوە هەتا دەگاتە تەنە عەردییەکان. لە شیکارەکانیدا لەمەڕ جوڵەی تەنەکان دووچاری چەواشەیی بوو، ئەویش لەسەر ئەو بنەمایەی کە دەکرێت تەنێک لە حالەتی جوڵەدا بمێنێتەوە تەنها ئەگەر بێتوو تەنەکە تەماسی راستەوخۆی لەگەڵ بزوێنەرێکی بەردەوامدا هەبێت. ئەگەر بزوێنەرەکە تەماسی لەگەڵ تەنەکەدا پچڕی، ئەوا تەنەکە لەو ساتەوەختەدا لە جوڵە دەوەستێت، ئەرستۆ هیچ فکرەیەکی لەمەڕ چەمکی سرەوتن نەبوو، هەر بۆیەش کەوتە هەڵەوە و لە دۆزینەوەی یاساکانی جوڵەدا فەشەلی هێنا.

بۆ لێکدانەوەی رودانی دیاردەکە، ئەرستۆ مەزهەبی هۆکان پێشکەش دەکات، کە لە چوار هۆی بنەڕەتیدا کورتی دەکاتەوە، پێیان دەڵێت مادی، فەرمی، تەواو و کۆتا. لێردەا ئەم چوارە باس دەکەین تەنها بۆ ئەوەی پیشانی بدەین کە بیرکردنەوەی ئەرستۆیی چەندە دوورە لە چەمکی هاوچەرخانەی هۆکار. ئەرستۆ پێداگرییەکی توندی لەسەر تێڕامان کردووە، بەڵگەی ئەمەش بریتییە لە دۆزینەوە جیۆجۆلۆجییەکان و سیستەمی پۆلێنکردنە بایۆلۆژییەکایەکانی. رۆڵی ئەرستۆ لەم بوارانەدا هێشتا مایەی سەرنجدان و زامنی خۆیان هەر هەیە.

گەڵالەی گشتی ئەمەیە. فیزیکی یۆنانییەکان سیمایەکی نایابی نەبوو، بەهای هەرە بەرزی بریتی بوو لە پیشاندانی نەزۆکی فەرزییەیەکی زانستی پوخت ئەگەر هاتوو ئەو فەرزییەیە هیچ هەیبەتێکی بناغەیی تیوری نەبوو کە ماتماتیکێکی تۆکمە پشتگیری نەکات. یۆنانییەکان گەلێک هەقیقەتی سەرنجڕاکێشیان لەمەڕ سروشت دۆزییەوە، بەڵام زانستەکەیان بەرەوپێش نەچوو چونکە هیچ پرینسپێکیان نەبوو رێنماییان بکات لە بونیاتنانی زانستێک کە توخمی خۆی گەشەبکات. لەگەڵ ئەوەشدا، باوەڕمان وایە کە دەتوانین شتێکی گرنگ لە یۆنانییەکانەوە فێربین، سەبارەت بە فیزیکی هاوچەرخ لە قۆناغێکی خەتەردایە چونکە بەرەو هەیکەلێکی تیوری بێ هەقیقەت پەرەبسێنێت. هەرچەندە یۆنانییەکان یەکێتییەکی فۆرمالیستی ماتماتیکییان نەبوو کە بە هۆیەوە بتوانن بناغەیەکی تۆکمەی تیوری بۆ فیزیا پەرەپێ بدەن، بەڵام لە بانگەشەکانیاندا زیرەک و خاوەن بەهرە بوون. ئەمڕۆش، هەر بە هەمان شێوە، شتێکی هاوشێوە باڵیکێشاوە بەسەر هەموو قۆناغە پێشکەوتووەکانی فیزیکدا؛ بۆ نمونە، فیزیکی تەنۆڵکەی بەرایی لە دەریای فۆرمالیزمدا نقوم بووە. پەیپەر لە دوی پەیپەر، پڕە لە هاوکێشەی ماتماتیکی ئاڵۆز، بەڵام دوور لە کورتکردنەوەی ژمارەیی، رۆژانە لە زۆربەی هەرە زۆری ژورناڵە ناودارەکانی فیزیکدا بڵاودەکرێنەوە. غیابی ژمارە لە کۆتایی هەموو پەیپەرەکاندا نیشانەیەکی ئاشکرایە بۆ ناتەندروستی فیزیکی رۆژگاری ئەمڕۆ، ئەمە ئەوە دەردەخات کە تیوریستان گفتوگۆ لەسەر گەردونێکی خەیاڵی و تەخشان دەکەن وەک لە یەکێکی واقیعی.

شێرکۆ رەشید قادر کردویە بە کوردی

image_pdfimage_print

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *